وتار
له‌ ئۆتاوه‌ بۆ بانكۆك و گۆڕانكاری گه‌وره‌......!!

عەبدولواحید محەمەد

یه‌كێتی‌ مامۆستایان جیهانی (Education International) كورتكراوه‌كه‌ی‌ (EI)K هه‌رچوار ساڵ جارێك  كۆنفرانس ده‌به‌ستێت، له‌ 19 تا 26 ته‌مموزی‌ 2015 هه‌فته‌مین كۆنفراسی خۆی له‌ ئۆتاوه‌ی پایته‌ختی‌ كه‌نه‌دا گرێدا، له‌وێ‌ نزیكه‌ی‌ (900)ئه‌ندام له‌ (120) وڵات به‌ ئاماده‌بوونی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كه‌نه‌دا كۆنفراسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چو، له‌و (7)رۆژه‌ كۆمه‌ڵێك بڕیار و راسپارده‌ی‌ گرنگ په‌سندكران، وه‌كو به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ ئه‌و چوار ساڵه‌ی‌ دوای‌ كۆنفرانس، دوای‌ چوارساڵ رێك له‌ 19 تا 26 ته‌مموزی‌ 2019، هه‌شته‌مین كۆنفراسی له‌ بانكۆكی‌ پایته‌ختی‌ تایلاند به‌ڕێوه‌برد، له‌ راستیدا بۆ خۆم وه‌كو ئه‌ندامی‌ كۆنفراسی، تێبینی‌ ئه‌وه‌م كرد گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ له‌ هه‌یكه‌ل و به‌رنامه‌ی كاری‌ ئه‌و رێكخراوه‌ هاتۆته‌ پێش، ئه‌مجاره‌یان 1452 نوێنه‌ر له‌ 178 ده‌وڵه‌ت ئاماده‌ی‌ كۆنفراسه‌كه‌ بوون، هاوكات چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ جیهان، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خه‌ڵاتی‌ نۆبلیان له‌ بواره‌ جوَار وجۆره‌كان پێ به‌خشرابوو هه‌روه‌ها رێكخراوی‌ كاری‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ و یونسكۆ و یونسێف و چه‌ندین  ئه‌ندام په‌رله‌مان به‌ناوبانگی‌  وڵاتان، له‌ باره‌ی‌ بڕیار و راسپارده‌كانیشه‌وه‌ گۆڕانكاریه‌كان گه‌وره‌ بوون، كۆمه‌ڵێك بواری‌  زۆر هه‌ستیار بوونه‌ جێگای‌ باس و خواس، هێنده‌ش بیرۆڕاو سه‌رنجیان له‌سه‌ر خرایه‌ڕو، به‌ بڕوای‌ خۆم له‌ زۆربه‌ی‌ كۆنفرانسه‌ جیهانیه‌كان پر گفتوگۆ و بینه‌ و به‌رده‌ بوو، دواجار كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ بڕیار په‌سندكران و خرانه‌ به‌رنامه‌ی كاری‌ چوار ساڵ داهاتو كه‌ به‌ ته‌واویه‌ت هه‌موو بواره‌كان كۆمه‌ڵگه‌ و پێویستیه‌كانی‌ ژیانێكی‌ شایسته‌ به‌ مرۆڤایه‌تی‌ تێدا جێكرایه‌وه‌، له‌وانه‌:-

1-     یه‌كسانی‌ ژن و پیاو و نه‌هێشتنی‌ ره‌گه‌ز په‌رستی‌.

2-     فێركردنی دانیشتوان و كۆمه‌ڵگه‌ ره‌سه‌نه‌كان و پاراستنی‌ زمانه‌كانیان كه‌ بۆ ئێمه‌ گه‌لی‌ كوردیش  زۆر گرنگ بوو.

3-     دابینكردنی‌ مافه‌كانی‌ ئاواره‌ و كۆچپێكراوه‌كان.

4-     پاراستنی‌ مافی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن.

5-     پاراستنی‌ ژینگه‌ و رێگریكردن له‌و هه‌نگاوانه‌ی‌ ده‌بنه‌ هۆی گۆڕینی‌ ئاوو هه‌وا و جوگرافیای سروشتی‌.

6-     كاركردن به‌ جددی‌ له‌ پێناو به‌رجه‌سته‌كردنی‌ دیموكراسیه‌ت و دژایه‌تی‌ كردنی‌ سیسته‌مه‌ تۆتالیتاریه‌كان و هه‌ژمونی‌ راستڕه‌وه‌كان.

