هەواڵ
وه‌زاره‌تێكی هه‌رێم كێشه‌ دروست ده‌كات.. هۆشداری ده‌درێت
پارتی ده‌یه‌وێت له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بكات به‌وه‌زاره‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و په‌رله‌مانتارێكی پێشووی په‌رله‌مانی عیراق روونكردنه‌وه‌ی یاسایی ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت"به‌پێی ده‌ستوور هه‌رێم ناتوانێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ هه‌بێت".

به‌وته‌ی په‌رله‌مانتارانی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌وڵی جدی ده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌كابینه‌ی نۆیه‌م بكرێت به‌وه‌زاره‌تی هه‌رێم بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، هاوشێوه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق.

له‌وباره‌یه‌وه‌، زانا رۆستایی په‌رله‌مانتاری پێشوو له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌SNNی راگه‌یاند، به‌پێی ده‌ستووریی عیراق كاروباره‌كانی(ده‌ره‌وه‌، به‌رگری، دارایی و ناخۆ) كاروباری فیدراڵین و هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان ناتوانن ئه‌و كاروبارانه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن.

وتیشی:"هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت ته‌نها په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كونسوڵخانه‌و نووسینگه‌ی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناو هه‌رێم هه‌بێت نه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌".

ئاشكراشیكرد، ئه‌گه‌ر هه‌وڵ هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بكرێت به‌وه‌زاره‌تی هه‌رێم بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت سنووری ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیاریكراوبێت و ناتوانێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا ببه‌ستێت.

به‌وته‌ی زانا رۆستایی، پێشووتر عیراق چاوپۆشی كردووه‌ له‌ كارو په‌یوه‌ندییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، به‌ڵام هه‌ركات ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌تی عیراق زیاتر به‌هێز بوو، ئه‌وه‌ چیتر ئه‌و چاوپۆشییه‌ ناكه‌ن و رێگه‌ناده‌ن هه‌رێم ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی هه‌بێت.


SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

 مانگ پێشتر - May 23 2019 8:42AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.