وتار
وەرچەرخانێکی گرژتر لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیادا

فەرید ئەسەسەرد

پاش لێدوانە یەکلاکەرەوەکەی سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان سەبارەت بە پەشیمان نەبوونەوەی لە کڕینی سیستمی موشەکی ئێس ٤٠٠ی روسی، پەیوەندییەکانی تورکیا -ئەمریکا چوونە قۆناغێکی گرژترەوە. سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ دانی بەخۆیدا نەگرت و تووشی شۆک بوو. دەم و دەست ھەڕەشەی کرد کە تا کۆتایی تەموز ھیچ ناکا، بەڵام لەوە بەدواوە دەستی ئاوەڵا دەبێ و دەست بە سزادان دەکات.

خاڵی سەرنجڕاکێش لە مەسەلەکەدا ئەوەیە کە واشنتن ھەرچەند مەسەلەی کڕینی سیستمی ئێس ٤٠٠ی زۆر بەھەند وەرگرتووە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا بە پشوودرێژی مامەڵە لەگەڵ تورکیا دەکا و خۆی لە بڕیاری بە ‌پەلە دەپارێزێ. ئەمەش نەریتێکە لە سەرۆکێکی وەک ترەمپ ناوەشێتەوە کە زۆربەی بڕیارەکانی ھەڵچوونیان پێوە دیارە و بە چاکی لێیان نەکۆڵدراوەتەوە.

ئەردۆغان کاتێکی گونجاوی بۆ راگەیاندنی بڕیارە یەکلاکەرەوەکەی ھەڵبژاردووە، چونکە لەلایەک ئەمریکا ھەڕەشەی ھێرش کردنە سەر ئێران دەکات و لە لایەکی ترەوە ئەمریکا لە سەروبەندی شەڕێکی ئابوورییە دژ بە چین و لەولاشەوە روسیا و چین گەیشتوون بە سازان بۆ کۆتایی ھێنان بە ھەژموونی دۆلاری ئەمریکی لە جیھاندا.

وەک دەردەکەوێ، ترەمپ لە یەک کاتدا لە چەند بەرەیەک دەجەنگێ. ئەمەش وای لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کردووە، بە سەرلێشێواوییەوە ھەنگاو بنێ و بەرچاو روون نەبێ.

واشنتن ھەڕەشەی کردووە کە لێرە بەدواوە تورکیا لە شەریکایەتیی پیشەسازیی سوپایی دەردەکا و نە فڕۆکەکانی ئێف ٣٥ رادەستی تورکیا دەکا و نە فڕۆکەوانەکانی مەشق پێ دەکا. بەڵام واشنتن ھەر بەوە داناکەوێ، بەڵکو بە دڵنیاییەوە پاش تەموز دەست بە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر تورکیادا دەکات.

شتێک ھەیە وا لە ترەمپ دەکا پەلە لە سزادانی تورکیا نەکات. رەنگە ئەو شتە ئەوە بێ کە ھێشتا ترەمپ بێئومێد نەبووە لە ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کڕینی سیستمی ئێس ٤٠٠ی روسی، بەتایبەتی کە ئەردۆغان لە رەوتی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە مەرجەکانی کڕینی ئێس ٤٠٠ی روسی لە مەرجەکانی کڕینی سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی باشترن.

کەس نازانێ ئەم قسەیە بە مەبەست کراوە یان بێ مەبەست. بەڵام ئەگەر وامان دانا کە قسەکە بە مەبەست کراوە، پەیامە شاراوەکەی بەمجۆرە دەبێ کە ئەگەر واشنتن مەرجی باشتر بۆ کڕینی سیستمی موشەکی پاتریۆت بڕەخسێنێ، ئەوا تورکیا پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا دەکات و واز لە کڕینی سیستمی ئێس ٤٠٠ دێنێ. ئەگەر ئەمە وا دەرچوو، تورکیا بە دڵنیاییەوە مەرجی دەبێ، لەوانە بەدەستھێنانی کۆمەکی پێویست بۆ چاککردنی باری ئابوورییەکەی. ھەروەھا دەشێ تورکیا داوا بکات رێی پێ بدرێ دەستئاوەڵا بێ لە کڕینی نەوتی ئێران.

بەڵام لە ئەگەری پەشیمانبوونەوەی تورکیا لە گرێبەستی کڕینی ئێس ٤٠٠، تورکیا بەر غەزەبی روسیا دەکەوێ و ئەم غەزەبە لە ئیدلب و سەرتاسەری ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سوریا رەنگدەداتەوە.

سەرەڕای ھەموو شتێک، ھێشتا تورکیا کاری گرنگی بەدەستەوەیە. لە دۆخی سووربوونی لەسەر کڕینی سیستمی ئێس ٤٠٠ دا، تورکیا ھەر ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە کە پەیوەندی بە کامپی روسیا – چینەوە بکا. ئەمەش سەرئێشەیەکی زۆرتر بۆ سیاسەتی ئەمریکا دروست دەکا.

لە ھەمووی ناخۆشتر بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە ئێران لە ھەردوو سەری ھاوکێشەکەدا براوە دەبێ. ئەگەر تورکیا مەرجی کڕینی نەوتی ئێرانی بەرامبەر بە وازھێنان لە کڕینی ئێس ٤٠٠ دانا، ئێران قازانج دەکا. ئەگەر گرێبەستەکەی ئێس ٤٠٠ یش، بەو جۆرەی کە روسیا و تورکیا پلانیان بۆ داناوە، ھەر بەردەوام بوو، تورکیا بۆ بەرپەرچدانەوەی سزاکانی ئەمریکا، ئابڵوقەی سەر ئێران دەشکێنێ و پابەند نابێ بە بایکۆت کردنی کڕینی نەوت لە ئێران. لێرەش ھەر ئێران قازانج دەکا.

لە لایەکی ترەوە، ئەم دۆخە ھەمووی بەسەر یەکەوە، ژینگەیەکی لەبار بۆ بەڕێوەچوونی پلانە ستراتیجییەکەی ئەمریکا بۆ بانگەشەکردن بۆ (گرێبەستی سەدە) بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین پێکناھێنێ.

لە ناو ئەم ھەموو جەنجاڵەدا، فاکتەرێکی شاراوە یاخود نیمچە شاراوە ھەیە کە پەیوەندیی بە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی داھاتووەوە ھەیە. ترەمپ کە نیازی خۆکاندیدکردنی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ھەیە، پلانێکی وای دانابوو کە ھەموو ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چوار ساڵی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بەدیبێنێ، لە کاتێکدا ھەموو ئەوەی کە ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپ ھەوڵی بۆ داوە، ھیچی لێ سەوز نەبووە و جیھانی بردۆتە سەر لێواری جەنگ. ئەگەر لە ماوەی ئەو ساڵ و نیوەی لەبەردەم ترەمپ دایە، ئەمریکا لە بوارێکی زەقی سیاسەتی دەرەوەدا سەرکەوتنێکی گەورە و بەرچاو بەدەست نەھێنێ، زۆر ئەستەم دەبێ ترەمپ یان ھەر کاندیدێکی دیکەی پارێزگارە تازەکان، لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتوو بێت. بۆیە دەبێ بە بایەخێکی زۆرەوە بڕوانرێتە فاکتەری ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە فشارێکی زۆری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دروست کردووە و وای لێ دەکا ھەنگاوەکانی، بەقەد ئەوەی کە پێویستە، ھاوسەنگ و تاوتوێکراو نەبن.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.