وتار
لە دەورانی مام جەلالەوە بۆ قۆناغێکی نوێ

عەدالەت عەبدوڵا

کورد لە بەغدا، پێکھاتەیەکی سیاسی و کارگێریی و پەرلەمانیی ھەیە کە ھەموویان پێکەوە، بەپێی ھەندێک ناولێنان کە لە فەرھەنگی سیاسیی دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا ھەیە، نوێنەرایەتیی ناوچەیەکی جوگرافی- سیاسی دەکەن.

ئەم ناوچەیە بە ڕەسمی ناوی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام خاکەکەی بەگشتی، بەپێی مانا نەتەوەییەکەی کە فەرمی نییە، پێی دەوترێت باشووری کوردستان، ئەمەش بەو پێودانگەی کە جگە لە ھەرێم: (ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ئێستا ھەڵەبجە)ش، ناوچەکانی جێی ناکۆکی -ناوچە کوردستانییەکانیش، دەگرێتەوە.

لەواقیعیشدا، نوێنەرایەتییەکە، لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە (٢٠٠٣ز) تەواوی باشووری کوردستانی گرتۆتەوە. ئێمە لە بەغداو لە (١٤) ساڵی رابردوودا، واتە لە(٢٠٠٥ز)ەوە کە حکومەتی ئینتیقالی عیراق دامەزرا، جگە لە پۆستە سیادییەکان، ھەم وەزیر، ھەم پەرلەمانتار، ھەم پلەداری باڵای تری دەوڵەتیمان لەناو پرۆسەی سیاسیی عیراقدا ھەبووەو تائێستاش ھەیە کە ھەندێکیان بە رەگەزنامە بێت، یان شوێنی نیشتەجێبوون، خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانن، بۆیە، نوێنەرانی کورد لە بەغدا، نوێنەری جوگرافیای باشووری کوردستانن، ئەمەش ئەگەر شەرەفێک بێت بۆ ئەوانەی کە لەناو پێکھاتەی نوێنەرایەتییەکەدان، ئەوا بێگومان ھاوکات و لەیەککاتدا ھەم ئەرکی نوێنەرایەتیکردنەکەیان بۆ سەخت دەکات!، ھەم ستراتیژی ئەو نوێنەرایەتیکردنەکەش.

یەکەم پایەی بەرگری
لەقۆناغی رابردوودا، ئەوەی لەسەرو ھەرەمی نوێنەرانی کوردەوە بووبێت لە بەغدا، خوالێخۆشبوو مام جەلال بوو(١٩٣٣-٢٠١٧ز)، رێکەوتیش وایە کە رەوانشاد خۆی سەربە خانەوادەیەکی دانیشتووی ھەستیارترین ناوچەی کوردستان بێت کە کەرکوکە، ھاوکات سەرکردەیەکی سیاسیش بێت کە پتر لە(٦٠) ساڵە رەمزی بزووتنەوەی سیاسیی کوردە لە باشوورو رێزلێگیراوی بەشەکانی تری کوردستانیشە، بۆیە بەرپرسیارێتیی کەسی نمرە یەک لەو نوێنەرایەتییەدا، بۆ مام جەلال، بەرپرسیارێتییەکی گەورە بوو.

یەکەمجار بوو لە مێژووی نوێی دەوڵەتی عیراقدا (١٩٢١ز) کوردێک بە شێوەیەکی دیموکراتییانە و بە ئیرادەی نوێنەرانی گەل، بۆ بەرزترین پۆستی باڵای ئەم دەوڵەتە ھەڵبژێردرێت کە پۆستی سەرۆک کۆمارە. ئەم پۆستە، ھەم لەڕێگەی ئیستحقاقی یاساکانەوە، ھەم بەھۆی ئەزموون و شارەزایی سیاسیی مام جەلال خۆیەوە، دەبێتە یەکەم پایەی دامەزراوەیی و فەرمیی داکۆکیکردنی دەستوورییانە لە مافە سیاسی و ئابوورییەکانی باشووری کوردستان و نوێنەرایەتیکردنی دانیشتوانەکەشی لەناو دەوڵەتدا.

