هەواڵ
په‌یامێك بۆ هه‌موو موچه‌خۆرانی هه‌رێم.."فه‌سڵناكرێن"
یه‌كێتیی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان له‌سه‌ر بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی فه‌رمانبه‌ری زیاده‌وه‌ هاته‌ده‌نگ و سه‌رۆكی یه‌كێتییه‌كه‌ش ورده‌كاریی ئه‌و داوایه‌ی حكومه‌ت ئاشكراده‌كات، دڵنیاییش به‌فه‌رمانبه‌ران ده‌دات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌گوێره‌ی‌ یاسا هیچ فه‌رمانبه‌رێك فه‌سڵناكرێت".

یوسف عوسمان سه‌رۆكی یه‌كێتیی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان، به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "له‌ڕوی یاساییه‌وه‌، وه‌زاره‌تی دارایی به‌رپرسه‌ له‌دابه‌شكردنی میلاكاتی فه‌رمانبه‌ران به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كاندا، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له‌دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومه‌تدا زیاده‌و بێكار بێت، ئه‌وه‌ ده‌بێت دیاریبكرێن و دواتر به‌سه‌ر ئه‌و فه‌رمانگانه‌دا دابه‌شبكرێن كه‌ كێشه‌ی كه‌می میلاكیان هه‌یه‌".

وتیشی:"ساڵانه‌ به‌شێك له‌وه‌زاره‌ته‌كان نوسراو بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ن كه‌ پێویستییان به‌ڕاژه‌ی كۆمه‌ڵێك فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌ به‌گوێره‌ی‌ پسپۆڕییه‌ جیاوازه‌كان، بۆیه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ زیادانه‌وه‌ كه‌ ناوه‌كانیان ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێت، به‌سه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌دا دابه‌شده‌كرێن كه‌ له‌شوێنی خۆیان پێویستیان پێیان نییه‌".

سه‌رۆكی یه‌كێتیی فه‌رمانبه‌ران دڵنیایی به‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌دات كه‌ زیاده‌ن و هیچ كارێكی دیاریكراویان له‌فه‌رمانگه‌كانیان نییه‌و ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌یانگرێته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌گوێره‌ی‌ یاسا ناتوانرێت هیچ فه‌رمانبه‌رێك فه‌سڵ بكرێت، به‌ڵكو ڕێوشوێنه‌كان ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر داموده‌زگاكانی حكومه‌ت دابه‌شده‌كرێنه‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد، "ته‌نها له‌یه‌ك حاڵه‌تدا فه‌رمانبه‌ر فه‌سڵده‌كرێت، ئه‌ویش له‌ماوه‌ی ساڵه‌كه‌دا به‌بێ مۆڵه‌ت و هیچ هۆكارێك، بۆ ماوه‌ی مانگێك ده‌وامنه‌كات و پابه‌ندنه‌بێت به‌كاته‌كانی ده‌وامه‌وه‌".

به‌گوێره‌ی‌ نوسراوی ژماره‌ (1774)ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كه‌ له‌ڕۆژی 31ی 3ی 2019 ده‌رچوه‌، داواده‌كات هه‌ر وه‌زاره‌ت و داموده‌زگایه‌ك ناو و ژماره‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و قه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ زیادن له‌میلاكیان ئاماده‌بكه‌ن، له‌گه‌ڵ جیاكردنه‌وه‌ی ناوو ژماره‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ ته‌نها موچه‌ وه‌رده‌گرن و هیچ شوێن و ئه‌ركێكیان نییه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌وامناكه‌ن و ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی بكه‌ن.


SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

  4 مانگ پێشتر - Apr 20 2019 9:48AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.