هەواڵ
حكومه‌ت رێگری‌ له‌تێكدانی‌ ئه‌م شوێنانه‌ ده‌كات
له‌شاری‌ سلێمانی‌، به‌مه‌به‌ستی پاراستنی شوێنه‌ دێرین و كه‌له‌پورییه‌كانی‌ شار، رێكاری‌ ته‌واو گیراوه‌ته‌به‌ر و سه‌رۆكی لیژنه‌ی پاراستنی شوێنه‌ كه‌له‌پورییه‌كان له‌قائیمقامیه‌ت رایده‌گه‌یه‌نێت"له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونی لیژنه‌كه‌مان رێگه‌مان نه‌داوه‌ 15 شوێنی كه‌له‌پوری ده‌ستكاری بكرێت" و ورده‌كاری‌ به‌شێك له‌رێكاره‌كانیش بۆ پاراستنی‌ ئه‌و شوێنانه‌ ئاشكراده‌كات.

ره‌وا كه‌ریم سه‌رۆكی لیژنه‌ی پاراستنی شوێنه‌ كه‌له‌پورییه‌كان له‌قائیمقامیه‌تی سلێمانی، به‌SNNی راگه‌یاند: له‌ساڵی 2005ه‌وه‌ 107 خانوو ده‌ستنیشان كرابوون وه‌كو شوێنی كه‌له‌پوری كه‌نابێت ده‌ستكاری بكرێت، به‌ڵام له‌و رێژه‌یه‌ 35 خانوویان ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وانی تر ده‌ستكاریكراون و دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستمان كرد شوێنه‌ كه‌له‌پورییه‌كان به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چن رێكاری پێویستمان گرتۆته‌به‌ر.

وتیشی: تائێستا نزیكه‌ی‌ 70 ئاگاداریمانداوه‌ به‌و كه‌سانه‌ی سه‌رپێچیان كردووه‌و رێكاری‌ پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر و ئه‌و كه‌سانه‌شی پابه‌ندی رێنماییه‌كان نه‌بوون، زانیارییه‌كانمان به‌لیستێك ئاماده‌مان كردووه‌ و روبه‌ڕوی دادگایان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

راشیگه‌یاند: شاره‌وانیمان په‌یوه‌ست كردووه‌ پابه‌ندبن به‌چه‌ند رێنماییه‌كه‌وه‌، بۆنمونه‌ بۆ هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌كی تێكدانی خانوو پێویسته‌ خاوه‌ن خانووه‌كه‌ بێته‌ لای ئێمه‌و به‌دواداچوونی بۆده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر خانووه‌كه‌ كه‌له‌پوری بوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ی پێناده‌ین بیروخێنێت.

ره‌وا كه‌ریم، ده‌ڵێت: له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونی لیژنه‌كه‌مان رێگه‌مان نه‌داوه‌ 15 شوێنی كه‌له‌پوری ده‌ستكاری بكرێت و زانیارییه‌كان به‌نوسراویش ئاڕاسته‌ی شاره‌وانی و تاپۆی ده‌كه‌ین، كه‌حیجزیان بخرێته‌سه‌رو رێگه‌ نه‌درێت ده‌ستكاری بكرێت ته‌نها كڕین و فرۆشتنی پێوه‌بكرێت و ئه‌گینا ده‌خرێت لیستی شوێنه‌ كه‌له‌پورییه‌كانه‌وه‌.


SNN:

هه‌ورامان هاشم

 مانگ پێشتر - Jul 20 2019 1:50PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.