وتار
رێکەوتنێک لە کۆشکی سپی و رێکەوتنێکیش لەکۆشک و گردەکانی کوردستان

ئاشتی عەبدوڵا

بیرۆکەی ریفۆرم و گۆڕانکاری لەھەرێمی کوردستاندا وەک باسدەکرا و ساڵانێک دروشمی ئۆپۆزسیۆن بوو، تەنانەت زۆرجار حزبەکانی دەسەڵاتیش لەگوتارەکانیاندا ئاماژەیان بەوەدەکرد کەھەنگاوی داھاتوویان دەبێت، بەڵام ھیچ فاکتەرێکی بنەرەتی نەبوو، سەرنج بدەن ئەم بیرۆکەیە لەچوارچێوەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی- سیاسیدا دەبینرا، خەڵک پێی وابوو ئەم بیرۆکەیە ( فکەرەیە) چەکەرەی کردوە و مێژوویەکی نوێ دەنووسرێتەوە، بەڵام لەئێستادا کەلەقۆناغێکی تری سیاسیداین و پێکھێنانی کابینەی ٩ ی حکومەت لەئارادایە، ھەنگاوە سیاسیەکان زۆرێک لەئامانجەکانی نێو ئەو پرۆژەیەی کە لەو بیرۆکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو، تەنھا مشتێک لەخۆڵەمێشی بیرەوەری  و وتنەوەی دروشمەکانی لەچوارچێوەیەکی تەسکی بەرژەوەندی حزبیدا ھێشتەوە. 

لەدونیای سیاسەتدا بەردەوام ململانێ و رکابەری ھەبووەو دەبێت لەبەرامبەریشدا دانوستان و رێککەوتنیش ھەیە، ھەردوو ئەم ئاڕاستەیە دروستن، بەڵام لەھەرێمی کوردستاندا ھەردوو ئاڕاستەکە سەوداو مامەڵەی پێوەدەکرێت و فایلی مەبادیئ و بۆچوونە جێگیرەکان وبەرژەوەندی گشتی ناخرێنە سەر مێزەکانی دانووستان، بەڵکو ئەوفایلانە دەخرێنە بەرباس و دەبنە سەرچاوەی داڕشتنەوەی دەستنووسی رێککەوتنە سیاسیەکان، کەتەنھا لەچواچێوەی کۆمەڵێ  دەسکەوتی حزبیە.

لەکاتێکدا ئەم وتارەم دەنووسی ھەڵبژاردنەکانی پێشووتری سەرۆکایەتی ئەمریکام بیرکەوتەوە کە ھیلاری و ئۆباما دوو رکابەری سەرسەختی یەکبوون لەیەک پارتی سیاسیدا، جیاوازییەکانیان لەزۆر رووەوە ( رەگەز، رەنگ، بیرکردنەوەو بەرژەوەندی، تموحی سیاسی)یان وای کردبوو، کەسەرچاوە رۆژنامەوانیەکان و چاودێرانی سیاسی پێشبینیان نەدەکرد بیرلەرێککەوتنێکی لەو جۆرە بکرێتەوە.  

 لەم بارەیەوە ھیلاری رۆدھام کلینتۆن لەبیرەوەرییەکانیدا بەناوی بژاردە سەختەکان دەڵێت:

-کاتێک لەنێو ھەزاران لایەنگری حیزبەکەمدا دەرکەوتم و داوام کرد دان بەئەنجامی دەنگداندا بنرێت، ھەڵایەک لەنێو رۆژنامەنووساندا دروست بوو. بەھاوڕێ و ھاوکارەکان دەورە درابووم، وتم، « با ئێستا لێرەوە بەیەک دەنگی رایبگەیەنین. چاو لەئاسۆ، سوێند بە گیانی یەکێتی، بەئامانجی سەرکەوتن، بەبڕوابوون بەحیزبەکەمان و وڵاتەکەمان، باراک ئۆبامە کاندیدمانەو دەبێتە سەرۆکمان........

ھەستی بەھێزی و دروستکردنی مێژوو، باڵی بەسەر ھەمووماندا کێشا ، ھەموومان پشتیوانی یەکەم کاندیدی ئەفریقی-ئەمریکین لەحزبێکی گەورەدا. 

لەدوای خوێندنەوەی کتێبەکەی ھیلاری و لەم کاتەدا کەھەرێمی کوردستان بەکۆمەڵێ قەیرانی سیاسی تردا تێدەپەڕێت جیاواز لەقەیرانەکانی چەند ساڵی رابردوو، یانیش دەتوانین بڵێین سەرچاوەی قەیرانە سیاسیەکان و ململانێ سیاسیەکان ھەمان ھۆکاری سەرھەڵدانی قەیرانەکانی پێشووی ھەیە و یەک نیەت و یەک ئامانجی سیاسی ھەیە ،  بەڵام لەفۆرمێکی تردا.

ئەو جیاوازیەی لەنێو حزب و سیاسیەکانی ئێمە و جێیەکی تردا ھەیە بەنموونە ئەمریکا ، ئەوەیە لەوێ  چەندە رکابەرەکان دژبەیەک بن دواجار کەدێتە سەر بەرژەوەندی وڵات و نیشاندانی دیوێکی جوانی سیاسەت لەوڵاتەکەیان دیموکراسی و رێزگرتن لەدەنگی خەڵک لەبیرناکەن، ئەو خاڵە ھاوبەشەی ھەموو رکابەرەکان کۆدەکاتەوە( خزمەتی وڵاتەکەیان و  خەڵکە) بەو جۆرە مێژوو دروست دەکەن، ریفۆرم و گۆڕانکاری دەبێتە فاکتەری بنەڕەتی .  

گەر نا مەفھومی سیاسەت لێرەو لەوێ ھەریەک مەفھومە، بەڵام ئاراستەکردنی و جڵەوی سیاسەتکردن و حکومڕانی جیاوازە.

بارودوخەکە و جووڵە سیاسیەکان لێرە پێشبینی کراو بوو، نەبیرۆکەی ریفرۆم و نەبەرژوەندی گشتی نایانگەیەنێتە رێککەوتن، بەڵام بەرژەوەندی حزبی کەخۆی لەکۆمەڵێ  ئیمتیازدا دەبینێتەوە ناکۆکیەکانیان کاڵ دەکاتەوە. 

لەکۆشکی سپی ئەمریکا رێککەوتن بۆ ھێشتنەوەی وڵاتەکەیان بەمەزنی و تۆمارکردنی مێژوو و چاو لەئاسۆ، خاڵی ھاوبەشیان بوو، لەکۆشک و گردەکانی کوردستانیش  رێکدەکەون بۆ دژایەتی یەکتر و  بردنی پۆست و خێروبێری کوردستان.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
د.بەختیارشاوەیس
د.بەختیارشاوەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.