7-     دژایه‌تی‌ كردنی‌ گۆڕینی‌ خوێندنگا گشتیه‌كان بۆ تایبه‌ت و رێگریكردن له‌وه‌ی‌ فێربوون وه‌ك كاڵا بفرۆشرێته‌وه‌.

8-     دیاریكردنی‌ بودجه‌ی‌ شایسته‌ بۆ فێربوونی‌ به‌ خۆڕایی و باش بۆ هه‌موان.

9-     فه‌راهه‌مكردنی‌ مافی‌ ته‌واو بۆ نوسه‌ران و توێژه‌ران و نه‌هێشتنی‌ هیچ جۆره‌ سانسۆرێك له‌سه‌ر نوسین و بڵاوكردنه‌وه‌كانیان.

له‌ راستیدا ئه‌وانه‌ گۆڕانكاری‌ جه‌وهه‌ری‌ و زۆر گرنگن له‌  كاروبه‌رنامه‌ی‌ ژیانی‌ رێكخراوه‌یی، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، بڕیاری‌ ئه‌وه‌ش درا به‌ جددی‌ هه‌وڵیان بۆ  بدرێ ، جێی باسه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ زۆر شتی پێده‌كرێت چونكه‌ 32 ملیۆن ئه‌ندامی‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ جیهان هه‌یه‌، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك رێكخراوی نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه‌پشتیوانی‌ ده‌كرێ و چاودێریشه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، هه‌روه‌ك سكرتێری‌ گشتی‌ ئه‌و رێكخراوه‌(د. دیفید ئیدوارد ) له‌ وتاری‌ كۆتایی كۆنفراسدا  وتی‌ ((پێویسته‌ رێكخراوه‌كانی‌ ئه‌ندام له‌ EI))  به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن له‌ پێناو سنوردانان بۆ ئه‌و پیاوانه‌ و راوێژكاره‌كانیان  كه‌ دیانه‌وێت به‌هێز خۆیان بسه‌پێنن هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی ده‌یانه‌وێت به‌ پڕۆژه‌ گوماناویه‌كانیان هه‌ره‌س به‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردنی‌ گشتی‌ بهێنن، له‌ رێگای‌ گۆڕانكاری‌ نا ته‌ندروست، ته‌ئكیدیشی‌ كرده‌وه‌ ده‌بێت دژی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش بوه‌ستینه‌وه‌ كه‌ هه‌رده‌مێك سروشتێكیان هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌ پێی ویستی‌ خۆیان ئیداره‌ی‌ جیهان بده‌ن، له‌ درێژه‌ی‌ وته‌كه‌ی‌ وتی‌ مه‌ترسن و چاوقایم بن له‌ كۆی پێویست بكات هه‌مومان له‌وێین، ئێمه‌ ته‌نها پیاوی‌ كاری‌ كاتی‌ و تایبه‌ت نین، ئێمه‌ پیاوی‌ حیكمه‌ت و عه‌قل و ئیداره‌ین، ئێمه‌ هه‌موو زمانه‌كانین ته‌نها یه‌ك زمان نین، ده‌بێت قسه‌مان هه‌بێت به‌ چاك بڵێن چاك و به‌ خراپیش بڵێین خراپ ،چونكه‌ ئێمه‌ پارێزگاری‌ له‌ راستی‌ ده‌كه‌ین، له‌ ژێر رۆشنایی ئه‌و بڕیار و راسپاردانه‌ یه‌كێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستانیش ده‌كه‌وێته‌ ژێر به‌رپرسیاریه‌تیه‌وه‌ ، چیدی‌ نابێت ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ و چڕكردنه‌وه‌ی كاره‌كانی كه‌  ته‌نها له‌ پاراستنی‌ مافی‌ مامۆستایان قه‌تیس بكرێت،  به‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێت گۆڕانكاری‌ ته‌واو له‌ هه‌یكه‌لی‌ رێكخراوه‌كه‌ و به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ بكات،  به‌ شێوه‌یه‌ك  ته‌واوی‌ پێداویستیه‌كانی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ بگرێته‌وه‌، بڕوام وایه‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ داهاتو ئه‌و بنه‌مایانه‌ ده‌بێت بڕیاری‌ لێبدرێت و كاریشی‌ بۆ بكرێت ئه‌گه‌ر نا په‌یكه‌رێكی‌ بێ گیانه‌ نه‌بوونی‌ باشتره‌ له‌ هه‌بوونی‌.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
عەبدولواحید محەمەد
د.بەختیارشاوەیس
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.