لەپێگە دەوڵەتییەکەیدا لە بەغدا، مام جەلال، ھەموو سەرمایەی پەیوەندییە مێژووییە سیاسی و ئایدیولۆژیی و تەنانەت کۆمەڵایەتییەکانیشی لەگەڵ پێکھاتەکانی تری عیراق و نوێنەرە سیاسییەکانیاندا وەبەرھێنابوو و خستبووەگەڕ، بۆ ئەوەی، پێش ھەر ستراتیژێکی تری ئەو نوێنەرایەتیکردنە، پێکھاتەکانی عیراق و نمایندە سیاسییەکانیان بە دیفاکتۆی ئەزموونی ھەرێم رازی بکات کە ئەوکات تا ساڵی(٢٠١٧ز) لەرووی دەستوورییەوە، قەوارەیەکی سیاسیی زۆر جیاواز و تایبەت بوو!، خاوەن کۆمەڵێک مافی زیاتر بوو لەوەی کە ھەرێمەکان لەناو وڵاتە فیدراڵییەکاندا ھەیانە، ئەمە تا ئەو رادەیەی کە زۆر چاودێر و لێکۆڵەر لەعیراقدا پێیان وابێت ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی کۆنفیدراڵە!، زیاتر لەوەش، گەورە توێژەرێکی وەک «ئۆڤرا بینیگیۆ» لە کتێبێکیدا کە دەقە عەرەبییەی لە»دار الساقی» لە لوبنان لە(٢٠١٤ز) بڵاوبۆتەوە، پێی وابێت ئەوەی کوردەکان لە عیراقدا بەڕێوەی دەبەن «بونیادنانی دەوڵەتە لەناو دەوڵەتدا»!.


رەمزی دیفاکتۆی ھەرێم
مام جەلال، بە کردەیی، رەمزێکی گەورەی نوێنەرایەتیکردنی ئەو دیفاکتۆیە بوو کە بریتی بوو لە قەوارەیەکی نیمچە دەوڵەتییانەی کورد لەعیراقدا، بۆ ئەوەی ئەو ستراتیژەش بژی و درێژەی ھەبێت، سیاسەتی راگرتنی پەیوەندیی و جۆرێک لە ھاوسەنگیی لەنێوان ھەردوو پێکھاتەی شیعە و سوننەی لەوڵاتدا، پاراستبوو. ئەو بڕوای زۆری بە دوورگرتنی کورد ھەبوو لەو ململانێ تایەفەگەرییە سیاسییەی کە لەدوای کەوتنی رژێمی بەعسەوە (١٩٦٨-٢٠٠٣ز) لەعیراقدا و بە دنەدان(تحریچ)ی ھەرێمایەتی و ناوچەیی، ھاتبووە ئاراوە.


لەماوەی سەرۆکایەتیی کۆماردا، مام جەلال توانی لەرێی ئەم سیاسەت و رۆڵەوە خۆی وەک بێلایەنترین و کاریگەرترین کاراکتەری سیاسیی عیراق لەناو وڵاتدا بسەپێنێت. ئەو زۆرجار لەسەرو دەسەڵاتە دەستوورییەکانییەوە، بە پشتبەستن بە ئەزموون و پەیوەندییەکانی و شارەزایی سیاسیی خۆی، ھاوکات وەک کەسایەتییەکی کاریزمی و مەرجەعێکی سیاسی، توانیبووی «کۆشکی سەلام» لەبینایەکی سیمبولیکی دەوڵەتەوە بگۆڕێ بۆ چەتری کۆکردنەوەی گروپە سیاسییە بەریەککەوتووەکان، بگرە بیکاتە ماڵە گەورەکەی عیراقییەکان و چەقی جڵەوکردنی بەشێک لەو گرژییە مەترسیدارانەش کە لە چوارچێوەی ململانێ تایەفەگەرییەکاندا، ناوبەناو، تا سنووری تەقینەوە، دەھاتنە ئاراوە.


بە دەستەواژەیەکی تر، تاڵەبانی، وەک سەرۆک کۆمار، ببووە سەنگەری یەکەمی بەرگریکردن لە دیفاکتۆی ھەرێم، بوژانەوەی سیاسی، ئابووری، دیبلۆماسی، ھەروا خۆشگوزەرانیی ھاووڵاتیانیش کە لە چوارچێوەی پشکی (١٧%)ی ھەرێمدا، سەریھەڵدابوو، بە تایبەتی لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٣ز)، سەرلەبەر، زادەی ھونەری سەرکردایەتیکردنی حەکیمانەی نوێنەرایەتیکردنی دیفاکتۆی ھەرێم بوو لەو قۆناغە مێژووییەدا.


