هەواڵ
مۆڵه‌تی شۆفێری و ساڵنامه‌ی ئۆتۆمبێل به‌مشێوه‌ی لێدێت
مۆڵه‌تی شۆفێری و ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێل له‌هه‌رێمی كوردستان هاوتای عیراق ده‌كرێت، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمیش رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا سیستمه‌كه‌ بۆ سه‌رجه‌م هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت و بۆ گۆڕینی ساڵانه‌و مۆڵه‌تی شۆفێریش ته‌نیا (30) هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت.

د.سامی جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ SNNی راگه‌یاند: مۆڵه‌تی شۆفێری و ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێل هاوتای به‌غدا ده‌كرێت، كه‌ به‌سیستمێكی نێوده‌وڵه‌تی (سیستمێكی ئه‌ڵمانی) ده‌ركراوه‌و له‌هه‌موو وڵاتێك كاری پێده‌كرێت، هاووڵاتیانیش پێویستیان به‌ده‌ركردنی مۆڵه‌تی شۆفێریی نێوده‌وڵه‌تی نابێت.

وتیشی: "له‌ئێَستادا گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك كراوه‌و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین بێته‌ هه‌ولێر، دوای ئه‌وه‌ی رسومات و باجی گرێبه‌سته‌كه‌ ده‌دات، ده‌ست به‌كاره‌كانی ده‌كات".

به‌وته‌ی د.سامی جه‌لال، كۆمپانیاكه‌ ته‌نیا سیستمه‌كه‌ داده‌نێت، كاره‌كانی دیكه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هاتوچۆ خۆیان ده‌یكه‌ن، به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ پێویسته‌ له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا سیستمه‌كه‌ بۆ سه‌رجه‌م هه‌رێمی كوردستان دابنرێت، به‌ڵام ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌پارێزگاكان سیستمه‌كه‌یان ئاماده‌ بێت و له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌دوو مانگ ده‌ستبه‌كار بن.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ وتی: "گۆڕینی مۆڵه‌تی شۆفێری و ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێل، ئه‌گه‌ر هیچ غه‌رامه‌یه‌كی تێدا نه‌بێت، ته‌نیا (30) هه‌زار دیناری تێده‌چێت، كه‌ پاره‌كه‌ی بۆ كۆمپانیاكه‌ نابێت، به‌ڵكو بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت".

وتیشی: "ته‌واوی كۆمپیوته‌ره‌كان ده‌گۆڕێن، سیستمی هه‌موو پارێزگاكان و ئیداره‌كان پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌كرێن، پاشان به‌ به‌غداوه‌، ئه‌و مۆڵه‌تی شۆفێرییه‌ی لێره‌ ده‌رده‌كرێت له‌عیراقیش كاری پێده‌كرێت، چونكه‌ له‌وێ دۆسێی هه‌یه‌.



SNN:

شاهۆ خواره‌حم

 هەفتە پێشتر - Jun 12 2019 10:03AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.