وتار
خاڵی چوارەمی بەرنامەی پۆست ((٢٠١٥))

عەبدولواحید محەمەد

تێبینی:ئەم بابەتە لە چوارچێوەی  لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر پرۆسەی پەروەردە ئەنجامم داوە 

نەتەوە یەکگرتوەکان  بەرنامەیەکی (١٧) خاڵی گشتگیریان  خستە بەردەستی کۆنگرەی ساڵانەی سەرانی جیھان کەلە بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەیلولی (٢٠١٥) بەڕێوەچو، لەو بەرنامەیە خاڵی چوارەم تایبەت کرا بەپرۆسەی پەروەردە و فێرکردن کە پێکھاتوە لەکۆمەڵێک پرەنسیپی بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردن و باشتر بەڕێوەچونی، بەلای کەم ببێتە شێوە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشانەی ھەن، چونکە بەشێک لە گیروگرفتەکان گەورەن پلانی ستراتیجی و درێژخایەنیان دەوێت، بۆیە (UN) ماوەی (١٥) ساڵی بۆ داناوە، ھەر لە(٢٠١٥)ەوە تاوەکو (٢٠٣٠)، ناویشیان لێناوە بەرنامەکانی پۆست (٢٠١٥) ، بەگرنکی دەزانم خاڵی چوارەم بەکۆی بڕگەکانیەوە لەگەڵیشدا چەند سەرنجێک  لەمەڕ پرۆسەکە لە دەڤەرەکەی خۆمان بخەمە ڕو:-   

١- رەخساندنی دەرفەتی گونجاو و یەکسان بۆ تەواوی کوڕان و کچان تاوەکو بەخۆڕایی  قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی بخوێنن :-

 راستە ئەو بنەمایە لە ھەرێمی کوردستان بەیاسا بەرجەستەکراوە، بەڵام لەھەناوی پرۆسەکە جۆرێک لە بێنرخی دیارە و خەڵک تەشویق دەکرێت بۆ ئەوەی لەخوێندنی ناحکومی بخوێنن، ئەوە مانای ئەوە نیە خوێندنی ناحکومی بەخراپ لێک بدرێتەوە، ھەر چەندە تێبینی زۆر ھەیە کەلەکاتی خۆیدا بەباشی توێژینەوەی لەبارەیەوە بکرێت، بەڵام بۆھەرێمی کوردستان کە بەیاسا خوێندن بەخۆڕایی رێکخراوە، دەبێت ئەو پابەندیە بەردەوام بێت و نابێت ناھاوسەنگی لە کوالێتی خوێندن دروست بێت لەسەر حسابی خوێندنی حکومی، ئەگەر چی کێشەی ئابوری ھەیە و تەنگی بەحکومەت و خەڵک ھەڵچنیوە .

٢- دەستەبەرکردنی ھەلی یەکسانی بۆ ھەموو منداڵان بەکوڕ و کچەوە تاوەکو سود لە چاودێریکردن و گەشەسەندنی پێویست پێش خوێندنی سەرەتایی وەرگرن:- 

 واتە خوێندنی باخچەی منداڵان یان پێش قۆناغی سەرەتایی (pre  primary schools) ئەوەیان دیارە گرنگی خۆی ھەیە، بەڵام جێگەی ھەڵوێستەکردنە ئەوە بەتەواوی لەھەرێمی کوردستانەوە نیە، بەڵگەی ئەو راستیە لە سەنتەری پارێزگای ھەولێر(٣٦) باخچەی منداڵان ھەیە لەکاتێکدا (٢١٠) قوتابخانەی بنەڕەتی ھەیە، سەیری ئەو ناھەوسەنگیە بکەن ئاسمان و رێسمان جیاوازیان ھەیە، بە زانست سەلمێنراوە ئەوانەی لەباخچەی منداڵانەوە دێن زۆر زیاتر ئامادەیی فێربوونیان تێدایە، ھەر ئەوەش بووە پاڵنەر تاوەکو لە پۆست (٢٠١٥) خوێندنی پێش سەرەتایی پەسند بکرێت و منداڵ لەتەمەنی (٥)ساڵیەوە لەناوەندەکانی خوێندن وەربگیرێن بەراستی لەھەرێم ئەوە کێشەیەکی گەورەیە، چونکە رێژەی ھەرە زۆری منداڵان نامۆن بەخوێندن لە باخچەکانەوە، راستەوخۆ دێنە ناو ناوەندەکانی خوێندن و واقیعێکی تازە زۆر جاران ئەوە دەبێـتە ھۆی ئەوەی دەستبەرداربوون لە فێربوون روبدات ( تسرب) .

