وتار
لە لەدایکبوونەوە نوسراوە کە دەبێ سەر بە کێ بین!

د.میران میراودەلی

بۆ ھەر حزبێک ئاڵایەک ھەیە، رەنگی ئاڵاکانیش گەورەترین جیاوازی نێوان حزبەکانە. پێناچێت تەنانەت ئەندامە پێشکەوتووەکانیش دروشمەکانی چواردەوری لۆگۆی حزبیان لەبیرمابێت یان بۆیان گرنگ بێت. 

ھەڵەیە ئەگەر پێمانوابێت ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە نائومێدن، تاکی کورد لەم ناوچەیە ئومێدی بە ھەموو شتێک ماوە جگە لە سیاسەت، رۆژانە دەیان ھەزار ھەواڵ و چالاکی لە بارەی ھەڵوێستی حزب و بارودۆخی سیاسی و کۆبوونەوە و چالاکی پەرلەمانتار و پرۆژە و دانوسان و پێکاگیرسان و پێکھەڵپژان بڵاودەکرێتەوە، سەرئەنجام چی دەبێت؟ بێگومان ھیچ! کەواتە ئەم ھەموو تەلەفزیۆن و رادیۆ و سۆشیال میدیایە چی دەکەن؟ گریمان ئەوان لە نێو روداوە سیاسیەکاندا بەدووی بژێوی ژیانی خۆیان دەگەرێن، بەڵام ئەی بینەر و بیسەرەکانیان چی دەکەن؟ لەنێو ئەوپەری بێ ھیوایی سیاسییدا چۆن دڵیان دێت تەمەنی شیرینی خۆیان بکەنە قوربانی و کاتی بەنرخی خۆیان لە ئاگردانی ھەزاران ھەواڵی بێ ئەنجامدا بسوتێنن.

لەکاتێکدا ھەموان دەزانن و دڵنیان ھیچ یەکێک لە حزبەکان شتێکی جیاواز پێشکەش ناکات، لە کاتێکدا دەزانن ئەمانەی تریش کە دێن لەوانی پێشوو باشتر نابن بەڵام ھێشتا ھەمووان گوێ بۆ وتار و لێدوانەکانیان شل دەکەن، راستە کە دەڵێن ئینسانی کورد عاتفیە و پێدەچێت ئەو ھەموو پەرۆشیەمان بۆ ھەواڵەکان لەروانگەی خەمخۆری بێت بۆ ھەزاران رۆژنامەنوس تاوەکو بێکار نەبن.

چیتر ھۆگربوون بۆ رەنگی ھەر حزبێکی سیاسی پەیوەندیەکی سایکۆلۆجی پێش لەدایک بوونە و پەیوەندی بە بەرنامەی سیاسی و ئایدیۆلۆجیا نەماوە، مرۆڤ کە لە ئاکرێ لەدایک دەبێت زۆرترین ئەگەری ھەیە ببێتە پارتێکی سیاسی، بەڵام گەر لە کەرکوک لەدایک ببێت ئەگەری بوونە حزبەکەی ئەملای زۆرترە، لە سلێمانی لەدایکببیت ھەندێکی فاکتەری تری تێکەڵ دەبێت بۆ نموونە؛ سەرەتا دەبێتە حزبی خەبات و شەھیدان و گەر دەرفەتی بۆ نەرەخسا دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی کۆن و دواتریش ئۆپۆزسیۆنی نوێ، ھەمووشی تەنھا یەک ئامانجە و گۆرانی بەسەردانایەت، پشتی ترومبێلێکی پیکابە و لە کام گردەوە بەرێ بکەوێت بۆ ھەمان شوێن دەچێت، دەموچاوی ئەم گەنجانەش ھەمان دەموچاوی ئەو پێشینانەیانە کەھەر خۆیان گلەییان لێ دەکردن.

ئێستا ئیتر یەک رەنگی سیاسی باڵی بەسەر ئەم جوگرافیایەدا کێشاوە، تەنھا ئەوەندە ھەیە ئەوەی درەنگ ئەگاتە جێ، ھەروا کە لە رێگاوە بۆ ئێرە دێێ، تۆزێک پرتە و رەخنە و بۆڵەی لێدێ، ئەم روداوانە بەردەوام دوبارە دەبنەوە و ھاوڵاتیش لەبەردەم ھەواڵنامەی تەلەفزیۆنەکاندا دانیشتووە، تۆ بڵێی کەناڵەکانی تر فیلمێکی خۆشتر پەخش نەکەن؟

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
د.بەختیارشاوەیس
د.بەختیارشاوەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.