وتار
مەسەلەکە مەتەڵێکی فیکری نییە

ستران عه‌بدوڵڵا

پرۆسەی سیاسیی عیراق لە وەختێکی خراپدا دەستی داوەتە مەسەلە ھەستیارەکانی کە بیچمی سەرەکیی دەوڵەتی عیراق پێکدەھێنن. وەختی خراپ نەک ھەر بۆ کورد کە چەند ساڵێکە ھەوڵی پاشەکشێپێکردنی دەدرێت لە راڕەوەکانی سیاسەتی عیراقدا. بەڵکو خراپ تەنانەت بۆ رەوتی دیموکراسی ‌و مەدەنی ‌و دەستووری وڵات، ئەوی لە بنچینەدا لاوازە نەخاسمە کە ئێستا لەبەر دۆخەکەی کورد ئەویش ناتوانێت پاڵبدا بە فاکتەرێکی پشت قایمەوە. لەم دۆخە شڵەژاوەی کە کاری لەسەر پێکھاتنی ما باقی کابینەی حکومەتیش کردووە ‌و ھێشتا خەڵک لە شەڕی داعش نەحەواوەتەوە گرژیی تاران ‌و واشنتۆنیشی ھاتۆتەسەر، کە دوو ووڵاتن بە گۆشت ‌و خوێن تێکەڵی جووڵەی سیاسیی عیراقن، ئا لەم وەختەدا داڕێژەرانی یاسا ‌و کۆمسیۆنە تایبەتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ یاسای نوێی دادگای فیدراڵی دەستپێکردووە.

دادگای فیدراڵی (محکمەی ئیتحادی) یەکێک دەبێ لە کۆڵەکەکانی دامەزراوەی دەستووری وڵات و لە تەنگانەدا ھەم فیدراڵیخوازان ‌و ھەمیش لێقەوماوان دەتوانن ھانای بۆ بەرن تا لە دەستی ھێزداران بیانپارێزێ، ئەگەر ھیوایەک ما بێ بە پاراستن ‌و پارسەنگ راگرتن. پڕۆژەیاسای نوێ چوار فوقەھا و شارەزای یاسایی نووساندووە بە پێکھاتەی دادگای فیدراڵییەوە کە پێویستە لە سەرۆک ‌و جێگرەکەی ‌و پێنج ئەندام پێکبێت ‌و گەرەکە گشتیان قازی بن. لەکاتێکدا بڕگەی دوو لە مادەی ٩٢ لە دەستووری عیراق ئێژێ بوونی شارەزا ‌و فوقەھاکان بەشێکە لە دامەزراوەکە، نەک بەشێک لە پێکھاتەکەی. واتا رۆڵێکی راوێژکارییان ھەیە، نەک رۆڵێکی بڕیاردەر.

بێگومان ھەر کەسێک رەخنە لە پڕۆژەیاساکە بگرێت داڕێژەرانی دەڵێن جا ئەوە پڕۆژەیە ‌و شێوەی کۆتایی وەرنەگرتووە، بەڵام مەعلومە ئەم بڕگەیە لە پڕۆژەکە کە سەرپێچییەکی ئاشکرای دەستوورە لە وێستگەی ھەرە ھەستیاری داڕشتنی پێکھاتەی نوێی دادگای دەستووریدا ھەر بۆ وەرزشێکی فیکری دانەنراوە. بۆ ئەوە دانراوە لە غافڵگیرییەکدا قەول ‌و قەراری لێ بدرێت، یان لە سەفقە ‌و سەودای گوژمە یاسایەکدا بگۆڕدرێتەوە بە یاسایەکی تر.

ئەم پڕۆژەیاسایە کە بیچمی دەوڵەتی عیراق دەگۆڕێ ‌و دەیکاتە حوکمێکی ئیسلامیی بڕیاردەر، لە ژینگەیەکی سیاسیی خراپدا خراوەتە بەر باس ‌و گفتوگۆی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە. دیقەتی دەوێ لە ھەلومەرجێکدا کە ھیچ لەبارنییە بۆ دیقەتدان 

 

ستران عەبدوڵڵا

٢٣/٠٦/٢٠١٩

کوردستانی نوێ 

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.