هەواڵ
دارایی‌ عیراق په‌یامێك ئاڕاسته‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ده‌كات
لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق جگه‌ له‌ پشكی(12,67%)ی هه‌رێم، رێگه‌ به‌ تێپه‌ڕاندنی هیچ رێژه‌یه‌كی دیكه‌ ناده‌ن و په‌رله‌مانتارێكی شیعه‌ش دڵنیایی به‌ موچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت"ناردنی 317ملیار دیناره‌كه‌ى موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌رده‌وام ده‌بێت".

عه‌بدولهادی موحان په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌SNNی راگه‌یاند: هاوشێوه‌ی ساڵی رابردوو، بودجه‌ی ساڵی 2019یش له‌سه‌ر بنه‌مای رێژه‌ی دانیشتووانی پارێزگاكان دیاریكراوه‌، به‌وپێیه‌ش پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عیراق بریتییه‌ له‌(12,67%).

وتیشی:"جگه‌ له‌و رێژه‌یه‌، هیچ ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تایبه‌ت به‌ پشكی هه‌رێم تێناپه‌ڕێنرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ رێژه‌ی راسته‌قینه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كه‌ سه‌ر به‌ هاوپه‌یمانێتی بنیاته‌، دێته‌ سه‌ر باسی موچه‌خۆرانی هه‌رێم و رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێی داتاكانی حكومه‌تی هه‌رێم، ژماره‌ی موچه‌خۆرانیان بریتییه‌ له‌ ملیۆنێك و 200 هه‌زار كه‌س، له‌كاتێكدا لای وه‌زاره‌تی دارایی عیراق ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌نێوان(650 – 680)هه‌زار موچه‌خۆره‌، بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ش ده‌بێت دیوانی چاودێری دارایی عیراق لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ژماره‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم بكات.

ئه‌وه‌شی وت:"ده‌بێت دیوانی چاودێری دارایی عیراق سه‌ردانی هه‌رێم بكات و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌موچه‌خۆری هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان بكات، بۆئه‌وه‌ی ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم روون بێته‌وه‌، له‌ ئه‌گه‌ری ره‌تكردنه‌وه‌ی هاتنی دیوانی چاودێری داراییش له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌، به‌غدا ئاماده‌ نییه‌ پاره‌ی موچه‌ی ملیۆنێك و 200 هه‌زار موچه‌خۆر بنێرێت".

عه‌بدولهادی موحان، دڵنیایی به‌موچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت،"رێكنه‌كه‌وتنی نێوان هه‌رێم بو به‌غدا له‌سه‌ر بودجه‌، هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ناردنی 317 ملیار دیناره‌ مانگانه‌كه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نابێت و ناردنی ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كێشه‌و ململانێكانی نێوان به‌غداو هه‌رێمه‌و مانگانه‌ له‌كاتی خۆیدا ره‌وانه‌ ده‌كرێت".


SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

  7 مانگ پێشتر - Jan 7 2019 8:58AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.