ترافیک
بەم جۆرە بزانە ھایدرۆلیکی گێڕ ئۆتۆماتیک پیس بووە
SNN: کۆسار مەحمود

ھایدرۆلیکی ئۆتۆمبێلی (گێڕ ئۆتۆماتیک ) پاش ڕۆشتنێکی زۆر ڕەنگە پێویستی بەگۆڕین ھەبێت و لەگەڵ نزیک بونەوەی کاتی گۆڕینیشی چەند نیشانەیەک لە ئۆتۆمبێلەکەت دەردەکەوێت

لەوبارەیەوە بەشی ڕێنمای بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەڵەبجە  بەم شێوازە کاتی گۆڕینی ھایدرۆلیکی گێڕ ـ ی خستوەتە ڕوو :

١- ئەگەر ھایدرولیکەکە بۆنی سوتاوی لێبێت.
٢- ئەگەر رەنگی رەش بوو، لینجی نەمابوو.
٣- گێڕەکە درەنگ دەگۆڕێت.
٤- لە کاتی گۆڕیندا دەنگ دەردەکات، یان ئۆتۆمبێلەکە تەکان پێدەدات.
٥- فڕەی کرانکی ئۆتۆمبێلەکەت بەرز دەبێت، بەڵام کێشی رۆشتنی نییە.

لەڕێنماییەکاندا ئەوەشخراوەتەڕوو : زۆرێک لە ئۆتۆمبێلە نوێیەکان، شیشی (پێوانی رۆنی گێڕ لابراوە) ، بەوەش بەکارھێنەر دەبێت تەماشای کەتەلۆکی ئۆتۆمبێلەکە بکات تا بزانێت لە چەند کیلۆمەتردا دەبێت ھایدرۆلیکەکە بگۆڕدرێت، یان ئەگەر ھەستت بەو نیشانانە کرد، دەتوانیت بیگۆڕیت.

ئاماژە بەوەشکراوە :لە کاتی گۆڕینی ھایدرۆلیکی گێڕ، روبەرووی ھەندێک کێشە دەبینەوە لەوانە : 
١- گۆڕینی ھایدرۆلیک وەک گۆڕینی رۆنی مەکینە ئاسان نییە، پێویستی بە کەسی شارەزا ھەیە ئەنجامی بدات.

٢- زۆرکات پاش گۆڕنی ھایدرۆلیک بە ماوەیەک (ھەفتە یان دوو ھەفتە)، گێڕ کێشەی تێدەکەوێت، ئەویش بەھۆی گونجانی گێڕەکە لەگەڵ ھایدرۆلیکە پیس بووەکە، کاتێک ھایدرۆلیکی نوێی تیدەکرێت دانەکانی خراپ دەبێت. بۆ چارەسەری ئەوەش، پسپۆڕان چەند رێنماییەکیان داناوە.

٣- لای کەسێکی شارەزا نیوەی رۆنە پیسەکە خاڵی بکە و رۆنی تازەی تێبکە، بۆ ماوەی ھەفتەیەک لەسەری بڕۆ، دواتر نیوەی تری خاڵی بکە و رۆنی تازەی تێبکە، ھەفتەی سێیەم، ھەموو رۆنەکە بگۆڕە بە رۆنی نوێ.

٤- بەھۆی ئەوەی رێگای پێشوو ماندوو بوونی زۆر دەوێت، دەتوانرێت ھەندێک مادەی تایبەت بە پاککردنەوەی ناو گێڕ لەگەڵ گۆڕینی ھایدرۆلیک بەکاربھێنرێت، ئەوەش تەنھا بە کەسی شارەزا دەکرێت.

بە شێوەیەکی گشتیش، دەبێت لە ھەر (١٠٠ ھەزار) کیلۆمەتردا، ھایدرۆلیکی ئۆتۆمبێل بگۆڕدرێت ئەگەر نا زیان بەگێڕی ئۆتۆمبێل دەگات، یان لاواز دەبێت، یان خراپ دەبێت.
مانگ پێشتر - Jun 12 2019 11:10AM
3289
بابه‌تی زیاتر