هەواڵ
یەكێتی دەست بە گۆڕانكاریی دەكات.. ئەم پۆستانە دەگرێتەوە
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گۆڕانكاری لە پۆستە كارگێڕییەكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی دەكات و لەسەر ئاستی مەڵبەندەكانیش لیژنەی پێكهێناوە، سەرۆكی لیژنەی گۆڕانكارییەكانیش لەسلێمانی رایدەگەیەنێت، گۆڕانكارییەكان پۆستەكانی بەڕێوەبەری گشتی، قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەو تەواوی پۆستەكانی دیكە دەگرێتەوە.

جوتیار نوری، سەرۆكی لیژنەی گۆڕانكاری لە پۆستە كارگێڕییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەSNNی راگەیاند، لەسەر ئاستی مەڵبەندەكانی یەكێتی لە سلێمانی، گەرمیان و راپەڕین، لیژنە پێكهێنراوە بۆ گۆڕانكاریكردن لە پۆستە ئیدارییەكانی پشكی یەكێتی لەو ناوچانە.

وتیشی: "لە مەڵبەندی سلێمانی لیژنەیەكی (11) كەسی پێكهێنراوە، كە 9 ئەندامیان پلەی جێگری مەڵبەندیان هەیە و ئەندامێكیشان ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندییە و منیش سەرۆكی لیژنەكەم".

ئاشكراشیكرد، ئێستا سەرقاڵی وەرگرتنی (سی ڤی)ی كاندیدەكانی خۆمانین، بۆ ئەوەی دوای تەتەڵەكردنی پێشنیاز بكرێن بۆ پۆستە كارگێڕییەكانی سنوورەكە.

بەوتەی جووتیار نوری، لیژنەكە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە هەموو ئەو پۆستانەی كە لەچوارچێوەی پارێزگای سلێمانیدان لە سەر پشكی یەكێتی بیگۆڕن، لەوانە (بەڕێوەبەری گشتی، قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەو هەندێك پۆستی تر).

باسی لەوەشكرد، بەشێك لە بەڕێوەبەر و بەرپرسەكانی ئەم سنوورە لەتەمەنی خانەنشینبوون نزیكبوونەتەوەو بەشێكیشیان ماوەی هەشت ساڵ لە پۆستەكانیان ماونەتەوە، هەندێكیشان كەمتەرخەمن و گلەیی خەڵكیان لەسەرە، بۆیە لیژنەكە كار لەسەر گۆڕینی ئەو پۆستانە دەكات.

ئەوەشی وت: "دوای یەكلاییكردنەوەی (سی ڤی)یەكان، مەكتەبی سیاسی بڕیاری كۆتایی لەبارەی گۆڕانكارییەكانەوە دەدات".


SNN:

ئەركان جەبار

 هەفتە پێشتر - Jul 11 2019 6:04PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.