هەواڵ
یه‌كێتی بێمنه‌ت بوونی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت
یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت به‌بێ یه‌كێتی ئاشكرا ده‌كات و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و حزبه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، "ده‌بێت پارتی ئه‌و راستییه‌ بزانێت كه‌ ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی كابینه‌كه‌یان، ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی ناوچه‌یه‌كی بچوكدا قه‌تیس ده‌بێت".

هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، له‌ لێدوانێكدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی هه‌ر سوربێت له‌سه‌ر به‌شداری نه‌كردن، ئه‌وا حزبه‌كه‌ی به‌رده‌وام دبه‌ێت له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ حكومه‌ت و پرۆسه‌كه‌ راناوه‌ستێت.

له‌وه‌ڵامی ئه‌و لێدوانه‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی پارتی، هه‌ڵۆ پێنجوێنی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، به‌SNNی راگه‌یاند، له‌ڕووی جوگرافییه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان دابه‌شبۆته‌ سه‌ر دوو حزب، بۆیه‌ پارتی ده‌توانێت به‌بێ یه‌كێتی كابینه‌ی نۆیه‌م پێكبهێنێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ بزانێت كه‌ ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی كابینه‌كه‌یان، ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی ناوچه‌یه‌كی كه‌مدا قه‌تیس ده‌بێت.

وتیشی: "بۆیه‌ به‌بێ یه‌كێتی مه‌حاڵه‌ بتوانرێت حكومه‌تی داهاتوو پێكبهێنرێت".

ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ی یه‌كێتی راشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر پارتی نه‌یه‌ته‌ پێشه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوانمان و پێداگری بكات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌هیچ كاندیدێكی یه‌كێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك نه‌دات، ئه‌وه‌ ئێمه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداری له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م ناكه‌ین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ یه‌كێتی دوو رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌، "ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بن پێوه‌ی پابه‌ندبن و ده‌نگ به‌ پارێزگارێكی یه‌كێتی بۆ كه‌ركوك نه‌ده‌ن، ئێمه‌ش به‌شداری له‌ حكومه‌ته‌كه‌یان ناكه‌ین".

هه‌ڵۆ پێنجوێنی وتیشی، له‌ ماوه‌ی 15 رۆژی رابردوودا به‌رپرسانی باڵای پارتی بڵاویانده‌كرده‌وه‌ كه‌ پارێزگاری داهاتووی كه‌ركوك بۆ یه‌كێتی نییه‌، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ نییه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌بوو پابه‌ندی رێكه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بن.


SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

 مانگ پێشتر - May 31 2019 9:03AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.