وتار
ترسێكی قوڵ ده‌خاته‌ دڵه‌وه‌

عەبدولواحید محەمەد

دوای ئه‌وه‌ی له‌شكری یه‌زیدو هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان ده‌وره‌یان له‌ ئیمامی حوسه‌ین و هاوه‌ڵه‌كانی له‌شاری كه‌ربه‌لا گرت، پیاوه‌كانیان یه‌ك یه‌ك كوشت ئینجا ژنه‌كان دواجاریش منداڵه‌كان، له‌كۆتاییدا ئیمامی حوسه‌ینیشیان كوشت، به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان سه‌ریشیان له‌ لاشه‌كه‌ی كرده‌وه‌و له‌ رمیان چه‌قاندو شاره‌و شاریان پێكرد، ئه‌وه‌ خۆیی له‌خۆیدا به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان كۆمه‌ڵكوژی و تاوانێكی گه‌وره‌و قێزه‌ون بوو، وه‌كو په‌ڵه‌یه‌كی ره‌شیش به‌ نێوچه‌وانی ئه‌نجامده‌ره‌كانی ماوه‌ته‌وه‌ تا رۆژی حساب و كیتابیش هه‌ر ده‌مێنێ.

ئه‌وه‌ی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ بوو، چه‌ند كه‌سێك كه‌ تا بن گه‌ردنیان سور بوو به‌ خوێنی بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر، ده‌چنه‌ لای زانایه‌كی ئاینی و لێی ده‌پرسن و ده‌ڵێن: "ئه‌گه‌ر شمه‌كه‌كانمان یه‌ك دوو په‌ڵه‌ خوێنی ئه‌سپی پێوه‌ بێت، نوێژی لێ دێت یان نا؟" بێگومان خوێنه‌كه‌ خوێنی ئیمامی حوسه‌ین و بنه‌ماڵه‌كه‌ی بووه‌، سه‌رسوڕمانه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، دوای ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ و ئه‌و هه‌موو كوشت و كوشتاره‌ له‌ یه‌ك دوو دڵوَپ خوێن بپرسن گوایه‌ موسڵمانن و نوێژ ده‌كه‌ن، به‌هه‌ر حاڵ من مه‌به‌ستم له‌و وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ بڵێم، ئه‌مساڵ له‌چاو ساڵانی رابردوو پڕۆسه‌ی ئه‌زموونه‌ گشتیه‌كان له‌هه‌ردوو قۆناغی نوَیه‌م و دوازده‌هه‌م باشتر به‌ڕێوه‌چوو، پارو پێرار له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئه‌زموونه‌كان ده‌نگۆی بڵاوبوونه‌وه‌و دزه‌پێكردن پرسیاره‌كان ده‌بووه‌ سه‌ردێری باس و خواسی راگه‌یاندنه‌كان و سوَشیال میدیاوه‌، ئینجا بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕیه‌كان هه‌روه‌ها هه‌وڵ و حه‌ره‌كه‌تی كزی و غه‌ڵبه‌ غه‌ڵبی هۆڵه‌كانی ئه‌زموونكردن، ئه‌مساڵ سه‌رباری زۆری خوێندكاران كه‌ زیاتر له‌ (225000) هه‌زار بوون، كۆی پرسیاره‌كانیش له‌ وانه‌ جیاجیاكان (2700) پرسیار بوو، له‌و ژماره‌یه‌ ته‌نها (17) هه‌ڵه‌ هه‌بوو، راسته‌ هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی رێزمانه‌وانی و رێنوسیش هه‌بوو، به‌ تایبه‌ت له‌ بابه‌ته‌كانی عه‌ره‌بی و كوردی، له‌باره‌ی ئه‌نجامه‌كانیش به‌راورد به‌ساڵانی پێشو باشتربوو، بۆ نمونه‌ پارساڵ رێژه‌ی ده‌رچون 25% به‌ڵام ئه‌مساڵ 48%، ساڵی پار ژماره‌ی ئه‌و خوێندكارانه‌ی نمره‌كانیان له‌سه‌روی (90)ه‌وه‌ بوو، له‌ نێوان (900 تا 1000) كه‌س ده‌بوون، به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌ ده‌وروبه‌ری (3000) هه‌زار خوێندكار نمره‌كانیان له‌سه‌رووی نه‌وه‌ته‌وه‌ بوو، بێگومان پڕۆسه‌یه‌كی واگه‌وره‌و گران هه‌ندێك خه‌وشی تێده‌كه‌وێ، پێویسته‌ بوترێ له‌ وڵاتانی تریش هه‌ر هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش پاساو نییه‌ بۆ بوونی هه‌ڵه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو لاكان و ناوه‌ڕۆك و جومگه‌كانی زۆر به‌ دیقه‌ته‌وه‌ بكرێت، ئه‌وه‌ی به‌لای من جێگای هه‌ڵوێسته‌ كردنه‌، ئه‌و پڕۆسه‌ گه‌وره‌یه‌ و ئه‌و ئه‌نجامه‌ له‌چاو ساڵانی پێشوو باشتر، بچوك كرایه‌وه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ بۆ دیمه‌نێكی بێ مه‌به‌ست، وه‌ك كاره‌ساتی شه‌هیدكردنی ئیمامی حوسه‌ین و پرسیاركردن له‌ یه‌ك دوو دڵۆپ خوێنی لێهات، هه‌ڵایه‌كی لێ دروست كرا بێ ئه‌وه‌ی لێكدانه‌وه‌یه‌كی واقیعیانه‌ یان به‌دواداچونی بۆ بكرێت.

