هەواڵ
یه‌كێتیی هۆكاری‌ دواكه‌وتنی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاشكراده‌كات
یه‌كێتیی‌ ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ هۆكاری‌ دواخستنی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌ت له‌ئه‌ستۆی‌ حزبه‌كیدا بێت، ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیش چه‌ند زانیاریه‌ك له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ پێكنه‌هێنانی‌ كابینه‌كه‌وه‌ ئاشكراده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هیچ لایه‌نێك له‌لایه‌نه‌ به‌شداربوه‌كانی‌ حكومه‌ت ناتوانێت به‌ته‌نها پرۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت".

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "له‌بنه‌ڕه‌تدا كه‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌ت دواكه‌وتوه‌، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ به‌دواخستنی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ نێوان یه‌كێتیی‌ و پارتیه‌وه‌ نییه‌".

وتیشی‌:"كاتێكیش پرۆسه‌كه‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ نه‌چوه‌، كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ست هه‌ن پێویستیان به‌دانیشتن و گفتوگۆی‌  زۆرتر هه‌یه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا".

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، پرۆسه‌كه‌ ته‌نها به‌یه‌كێتیی‌ و به‌پارتی و به‌گۆڕانیش به‌ته‌نها  به‌ڕێوه‌ناچێت، "به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ڕێكبكه‌ون پرۆسه‌كه‌ بۆ پێشه‌وه‌ به‌رن، به‌ڵام له‌كاتێكدا هاوكارو لێكتێگه‌یشتن له‌نێوانیاندا نه‌بێت كه‌ هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌، هۆكارن بۆ دواخستنی‌ پرۆسه‌كه‌".

سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، "ئه‌و سێ لایه‌نه‌ ڕای‌ جیاوازیان له‌سه‌ر زۆر پرس هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌پێكهێنانی‌ كابینه‌كه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌رسێ لایان به‌رپرسن له‌به‌ره‌و پێشنه‌چونی‌ پرۆسه‌كه‌".

وه‌كو ئه‌سه‌سه‌رد وتی‌:"كۆبونه‌وه‌ی‌ نێوان لایه‌نه‌كان به‌مزوانه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كاتێك له‌گه‌ڵ براده‌رانی‌ پارتی‌ داده‌نیشین، ئه‌وان داوای‌ ناوه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كان دیاریبكه‌ن، لای‌ یه‌كێتیش مه‌سه‌له‌كه‌ دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌ وزاریه‌كان نییه‌، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت به‌رنامه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ چوارساڵی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌هێزبێت".

ئه‌وه‌شی‌ وت:"پارتی‌ خۆشی‌ وتویه‌تی‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌م حكومه‌ته‌ حكومه‌تێكی‌ به‌هێزبێت، ئێمه‌ش وه‌كو یه‌كێتیی جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ حكومه‌تی‌ به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ له‌ناوخۆیدا ته‌بابێت و یه‌كگرتوبێت، یه‌كێتیی‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و ته‌بایی‌ و یه‌كگرتویه‌ پێش پێكهێنانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ دابینبكرێت".

به‌وته‌ی‌ ئه‌سه‌سه‌رد، "چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر كۆی‌ پرسه‌كان ڕێكنه‌كه‌وین دوای‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت ئه‌و یه‌كگرتوی‌ و ته‌باییه‌ نامێنێت، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان وه‌كو پارتی‌ داوای‌ حكومه‌تێكی‌ به‌هێز ده‌كه‌ن، ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتیی زیاتر دڵسۆزی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌هێزو یه‌كگرتوه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵپه‌ساردنی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ نێوان یه‌كێتیی‌ و پارتیش وتی‌:"كۆبونه‌وه‌كان به‌رده‌وامیان ده‌بێت، ده‌مانه‌وێت پێداویستیه‌كانی‌ بونی‌ حكومه‌تێكی‌ به‌هێز دابینبكه‌ین، نه‌ك هه‌ر به‌قسه‌، به‌ڵكو پێشئه‌وه‌ی‌ پێكبهێنرێت له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كان به‌یه‌ك پاكێج ڕێك بكه‌وین، حكومه‌تێكی‌ به‌هێز پێكبهێنین كه‌ بتوانێت ئه‌ركه‌كانی‌ خۆی‌ جێبه‌جێبكات، حكومه‌تێكمان ناوێت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پێكده‌هێنرێت نه‌توانێت ئه‌ركه‌كانی‌ جێبه‌جێبكات، ئه‌وه‌ ئه‌زمونێكه‌ له‌چوار ساڵی‌ ڕابردودا به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕیوه‌".


SNN:

شادان حه‌سه‌ن

  6 مانگ پێشتر - Jan 12 2019 8:34AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.