هەواڵ
دارایی له‌سه‌ر فه‌وتانی‌ سێ موچه‌ له‌ئه‌مساڵدا ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات
په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات له‌باره‌ی‌ فه‌وتانی‌ سێ‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران له‌مساڵدا، لیژنه‌ی‌ دارایی په‌رله‌مانیش زانیاری‌ ئاشكراده‌كات و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌كه‌ش ده‌ڵێت:"هه‌ركات كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت پێكهێنرا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئه‌گه‌ر هه‌رێم داهاتی‌ له‌به‌رده‌ستدابێت موچه‌ی دیكه‌ دابه‌شده‌كات و دابه‌شكردنی‌ موچه‌ ڕێكده‌خرێته‌وه‌".

هێڤیدار ئه‌حمه‌د جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "ئێستا هه‌موو مانگێك موچه‌ دابه‌شده‌كرێت به‌بێ پاشه‌كه‌وت و ئه‌گه‌ر داهاتی‌ پێویستیش له‌به‌رده‌ستدابێت، ئه‌وا به‌بێئه‌وه‌ی‌ موچه‌خۆر داوای بكات، حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ موچه‌یه‌كی‌ دیكه‌ش دابه‌شده‌كات".

وتیشی‌:"ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مانتاران متمانه‌مان به‌كابینه‌ی‌ هه‌شت نه‌داوه‌، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كابینه‌ی‌ نۆ پێكهێنرا، ئێمه‌ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و وه‌فدێكیش پێكده‌هێنرێت له‌لایه‌ن كابینه‌ی‌ نوێوه‌ بۆ گفتوگۆو دانوستان له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ ته‌رخانكراوی هه‌رێم بۆ ساڵی 2020".

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مانتاران دوای‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌ت، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و كابینه‌یه‌ ده‌كه‌ین كه‌ متمانه‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت و پرسی موچه‌ نه‌دراوه‌كانیشی‌ له‌گه‌ڵدا تاووتوێده‌كه‌ین كه‌ مافی‌ موچه‌خۆرانه‌".

ئه‌وه‌شی‌ وت:"پێدانی‌ موچه‌ نه‌دراوه‌كان، ئه‌ركی‌ حكومه‌تی هه‌رێمه‌, بڕیار لای ئێمه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ش نازانین ئاخۆ ئه‌مساڵ ئه‌و موچه‌ نه‌دراوانه‌ ده‌درێت یاخود نا، چونكه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌دانوستان و گفتوگۆی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كه‌ تا چه‌ند ماف و شایسته‌ی دارایی هه‌رێم دابینده‌كرێت له‌دوای‌ ئه‌و ڕێكه‌وتنانه‌ی‌ له‌نێوان هه‌ردولادا ئه‌نجامده‌درێت".


SNN:

سامان به‌ختیار

 مانگ پێشتر - Jun 14 2019 3:19PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.