وتار
ئیحتیوا لە ئیستانبول و قەیوم لە ئامەد

ستران عه‌بدوڵڵا

جارێکی تر دیموکراسی لە تورکیا کەوتەوە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی دژوارەوە. سێ گەورەترین شارەوانی باکوور درایە دەست دامەزراوەکانی قەیومەوە، کە وەکالەتێکی نادیموکراسییە و ھەموو جار دەوڵەت بۆ چارەسەر و دەستکاریی ئاڕاستەی دەنگی خەڵک، بەتایبەتی لە کوردستانی باکوور، بەکاریدەھێنێت. لەجێدانانی قاسرێکە کە گوایە کاری خۆی پێ راناپەڕێنرێت.

(قەیوم) وەک کەفالەتێک وایە، نەک وەکالەت، چونکە وەکالەت ھەر نەیسە، وەختێک کەسێک بۆ ئەرکێک دادەنرێت تا ئەو کاتەیە کە خاوەنی ئەسڵی دێتەوە، بۆیە وتراوە وەکیل چوون ئەسیل وایە. ئەمما کەفیل کەلەپچەیەکە دەکرێتە دەستی خاوەن شایانی ھاتوو بە دەنگ و دیموکراسی، راسپاردەی خەڵکی پێیە، ئەگینا ھیچ مانایەک بۆ دیموکراسی و رای خەڵک و بژاردەکانیان نامێنێتەوە. لەجێی عەدنان سەلجوق سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئامەد، حەسەن بەسری جوزال ئۆغڵو والی دیاربەکر، لەجێی ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانی مێردین، مستەفا یامان والی مێردین و لەجێی بەدیعە ئۆزگۆگچە سەرۆکی شارەوانی گەورەی وان، محەمەد ئەمین بیلماز والی وان، تەعین کراون.

جاران دەوڵەت ھانای بۆ ئەم تەرزە ئیدارییە ناوەندێتییە دەبرد تا سەرۆک شارەوانی ھەڵبژێردراو لە حەسانە داماڵرێ و دۆسێی جیاجیای دادگایی لەسەر بکرێتەوە. لەبەرئەوەیە زۆربەی ئەو جارانەی پەنا بۆ قەیوم براوە سنووردار و کات دیاریکراو بووە. بۆ نموونە پاش چەند ساڵێک لە ماوەی حوکمڕانی، یان چەند مانگێک پێش خولی ھەڵبژاردنەکان بەکارھاتووە. لێ ئەمجارە پاش ماوەیەکی کەم لە دوا ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان، سێ گەورەترین شارەوانی گرتۆتەوە و تا ھەڵبژاردنێکی تر ھەروا دەمێنێتەوە.

کەیسی لابردنی سەرۆکە ھەڵبژێردراوەکان، یان کردنەوەی دۆسێ لە پەرلەمانتار و سیاسەتکارانی باکوور، ھەموو جار کەرەستەیەک بووە بۆ خاوکردنەوەی رەوتی روو لە گەشەی بەشداری دیموکراسیی باکوور لە بەدەنەی سیاسیدا.

ھەر بۆیەش رەوتی کورد لە باکوور بە دەوری خۆی وەک ئەزموونێک ھەمیشە رێوشوێنی بەرەنگاریی دیموکراسی دۆزیوەتەوە تا بە شێوەیەکی زگزاکی درێژە بە بوونی خۆی بدات، بەڵام ئەمجارە ئیجرائاتەکانی وەزارەتی ناوخۆ ھەنگاوی ئیستباقییە و نیەتی تەنگەبەرکردنەوەی زیاتری دیموکراسیی لێ دەخوێنرێتەوە، تا ئەوەی ھەر قۆڵبادانی ھەدەپە بێت.

دیموکراسی لە داکشانێکی وادایە مانشێتە سەرەکییەکەی ھەوڵی ئیحتیواکردنی سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئیستانبول بوو و تایتڵە فەرعییەکانیشی وا لە باکوور کەوتۆتە کار. لەبەرئەوە ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئیستانبول زوو لێی تێگەیشت و دژی کودەتای سپی ئیفادەی دا. ئیفادەی ئەو ھەر لەبەرئەوە نییە قەرزاری دەنگەکانی ھەدەپەیە لە ئیستانبول، بەڵکو دەزانێ ژینگەی سیاسیی لەو وڵاتە، وردە وردە شارەوانییەکان دەخاتە دەست غەیری ئاکپارتی و دەوڵەتی ئاکپارتیش پارێزگارەکانی خۆی لە باکوور و حکومەتەکەی لەسەرتاسەری تورکیا وا بەکار دێنێت پانتایی دەسەڵاتی شارەوانییەکان کەم بێتەوە مادام ئاوەھا لە قازانجی خۆی نەبن.

لە ساڵی ١٩٩١ -ەوە کوردی باکوور بە تایتڵی حزبی کوردییەوە بەشداری ھەڵبژاردنی شارەوانی و پەرلەمان دەکات و لە ھەر وێستگەیەک ھەنگاوێک دەچێتە پێشەوە. تا ئەم ئاستەی ئێستا ھەیە. کە دەوڵەت گەرەکێتی بنکۆڵی بکات.

مۆدێلی قەیومەکان یەک لە دەیان ئامرازن بۆ بەرتەسککردنەوەی ئەزموونی بەشداریی کورد و کلک و گوێکردنی ئیرادەی دەنگدەران، ئەمجارە زوو پەنای بۆ برا، چونکە قەڵاکە لە ئیستانبولیش درزی تێکەوتووە. 

ھەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنھا بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
عەبدولواحید محەمەد
د.بەختیارشاوەیس
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.