هەواڵ
وەزارەتی دارایی مەترسییەک دروستدەکات
وەزارەتی دارایی و ئابوری، بڕیارەکەی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بۆ تەرخانکردنی بڕە پارەیەک بۆ فەرمانگەی ئاوی سلێمانی دوادەخات، بەڕێوەبەری فەرمانگەکەش ڕایدەگەیەنێت: "چەند ئەو پارەیە دوابکەوێت، مەترسی دروستبوونی بێ ئاوی زیاتر دەبێت".

سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی بەSNNی راگەیاند: "سەرەڕای بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بۆ تەرخانکردنی چوار ملیارو ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ ئاوی سلێمانی بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانمان، تا کێشەی کەمئاوی ڕوونەدات، تائێستا وەزارەتی دارایی بڕیاری خەرجکردنی پارەکەی دەرنەکردووە".

وتیشی:" بەشێک لەڕێکارەکان بۆ خەرجکردنی پارەکە جێبەجێکراون، بەڵام لەئێستادا نوسراوەکە گەیشتۆتە وەزارەتی دارایی و بڕیاری خەرجکردنی پارەکەش دەرنەچووە".

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا کە بەپێی بەرنامەکەیان، ئەو پارەیە بۆ کڕینی پەمپ و ماتۆڕ بۆ پرۆژەی ئاوی دوکان-ی یەک تەرخان دەکەن، ئەوەشی وت: " تا خەرجکردنی پارەکە دوابکەوێت، مەترسی کێشەی کەمئاوی زیاتر دەبێت، لەبەرئەوەی ئەگەر ئەمڕۆ پارەکە خەرجبکرێت، دروستکردنی ماتۆڕەکان ١٨ مانگی پێویستە".

سەبارەت بەڕێگریکردن لەدروستبوونی کێشەی کەمئاوی، سەربەست عوسمان ئاشکرایکرد: ھەوڵمانداوە ئەمساڵ باشتربێت لەساڵی ڕابردوو، بەڵام ئەگەر پەمپ و ماتۆڕەکان لەکاربکەون دەسەڵاتی ئێمەدا نامێنێت، ئێستاش سەرقاڵین بۆئەوەی دەست بەنۆژەنکردنەوەی وێستگەی ھەڵێنجاندنی ئاوی قەشقۆلی بکەین، کە بەھۆی لافاوو بارانبارینی زستانی ئەمساڵەوە داروبەردو چەوی زۆر بەردەمی پەمپەکانی گرتوە.

تەرخانکردنی پارەیەکی دیکەشی بۆ سلێمانی ئاشکراکردو وتی:"لەساڵی ٢٠١٥ەوە نێچیرڤان بارزانی بڕیارێکی دەرکردوە ٤٠٠ ھەزار دۆلارمان بۆ تەرخان بکات و تا ئێستا ئەو پارەیە لەلای ئاشتی ھەورامیەو پێی ڕاگەیاندووین، سەرەتا نەھاتوە تا بۆمان خەرجبکەن".


SNN:

ڕەنج تاڵیب

 2 هەفتە پێشتر - Jun 10 2019 7:44PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.