هەواڵ
وەزارەتی دارایی بڕیاریدا....لەسبەینێوە پارەکە خەرجدەکرێت
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر کێشەکانی ئاوی سلێمانی ھاتەدەنگ و وەزیری شارەوانیش ڕایدەگەیەنێت، "ئەوەی پێویستبێت لەزوترینکاتدا بۆ چارەسەری گرفتی ئاوی سلێمانی دەیکەن"، جەختیشدەکاتەوە، "لەسبەینێوە کار بۆ خەرجکردنی ئەو پارانە دەکەین کە پێویستە"، وەزارەتی دارایی ھەرێمیش لەڕێگەی SNNوە ئاشکرایدەکات، پارە بۆ سلێمانی ئادەیەو سەرفیدەکەن.

لەئێستادا بەشێک لەگەڕەکەکانی سلێمانی گرفتی کەم ئاوی و نەبونی ئاویان ھەیەو ھەردوو وێستەگەی یەک و دوی دوکان و پەمپەکانیان پێویستیان بەچاککردنەوەو سیانە ھەیە، لە ٢٠%ی سلێمانیش تۆڕی ئاوی نییەو بەشێکی بەتانکەر ئاوی بۆ دەچێت و بەشێکی بەتانکەریش بۆی ناچێت.

عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، "پشتگوێخستنی پرۆژەکانی ئاو لەسلێمانی ڕونە، ساڵی پار ھەولێر یەک ملیار دیناری بۆ سیانە بۆ تەرخانکرا، بەڵام ھیچ بڕێک بۆ سلێمانی تەرخاننەکرا".

لەو ڕوەشەوە سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم بۆ SNNی ڕونکردەوە، "ئەگەر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری تەرخانکردنی پارە بۆ خستنەوەگەڕی پەمپی تایبەت بەھەڵدانی ئاو بۆگەڕەکەکانی شاری سلێمانی درابێت وەزارەتی دارایی پارەکەیان بۆ تەرخاندەکات و گرفتی نابێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ھەر بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرکرابێت، پێشتر ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەکرێت پارەکەیان بۆ تەرخاندەکرێت و ھەرکاتیش نوسراوەکە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ وەزارەتی دارایی ڕەوانەبکرێت پارەکەیان بۆتەرخاندەکرێت".

بەوتەی سەرچاوەکە، "تەرخانکردنی پارە ئەگەر بڕەکەی زۆربێت، ئەوا بەچەند گوژمەیەک بۆیان ڕەوانە دەکرێت".

لەبارەی ھۆکاری دواکەوتنی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەش سەرچاوەکە وتی:"پێدەچێت بەھۆی ڕاگرتنی نوسراوەکەوە بوبێت لەبەڕێوەبەرایەتیەکدا، بۆیە پێویستە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیدار بەدواداچون بکات پەیوەست بەھۆکاری تەرخاننەکردنی پارەکەو وەکو وەزارەتی دارایی ناتوانرێت بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم ڕابگیرێت".

لای خۆیشیەوە عەلی حەمەساڵح ئاشکرایکردوە، "دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ سەربەست عوسمان بەڕێوبەری ئاوی سلێمانی و دیاریکردنی گرفتەکانی ئاو لەسلێمانی، نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی بەڵێنی پێداین، ئەوەی پێویست بێت لەزوترین کاتدا بۆ چارەسەری گرفتی ئاوی سلێمانی دەیکەن و لەسبەینێوە کار بۆ خەرجکردنی ئەو پارانە دەکەن کە پێویستە".

وتوشیەتی:"جگە لەم چارەسەرە کاتیە، لەکابینەی نوێی حکومەت بەجێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک ھەوڵدەدەین کێشەی ئاوی سلێمانی بەشێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەربکرێت".


SNN:

سامان بەختیار

 مانگ پێشتر - Jun 19 2019 11:36AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.