٣- رەخساندنی دەرفەت بۆ ژنان و پیاوان تاوەکو لەفێرکردنی پیشەیی و خوێندنی باڵا بە خەرجیەکی کەم بەھرەمەند بن:-

 بێگومان ئەوە لە کۆمەڵگە پێشکەوتوەکان مافێکی مسۆگەرە، تەنانەت ئەگەر گەورە ساڵیش بن، بەڵام لەھەرێمی کوردستان پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەقاڵب دراوە، لێرەدا دوو تێگەیشتنی لێکدژ ھەیە، کۆمەڵانی خەڵک دەخوێنن بۆ ئەوەی بە بڕوانامەکانیانەوە موچە و ئیمتیازاتی وەرگرن، چونکە حکومەت لە بنەڕەتدا ھەموو شتێکی بە بڕواناوە بەستاوەتەوە  حکومەتیش بۆ ئەوەی ئەو تێگەیشتنە کاڵ بکاتەوە ئاستی تەمەنی دیاریکردووە، زۆر پێویستە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت، لەلایەک خەڵک وشیار ببێتەوە کە بڕوانامە بۆ موچە و ئیمتیازاتی حکومەت نیە بەڵکو بۆ پێشەکەشکردنی خزمەتگوزاری و دۆزینەوەی ھەلی کارکردنە، حکومەتیش کۆمەڵێک یاسا و رێنمایی تازە دەربکات بۆ ئەوەی ھەل بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ھانی وەبەرھەمھێنان بدات، ھەموو کارئاسانیەکیان بۆ بکات  تاوەکو لەپاڵیەوە فورسەتی کارکردنی زۆرتر بێت . 

٤- زیادکردنی ژمارەی گەنجان و پیاوان بەرێژەیەکی بەرچاو بۆ ئەوەی کارمایی و شارەزایی باشیان لە تەکنەلۆژیا و کاری پیشەیی بۆ دەستەبەر بێت و ھەلی کاری سەربەخۆیان بۆ بڕەخسێنێت:- 

 جێگای سەرەنجە لە عێراق بەگشتی و لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە رابردوودا ھەموو کەسێک دامەزراوە، ئەو شێوە دامەزراندنە ھیچ جۆرە ھاندانێکی تێدانەبووە تاوەکو کەسەکان پێشبرکێ لەسەر بەدەستھێنانی زانیاری باش و ئەبدەیت کردنەوەی بەردەوام بکەن، زۆر جاران ئەوەی مەعریفەتی زۆر باشیشی ھەبووە بەڵام بەھۆی دامەزراندن و کاری تازەیەوە ھەموی لەبیر کردووە، من جارێک لە ئەندازیارێکی کیمیاویم پرسی لە پسپۆڕیەکەی خۆت چیت لەبیر ماوە، وتی ھیچ، چونکە ئێستا کارێک دەکەم زۆر دوورە لەوەی خۆم، نمونەیتر زۆرە . 