به‌ڕاستی روداوێكی له‌و شێوه‌یه‌ و گه‌وره‌ كردن و نان و پیاز پێ خواردن و فرۆشتنه‌وه‌ی به‌م و ئه‌و، ترسێكی قوڵ ده‌خاته‌ دڵه‌وه‌، له‌وه‌ی له‌ بری ده‌ستخستنه‌ سه‌ر كه‌م و كوڕیه‌كان و پێشنیاركردنی پلان و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی باشتر له‌وه‌ی له‌و سالاَنه‌ كاری پێكراوه‌، سێره‌ له‌بابه‌تێك بگریت كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندی به‌ پڕۆسه‌ی ئه‌زموونه‌كانه‌وه‌ ته‌نانه‌ت به‌كۆی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌وه‌ش نییه‌، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ به‌ جددی بیر له‌ ئالیه‌تێكی تازه‌ بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌زموونه‌كان، له‌ده‌ور و به‌رمان و له‌ جیهان پڕۆسه‌ی ئه‌زمووندانی جۆراوجۆر و سه‌ركه‌وتوو هه‌یه‌، ده‌كرێ و ده‌شێت سوود له‌ یه‌كێكیان وه‌رگرین و پیاده‌ی بكه‌ین، نزیكترینیان له‌ ئێمه‌ ئێران و توركیایه‌، هه‌ریه‌كه‌یان سیسته‌مێكی هه‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و له‌لایه‌ن ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ واتایه‌كی تر خوێندكار كه‌ قۆناغی دوازده‌ ته‌واو ده‌كات ده‌بێته‌ هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی، به‌ڵام ناتوانێ بچێته‌ زانكۆ به‌ڵكو ده‌بێت تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی تر ئه‌نجام بدات، به‌وه‌وه‌ ده‌توانێ درێژه‌ به‌خوێندن بدات، بۆ نمونه‌ له‌ئێران ده‌بێت تاقیكردنه‌وه‌ی كۆنكۆرد بدات، له‌ توركیاش ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌ ئه‌زموونه‌ گشتیه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وانه‌ی پرسیار داده‌نێن و ئه‌وانه‌ی شیكاری ده‌كه‌ن و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش له‌و ده‌زگایه‌ ده‌مێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بێت تا ئه‌زموونه‌كان ته‌واو ده‌بێت. ئه‌م دوو شێوه‌یه‌ له‌دوولاوه‌ كه‌ڵكی ده‌بێت:

1- ئه‌و باره‌ قورسه‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هه‌یه‌ لاده‌برێت، له‌ هه‌مان كاتیشدا ساڵانه‌ ئه‌و هه‌موو گیروگازه‌ی دروست ده‌بێت، به‌ گشتی ده‌رگای له‌سه‌ر داده‌خرێت و ته‌واوی ئه‌و لایه‌نانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن، خوێندكاران، دایكان و باوكان، ته‌رتیب كردن و رێكخستنی هۆڵ و چاودێر و به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رپه‌رشتیار له‌ به‌رپرسیاریه‌تی ده‌بووردرێن.

2- خوێندكار به‌ته‌واوی پشت به‌خۆی ده‌به‌ستێت و سود له‌و توانا زانستیه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ له‌ ساڵی خوێندندا وه‌ریگرتوه‌، كه‌مترین هه‌وڵیش ده‌دات بۆ رێگه‌ نادروسته‌كان، چونكه‌ دڵنیایه‌ له‌وه‌ی پڕۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و كه‌س ناتوانێ ده‌ستی تێوه‌ردات.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
د.بەختیارشاوەیس
د.بەختیارشاوەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.