هەواڵ
ناوی كاندیده‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی بۆ ئه‌م پۆسته‌ باڵایه‌ ئاشكراده‌كرێت
سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاربوو ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگ به‌چوار وه‌زاره‌ته‌ به‌تاڵه‌كه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بدات، به‌ڵام په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی ئاشكرایده‌كات، له‌دوا ساته‌كاندا بڕگه‌ی‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر ناوی‌ كاندیده‌كان لابراوه‌و دواخراوه‌ بۆ كاتێكی‌ نادیار، SNNیش ناوی ڕه‌سمی‌ كاندیدی وه‌زاره‌تی‌ داد له‌عیراق ئاشكراده‌كات.

هه‌رێم كه‌مال ئاغا په‌رله‌مانتاری یه‌كێتیی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو كاتژمێر 11ی پێشنوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ستپێده‌كات و بڕگه‌ی یه‌كه‌می خشته‌ی كاریش بریتیی بوو له‌ده‌نگدان به‌چوار وه‌زاره‌ته‌ به‌تاڵه‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق، به‌ڵام له‌دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كان، بڕگه‌ی‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر چوار وه‌زاره‌ته‌ به‌تاڵه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عیراق بۆ كاتێكی‌ نادیار دواخرا".

وتیشی:"ڕێكه‌وتن و لێتێگه‌یشتنی باش له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌و كاندیدی پرۆفیشناڵ بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی داد دیاریكراوه‌ كه‌ كۆده‌نگی ته‌واوی فراكسیۆنه‌كانی له‌سه‌ره‌".

به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "یه‌كێتی نایه‌وێت له‌وه‌ زیاتر سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق توشی شه‌رمه‌زاری بكات، بۆیه‌ هه‌ركات ده‌نگدان بكرێت، ئێمه‌ ده‌نگ به‌كاندیدی ئه‌و چوار وه‌زاره‌ته‌ به‌تاڵه‌ ده‌ده‌ین".

هاوكات به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌غداوه‌ به‌SNN دراون، هه‌ریه‌ك له‌(حاكم ڕزگار محه‌مه‌د ئه‌مین)و (حاكم ئه‌ركان قادر) كاندیدی ئه‌و پۆسته‌ نین، به‌ڵكو تاكه‌ كاندیدی وه‌زاره‌تی داد بریتییه‌ له‌(حاكم فاروق) كه‌ خه‌ڵكی شاری كه‌ركوكه‌و هه‌موو فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ن.

به‌گوێره‌ی‌ خشته‌ی‌ كاری‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، بڕگه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ دانیشتنه‌كه‌ ده‌بوو تایبه‌تبوایه‌ به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و چوار وه‌زاره‌ته‌ به‌تاڵه‌ی‌ تائێستا له‌حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدیدا پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌.


SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

 مانگ پێشتر - Jun 22 2019 10:38AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.