٥- نەھێشتنی جیاوازی لەنێوان رەگەزی نێر و مێ لە رەخساندنی دەرفەتی سود وەرگرتن لە فێرکردن و راھێنانی پیشەیی لەھەموو ئاستەکان، بەتایبەت ئەو توێژانەی کەم توانان یان کەمئەندامن یان ئەو منداڵانەی ژیانیان لەبارودۆخێکی ناھەمواردایە:- 

 پێویستە بوترێ، راستە لەخوێندن ئەو دەرفەتە رەخساوە، بەڵام لەکارمایی و راھێنانی پیشەیی جیاوازیەکی زۆری ھەیە ، رەنگە لەفورسەتی ئیشکردن لە دەزگا حکومیەکان ئەو جیاوازیە کەم بێت، بەڵام لەکاری سەربەخۆ جیاوازیەکی زۆر ھەیە چونکە بەھۆی کۆمەڵێک ھۆکارەوە وەک خێزان ،کۆمەڵایەتی، کلتوری، بۆ ژنان زۆر کەمتر بێت، پێش ناچێت وا زوو ئەو جیاوازیە  کەمببێتەوە یان نەھێڵرێت، سەبارەت بەخاوەن پێداویستی تایبەتیش، ھەلی زۆر کەم ھەیە بۆ راھێنان و کارکردن، راستە یاسایەکی تایبەتیش ھەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی حکومەت ھاندەر نیە، بۆیە زۆر کەمتر فورسەتیان بۆ ھەڵدەکەوێت.      

٦- دەستەبەرکردنی دەرفەت بۆ ھەموو گەنجان ھەروەھا رێژەیەکی زۆر لە گەوران ( ژنان و پیاوان) بەشێوەیەکی یەکسان تاوەکو فێری خوێندن و نوسین و ژمێرکاری بین:- 

ئەوەی جێگای سەرنجە لەگەڵ درک کردن بەو ئاراستەی ھەمیشە دەستی کاری خوێندەوار لە نەخوێندەوار لەھەموو کایەکان باشتر بووە و بەرھەمیان زیاتر بووە، بەڵام ئەوە پشت گوێ خراوە و رۆژ بەرۆژیش خاوتر دەبێتەوە، تەنانەت لەناو کارکردنیشدا جیاوازیەکی ئەوتۆ لەنێوانیان نیە، تا ئەم ساتەش جیاوازی لەنێوان ژن و پیاویش زۆرە بەشێوەیەک ھەمیشە کرێی ژن کەمترە لە پیاو، جێگای ئاماژە پێدانە ھەندێ کار شێوە یەکسانیەک ھەیە وەک پەروەردە، بەڵام لەزۆربەی بوارەکانیتر جیاوازی بەدی دەکرێت، نەک لێرە لە ئەوروپاش. 

٧- رەخساندنی دەرفەتی یەکسانی بۆ ئەوانەی خوێندن و نوسین بەباشی فێربوون، زانیاری و شارەزایی پێویست لەپەرەپێدانی بەردەوام ( التمنیە المستدامە) (sastenable devolopmente) وەگرن لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان، مافەکانی مرۆڤ ، یەکسانی لەنێوان ھەردوو رەگەز لە ئەرک و مافەکان ھەروەھا بانگەشەکردن بۆ بەرجەستەکردنی زھینەتی ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و رێزگرتن لە ئایین و پێکھاتە جیاوازیەکانی کۆمەڵگە: - 

ئەوەی بەگرنگی دەزانم بیڵێم، راستە لەم وڵاتەی ئێمە خوێندن و فێربوون ھەیە بەمانا گشتیەکەی بەڵام بەردەوامبوون بۆ ئەبدەیت کردنەوە و زانیاری و زانستی بەردەوام نیە، ئەگەر ھەشبێت بارتەقای ئەو بزاوتە جیھانیە نیە کەلە شەو و رۆژێکدا گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت، تا ئەم کاتەی من ئەو بەدواداچونە دەکەم، ریسایەکی سادە ھەیە لەسەری راھاتوین، بخوێنە و بڕوانامەی وەربگرە پێیەوە دامەزرێ و ئیتر تا خانەنشینبوون، لە راستیدا ئەوە ھیچ ماقوڵیەتی تێدا بەدی ناکرێت ئەمە لەسێ لاوە زەرەری گەورەی لێدەکەوێتەوە: - 

١- خوێندن تەنھا بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامە بێت .

٢- بڕوانامەش تەنھا بۆ دامەزراندن و وەزیفە بێت . 

٣- ئیتر کە دامەزراندن و موچە مسۆگەرە فێربوونی زیاتر بۆ چیە؟

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.