ھەر لەسەردەمی ئەویشدا بوو کە مۆرکی کوردستانییانەی ناوچەکانی جێی ناکۆکی بەھێزتر ببوو، لەو پەرەسەندانەشدا، سەرۆک تاڵەبانی، لەیەک کاتدا، ھەم لە ھاوئاھەنگیدا بوو لەگەڵ بەڕێز «مەسعود بارزانی»دا، ھەم بەردەوام وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسە کوردەکانی ناو دەزگا دەوڵەتییەکانی عیراقی لە خۆی کۆدەکردەوە و پەیوەندیی لەگەڵدا دەگرتن، ئاڵوگۆڕی بیروڕاو و راوێژی پێدەکردن و خۆیشی رێنوێنی دەدانێ و پرسە ئاڵۆزەکان و شێوازی کارکردن و ھەڵوێستوەرگرتنی لە رووداوەکانی عیراق و دەرەوەی بۆ شی دەکردنەوە، بەجۆرێک کە ھەمووان وەک تیم و تۆڕێک Network، کاربکەن و، مەرجەعی خۆیشیان لە ئاڵوگۆڕە ئاڵۆزەکاندا، بزانن.


جگە لەوە، تاڵەبانی بایەخێکی زۆری بە پەیوەندیی لەگەڵ ھێزە شیعە و سوننەکانی عیراق و پارتە تورکمان و مەسیحییەکان و پێکھاتەکانی تردا دەدا. ھاوکات، دۆستاییەتیکردنی توندوتۆڵی لەگەڵ ئێرانییەکان و ئەمریکییەکانیشدا رەچاو دەکرد، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە ئەمریکییەکان رەخنەکیان لێی ھەبووایە، کاریان نەدەگەیاندە سنووری دەستبەرداربوون لە تاڵەبانی، بەتایبەتی کە مام جەلال رەگی خۆی لەناو پرۆسەی سیاسیدا داکوتابوو، بەتەواوی ببوە جێی متمانەی عیراقییەکان و مەرجەعە ئاینییە باڵاکانی وڵات.


بۆشایی تاڵەبانی و پاشەکشە و ھەڵە
ھەموو ئەو رۆڵە میحوەرییانە، بە گشتی و لەکۆتاییدا، بۆ ئەوە بوو کە پێگەی کورد لە بەغدادا قبووڵکراو بێت، ئامانجێکی تاڵەبانی ئەوەبوو کە لەڕێی بەدەستھێنانی پاڵپشتییە سیاسی و میللییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە، ھەلی چەسپاندنی زیاتری دیفاکتۆی ھەرێم و کۆکردنەوەی زۆرتری دەستکەوتی سیاسی و ئابووریی بۆ باشووری کوردستان ھەمواربێت. لەوەش زیاتر جارێکی تر کەڵکەڵەی رەگەزپەرستی و سیاسەتی دژایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە عیراقدا سەرھەڵنەداتەوە کە بەداخەوە لەگەڵ نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی و دوورگرتنی لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە لەدوای خۆی بەجێی ھێشت، ئەو گرژیی و نەیارێتییە سیاسییە لەبەرامبەر کورد و مافە دەستوورییەکانیدا دەستیان پێکردەوە، لەوەشدا بێگومان ئۆباڵی بەشێکی ئەو ھەلومەرجە ترسناکانە، بە زۆر پێوەر، لەئەستۆی خودی سەرکردایەتیی کورد خۆیدا بوو کە نەیتوانی درێژە بە رێڕەوی سیاسەتی نەرم و دوورمەودای تاڵەبانی بدات لە عیراقدا و کەوتە داوی دوو ھەڵەی ستراتیژییەوە کە یەکەمیان دروستبوونەوەی دووبەرەکیی نەتەوەیی بوو کە لەپڕۆژەی ریفراندۆمدا تەقییەوە، دووەمیشان: جۆرێک لە لایەنگیریی تایەفەگەریی لەناو پرۆسەی سیاسیی وڵاتدا، کە ئەمەشیان، لانیکەم، بەشێک لە دەسەڵاتدارانی شیعەی عیراقی لەدژی کورد ھانداو زیان و سزای زۆری ھەرێمی کوردستانیان دا.


قۆناغی نوێی سەرکردایەتیکردن
ئێستا بێگومان قۆناغێکی نوێ لە عیراقدا ھاتۆتە پێشەوە کە پێویستییی بە بوژاندنەوەی کەلەپور و کەلتووری مام جەلال-ە لە سەرکردایەتیکردنی نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا، رێکەوتیش وایە کە دۆستێکی کورد لەمڕۆدا لە ھەرەمی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردندایە لە عیراق کە ئەویش د. عادل عەبدولمەھدی-یە. تەنانەت سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، د.محەمەد حەلبوسی، بەپێی بۆچوونی ھەندێک لە کاربەدەستانی کورد لە بەغدا و بە تایبەتیش پەرلەمانتاران، تا رادەیەکی باش و ھەتا ئێستا، کاراکتەرێکی داخراو نییە بە رووی پێکھاتەی کورد و نوێنەرە سیاسییەکانیدا لە بەغدا و ھەرێمیش.


