هەواڵ
كۆمه‌ڵ هه‌ڵوێستی خۆی ڕاگه‌یاند.."شوێنی ئێمه‌ نه‌ماوه‌"
كۆمه‌ڵی ئیسلامی ورده‌كاری كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاشكراده‌كات، به‌رپرسێكی ئه‌و حزبه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "شوێنی ئێمه‌ له‌حكومه‌ت نه‌ماوه‌و په‌ره‌ش به‌په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌ده‌ین".

ئه‌مڕۆ 18ی 6ی 2019 وه‌فدێكی باڵای كۆمه‌ڵی ئیسلامی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گردی‌ زه‌رگه‌ته‌ (مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان) له‌شاری سلێمانی كۆبونه‌وه‌.

له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ش فاروق عه‌لی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ هه‌ردولا كرا، له‌ئێستاو ڕابردوشدا ئێمه‌و گۆڕان دوو لایه‌نی‌ ته‌باو دۆست بوین، ئه‌گه‌رچی‌ خاڵی‌ هاوبه‌شمان پێكه‌وه‌ نه‌بوه‌ تایبه‌ت به‌پرسه‌ جیاوازه‌كان، به‌ڵام هه‌ردولا كۆكبوین له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌ په‌ره‌ به‌په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوانمان بده‌ین، ئه‌گه‌ر هه‌ردولا له‌حكومه‌تیشدا نه‌بین و متمانه‌مان به‌یه‌كتری‌ هه‌یه‌و ڕاوێژو ڕاگۆڕینه‌وه‌مان پێكه‌وه‌ ده‌بێت له‌پرسه‌ سیاسه‌كان".

ڕه‌تیكرده‌وه‌، نه‌بونی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌حكومه‌ت ببێته‌ هۆی كاڵبونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان و ئاشكرایكرد، "كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان په‌ره‌ به‌په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ بدات، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، چونكه‌ پرسێكی‌ هاوبه‌ش كه‌ پرسی‌ چاكسازیی‌ و نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و خه‌می‌ خه‌ڵك هه‌بوه‌ له‌ئاینده‌ش كاری‌ له‌سه‌رده‌كه‌ین".

له‌باره‌ی‌ دوا بڕیاری‌ كۆمه‌ڵیش بۆ به‌شداریی‌ له‌حكومه‌ت، فاروق عه‌لی وتی‌:"ئێمه‌ له‌حكومه‌تدا نه‌ماوین، پێشموایه‌ كاتی‌ ئه‌وه‌هاتوه‌ كۆمه‌ڵ به‌فه‌رمی‌ ئه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نێت، هه‌ر سبه‌ینێش ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ تایبه‌ت به‌پرسی‌ كۆنگره‌و چه‌ند پرسێكی‌ دیكه‌ كۆده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام نازانین گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ پرسی‌ به‌شداری‌ یان ئۆپۆزسیۆن بون ده‌كه‌ن یاخودنا".

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، "له‌حكومه‌تدا جێگه‌ی‌ كۆمه‌ڵ نه‌ماوه‌و پۆسته‌كان به‌گوێره‌ی‌ رێكه‌وتنی‌ لایه‌نه‌ به‌شداربوه‌كان دابه‌شكراون".

سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانی‌ وه‌فدی‌ پارتیش بۆ لای‌ كۆمه‌ڵ وتی‌:"تائێستا سه‌ردانه‌ فه‌رمیه‌كان له‌سه‌ر ئاستی‌ باڵاو بۆ لای‌ ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ بوه‌ له‌هه‌ولێر، ئه‌گه‌ر وه‌فده‌كه‌ش سه‌ردانیان بكات نایه‌ته‌ سلێمانی‌ ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی‌ وا هه‌بێت سه‌ردانه‌كه‌ بۆ هه‌ولێر ده‌بێت، له‌كاتێكدا تائێستا وه‌فده‌كه‌ی‌ پارتی‌ ته‌نها سه‌ردانی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ كردوه‌ كه‌ به‌شدارده‌بن له‌كابینه‌ی‌ داهاتوو".


SNN:

شادان حه‌سه‌ن

 مانگ پێشتر - Jun 18 2019 1:47PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.