هەواڵ
موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ په‌رله‌مانتاران دیاریده‌كرێت
په‌رله‌مانتارێكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان زانیاری‌ ئاشكراده‌كات سه‌باره‌ت به‌گۆڕانكاری له‌موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ په‌رله‌مانتاران و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ پێیان ده‌درێت له‌دوای‌ خانه‌نشینبونیان، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "حكومه‌ت به‌ڵێنیداوه‌ جارێكی‌ دیكه‌ پڕۆژه‌ی‌ چاكسازی ڕه‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان بكاته‌وه‌".

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی‌ په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "له‌پڕۆژه‌یاسای چاكسازیی له‌خولی‌ پێشوی په‌رله‌مان، بڕگه‌یه‌ك هه‌بوو تایبه‌تبوو به‌موچه‌ی‌ په‌رله‌مانتاران، ئێمه‌ ئه‌وكات ویستمان هاوشێوه‌ی‌ خانه‌نشینكردنی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ به‌غدا  یاساكه‌ ئاماده‌بكه‌ین كه‌ ته‌مه‌ن 50 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمه‌تیش، ئه‌وكات بتوانرێت په‌رله‌مانتاره‌كه‌ خانه‌نشین بكرێت".

وتیشی‌:"به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مانی‌ كوردستان یاسایه‌كی‌ له‌وه‌ی‌ به‌غدا باشترمان ئاماده‌كرد به‌جۆرێك كه‌مترین موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ دوو ملیۆن دینارو به‌گوێره‌ی‌ ساڵانی‌ خزمه‌ت و بڕوانامه‌كه‌شی‌ له‌چوار ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو په‌رله‌مانتارێك شه‌ش ملیۆن دینار وه‌ربگرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكراشیكرد، له‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌ماندا پڕۆژه‌یه‌كیان پێشكه‌شی ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان كردوه‌ كه‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ موچه‌و خانه‌نشینكردنی‌ په‌رله‌مانتاران له‌خۆده‌گرێت.

ئه‌وه‌شی‌ وت:"حكومه‌ت به‌ڵێنیداوه‌ جارێكی‌ دیكه‌ پڕۆژه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مانی  كوردستان ڕه‌وانه‌ بكاته‌وه‌و كاری‌ له‌سه‌ربكات و پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر فۆڕمێكی‌ نوێ بۆ خانه‌نشینكردنی‌ په‌رله‌مانتاران ئاماده‌بكرێت".


SNN:

سامان به‌ختیار

 مانگ پێشتر - Jul 20 2019 11:03AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.