بێگومان، لەسەرو ئەوانیشەوە، سەرۆک کۆمار، «د. بەرھەم ئەحمەد ساڵح» خۆی ھەیە کە لە زۆر بۆنەدا، بە شانازییەوە خۆی وەک قوتابییەکی قوتابخانەکەی مام جەلال ناودەبات. ئەو ماوەیەکی زۆریش لە بەغدا لەگەڵ مام جەلال-دا کاریکردووە، لە نزیکەوە ئاشنای شێوازی ئیدارەدانی پێگەی سەرۆکایەتیی کۆمارە و زانیاریی و باکگراوندی زۆریشی لەسەر ھاوکێشە و کێشمەکێش و ململانێ ناوخۆییەکانی ناو عیراق ھەیە، ھاوکات سەرۆکێکی دەنگپێدراوی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیشە، واتە لە ئاستێکی باڵادا متمانەی ھەیە و پێیدراوە.


سەرۆک کۆمار، دەتوانێت لەم قۆناغەدا، جگە لە ئەزموونی کارکردنی خۆی لە ھەردوو حکومەتی عیراق و ھەرێمدا، بگەڕێتەوە بۆ کەلەپووری سیاسیی مام جەلال-یش لە مامەڵە و پەیوەندییە سیاسییەکانیدا، بەتایبەتیش پەیوەندیی لەگەڵ ھێزە ناوچەیی و زلھێزەکان کە کاریگەرییان لەسەر عیراق و دۆسێ و رووداوەکانی ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە، پەیوەندیی لەگەڵ پێکھاتەکانی عیراق و نوێنەرە سیاسییەکانیان کە بەرپرسیارێتیی دەستوریی دەخەنە ئەستۆ، پەیوەندیی لەگەڵ ھێز و پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستاندا کە دەشێ لە ڕێی فراکسیۆنەکانیان و بەرپرسە حکومییەکانیانەوە لە بەغدا ببنە ھێزێکی مەعنەوی بۆ دامەزراوەی سەرۆکایەتیی کۆمار، پەیوەندی لەگەڵ تەواوی ئۆرگان و ئەندامانی حزبەکەی خۆیشی کە لەکۆتاییدا دەتوانن بۆی ببنە پاڵپشتێکی بەھێز بۆ سەرخستنی ستراتیژی نوێنەرایەتیکردنی کورد لە بەغدا و سەرکردایەتیکردنی و پیشاندانی نموونەیەکی تری شیاو بۆ ئەو سەرکردایەتیکردنە.


پرۆسەیەکی سەخت
بە کورتی، نوێنەرانی کورد، بەو پێکھاتە نوێیەی کە لەدوای ھەڵبژاردنی (٢٠١٨ز)ەوە ھاتۆتەوە بەغدا، پێویستییان بە سەرکردایەتییەکی بەھێزە لەبەغدا. سەرۆک کۆمار، بە حوکمی پێگەی باڵای لەناو دەوڵەتدا، گونجاوە بۆ ئەوەی وەک قۆناغی مام جەلال، ئەو ئەرکە مێژووییە بگرێتە ئەستۆ و ھەر خۆیشی رۆڵی ھەبێت لەوەی تەواوی مەرجەکانی ئەو ئەرکە فەراھەم ببن کە پێش ھەر شتێک بریتییە لە بنیاتنانەوەی تۆڕێکی پەیوەندیی فراوانی ھەمەلایەن لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ھاوکات دانانی ستراتیژێکی سیاسیی دیاریکراو کە تیایدا پێگەی کورد لەعیراقدا، پلە بەپلە، ببوژێتەوەو – لانیکەم- بگەڕێتەوە بۆ دەورانی مام جەلال، بەتایبەتی کە جێبەجێکردنی ستراتیژێکی لەو جۆرە لەدوای رووداوەکانی ریفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، پرۆسەیەکی مێژوویی سەختە، ئەم پرۆسەیە سەرۆک کۆمار، وەک کەسی یەکەمی کورد لە عیراق، ھاندەدات کە بەغدا و ھەرێم زیاتر لەیەک نزیک بکاتەوە، لە رێی دانوستاندن و گفتوگۆی کراوە و کرانەوەی ھەردوولاشەوە بەڕووی یەکتریدا، دۆسێ و کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوانیان، جڵەوبکات.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
عەبدولواحید محەمەد
د.بەختیارشاوەیس
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.