هەواڵ
دانیشتوانی‌ سلێمانی‌ و ده‌وروبه‌ری‌ له‌مه‌ترسیه‌ك ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌
هۆشداریه‌كی‌ به‌په‌له‌ به‌دانیشتوانی‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی‌ گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین ده‌درێت، ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانیش مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر ژیانیان ئاشكراده‌كات، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ چاودێری‌ بازرگانی‌ سلێمانیش چه‌ند زانیاریه‌كی‌ گرنگ ئاشكراده‌كات.

له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ كه‌ په‌یامنێری‌ SNN ئاماده‌یبوو، محه‌مه‌د شێخ وه‌هاب ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاو سۆران عه‌بدولغه‌فور به‌ڕێوه‌به‌ری‌ چاودێری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ چه‌ند زانیاریه‌كی‌ گرنگیان له‌باره‌ی‌ چه‌ند ماده‌یه‌كی‌ خۆراكیه‌وه‌ ئاشكراكرد.

له‌سه‌ره‌تای‌ كۆنگره‌كه‌دا محه‌مه‌د شێخ وه‌هاب ڕایگه‌یاند، "وه‌كو ئه‌نجومه‌ن هۆشداریه‌ك به‌دانیشتوانی‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ردوو ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین ده‌ده‌ین كه‌ چه‌ند خۆراك و شمه‌كێكی‌ هاوڵاتیان هاتۆته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌ كه‌ به‌كارهێنانیان مه‌ترسیداره‌".

وتیشی‌:"دوای‌ به‌دواداچونمان، بۆمان ده‌ركه‌وت له‌م مانگی‌ ڕه‌مه‌زانه‌و پێشتریش هه‌ندێك كاڵاو شمه‌ك و خواردن هێنراونه‌ته‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ كه‌ به‌بێ‌ گوێدانه‌ یاساو ڕێنماییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ و پلاندانان و كۆنترۆڵی‌ جۆری‌ هێنراون و ته‌قلیدن، بۆیه‌ هاوڵاتیان ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ خۆیان به‌دوربگرن له‌كڕین و خواردنیان، چونكه‌ مه‌ترسیدارن".

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "جۆرێكی‌ په‌نیر هێنراوه‌ته‌ بازاڕه‌كانی‌ سلێمانیه‌وه‌ كه‌ له‌هه‌مانكاتدا ته‌قلیده‌كه‌شی‌ هاتوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هاوڵاتیان زۆر وردبن له‌كاتی‌ كڕینی خۆراك و پێویستیه‌كانیاندا، ناكرێ‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ چه‌ند بازرگانێك ژیانی‌ هه‌مومان بكه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ وت:"ئێمه‌ ڕوی‌ ده‌ممان ده‌كه‌ینه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، پێویسته‌و ده‌شبێت حكومه‌ت كاری‌ جدی‌ بكات بۆ ڕێگریكردن له‌و دیارده‌یه‌، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌حاڵه‌ته‌وه‌ بۆته‌ دیارده‌و له‌چه‌ندین مۆڵ و ماركێتی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بابه‌تی‌ مه‌ترسیدار بونیان هه‌یه‌ كه‌ به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێن و به‌ده‌ره‌ له‌ڕێنماییه‌كان، بۆیه‌ هیوادارین داواكاری گشتیی له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ و ته‌ندروستی‌ هاوڵاتیان بێته‌سه‌رخه‌ت و ئه‌و مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌یه‌ بنبڕبكات".

لای‌ خۆیشیه‌وه‌ سۆران عه‌بدولغه‌فور به‌ڕێوه‌به‌ری‌ چاودێری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ ئاشكرایكرد، "هه‌موو ئه‌و كاڵایانه‌ی‌ ده‌هێندرێنه‌ ناو هه‌رێمه‌وه‌ پێویسته‌ به‌گوێره‌ی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ عیراق بێت، بۆ نمونه‌ ماوه‌ی‌ ده‌رچون و به‌سه‌رچونی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌سه‌ر نوسرابێت و ناشبێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و واده‌یه‌ به‌له‌زگه‌ نوسرابێت".

له‌په‌یامێكیشدا بۆ هاوڵاتیان سۆران وتی‌:"داواده‌كه‌ین هه‌ر بابه‌تێكی‌ خۆراكی‌ و شمه‌كێك ئه‌گه‌ر به‌له‌زگه‌ واده‌ی‌ به‌سه‌رچونی‌ له‌سه‌ر نوسرابوو، ئه‌وا خۆیان له‌كڕینی‌ به‌دوربگرن و لیژنه‌كانی‌ قائیمقامیه‌تی‌ لێ‌ ئاگاداربكه‌نه‌وه‌".


SNN:

سۆران سه‌عید

 مانگ پێشتر - May 14 2019 10:44AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.