وتار
خۆ ئەوەمان لەدەست دێت!

عومەر گوڵپی

ناکرێت لە حکومەت کارمەند، پزیشک، مامۆستا، ئەندازیار بیت، بەرپرس و بەرێوەبەرو بەرێوەبەری گشتی و وەزیر بیت، لە ھەمان کاتیشدا لە کەرتی تایبەت بە ھەمان ناونیشان یان ناونیشانی تر خەریکی کەسابەت بیت، ھیچ دەرفەتی تێدا نییە، لێرەدا قوربانییەکە کەرتی گشتی و ھاووڵاتیانن.

کارکردن لە ھەردوو بواری حکومەت و بازاڕیش، کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵکێک زیاتر لە ئیشێکیان ھەبێت و زیاتر لە سەرچاوەیەکی داھاتیان ھەبێت، خەڵکێکیش ھیچ ئیشێکی دەست نەکەوێت و بێکار بمێنێتەوە، ئەوە بێجگە لەوەی کوالێتی کار لە کەرتی گشتی وێران دەکات.

من لێرەدا ئەوە ڕەچاو دەکەم کە کەسانێک بە ٣٠٠ تا ٤٠٠ ھەزارەوە لە کەرتی گشتی ناتوانن بژێوی ژیان پەیدا بکەن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە زۆرێک لە وانەشی مووچەیەکمان ھەیە زیاتر لە ٧٥٠ ھەزار، کەچی وەک پێویست ماف بە کاری ھاووڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی نادەین و ڕاکە ڕاکمانە بەدوای کارە تایبەت و بازاڕەکەی خۆمانەوە.

بەندە وای دەبینم، لەسەر ئاستی گشتی، نەوەک تاک، نانی ئەو ھەزاران بێکارە لە ئەستۆی ئەو کەسانەدایە کە دوو کارو زیاتر دەکەن لەسەر حسابی بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی، جەخت دەکەمەوە تەنھا لەو کاتانەی کە مافی کارەکەمان نادەین لە کەرتی گشتی و دامەزراوەی حکومەت، چ وەک دەوام چ وەک کوالێتی کار، نەوەک لەسەر حسابی پشوو و جەستەی خۆمان.

تۆی خوێنەر کە ئەم چەند دێڕە دەخوێنیتەوە دەزانم دەڵێیت ئەوەش خەتای حکومەتە، بەڵام لە ڕاستیدا حکومەتیش یەک کەس و دوان لێی بەرپرس نین و لاشەیەکی گەورەیەو ھەموومان لێی بەرپرسین، حکومەتی باش خاوەنی ھەزاران وەزیرو بەرپرس و بەڕێوەبەرو کارمەندی باشە، حکومەتی خراپیش خاوەنی ھەزاران وەزیرو بەڕێوەبەرو بەرپرس و کارمەندی خراپە.

ئێمە تەنھا لە پارێزگای سلێمانی ساڵی ٢٠١٨ بڕیارێکی بچوکماندا کە توێژەری دامەزراو لە کەرتی گشتی مافی نییە وەک توێژەرو بەڕێوەبەرو کارمەند لە دایەنگەی ناحکومیش کار بکات، لە ئەنجامدا زیاتر لە ٥٠ ھەلی کار ڕەخسا بۆ گەنجانی دەرچووی زانکۆ، لە ڕەگەزی کچ، ئەی ئەگەر لە ھەموو ئاستەکان و لە ھەموو بوارەکان بە جدی لەم بوارەدا کار بکرێت؟ بێگومان بە ھەزاران ھەلی کار دەڕەخسێت، ئەوە بێجگە لە ھەلی کار دەیان خاڵی تری ئەرێنی دەرئەنجامی ئەو جیاکارییەیە لەنێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، ھەموومان چووینەتە نەخۆشخانەکان و لە ھەمان کاتدا نۆڕینگە تایبەتەکانیش! دەی لە ھەموو بوارەکاندا حاڵەکە بەوجۆرەیە ئەوە تەنھا بواری تەندروستیە زۆرتر زەق دەبێتەوە.

تکایە بابەتەکە مەبەستەرەوە بە باشی و خراپی و گەندەڵی و نەوت و ھەزار کێشەی ترەوە، ئێستە ھەزاران گەنج بە دەرچووانی زانکۆشەوە ھیچ کارێکیان دەست ناکەوێت و بێکارن، من و تۆش لە کەرتی گشتی مانگانە زیاتر لە یەک ملیۆن دینارمان ھەیەو ھەر بیرمان لای ئەوەیە چۆن زووتر لە فەرمانگەو دەوام بچینە دەرەوەو بازاڕو کەسابەتەکەمان گەرم بکەین! یان خەوێکی خۆش و پشوویەکی باش بدەین لە دوای تەنھا (٤ تا ٥) سەعات کار!

من و تۆ بەو بڕە پارەیە ناژین کە حکومەت دەمانداتێ؟ ڕاستەو لەگەڵ ئەوەدام کە کارمەند لە کەرتی گشتی بڕە پارەیەک وەرگرێت لانی کەمی بژێوی ژیانی دابین بکات، بەڵام ھەزاران گەنجی تر ئەوەشیان نییە! ئایا ئەوانیش مافی ژیانێکی سادەیان نییە؟ من و تۆ خێزانین و بە نزیکەی ملیۆنێک دینار ناژین! ئەی کێ و چی وەڵامی گەنجێک بداتەوە کە خۆی و ھاوژینەکەشی دەرچووی زانکۆن و ھیچ ئیش و سەرچاوەی بژێویان نییە؟ من وای دەبینم لەم بوارەدا بەرپرسیارێتیەکی گەورە ھەم لەسەر ھاووڵاتی و ھەم لەسەر حکومەت ھەیەو بێکاری و ھەژاری گەنجان ئەگەر چارە نەکرێت ھەموومان لێی زیاد مەندین.

تۆی بەڕێز بپرسە بەرپرسیارێتی من لە کەرتی گشتی چییە لەم بوارەدا؟ با من وەڵامت بدەمەوە:

ئەزیزم، من وتۆ مانگانە نزیکەی یەک ملیۆن دینار وەردەگرین، نەخێر مانگانە بە ڕێک و پێکی وەریناگرین یاخود بڕەکەی ئەوەندە نییە، بەڵام خۆ بە درێژایی ساڵەکە زیاتر لە ھەشت ملیۆن دنیار وەردەگرین، بەرپرسیارێتیەکەمان ئەوەیە کە تا ئەو ھاوکێشانە ساغ دەبنەوەەو بە سیستم داھاتی وڵات دادگەرانەتر دابەش دەکرێتەوە بەسەر ھاووڵاتیاندا (کە ئێستە حکومەت و پەرلەمان سەرقاڵی ئەوەن و ئومێدەوارم سەرکەوتووبن تیایدا) با من و تۆی بەرێز مافی کارەکەمان لە کەرتی گشتی بدەین!، بیرمان لای ھاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانیان بێت، لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمدا بۆ تۆی خوێنەر با بە فرت و فێڵ و لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی سەرقاڵی بازاڕو نۆڕینگەو سەنتەرو کەسابەتەکەمان نەبین، خۆ ئەوەمان لەدەست دێت.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
عەبدولواحید محەمەد
د.بەختیارشاوەیس
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.