هەواڵ
كۆمپانیایه‌ك له‌عیراق و ئێران ده‌رده‌كرێت..له‌هه‌رێم پاره‌ وه‌رده‌گرێت
كۆمپانیایه‌ك كه‌ له‌عیراق و ئێران ده‌ركراوه‌، ئێستا له‌سه‌ر سنوره‌كانی‌ هه‌رێم كێشه‌ بۆ بازرگانانی‌ كورد دروستده‌كات و داوای‌ پاره‌یان لێده‌كات، سه‌رۆكی‌ ژوری‌ بازرگانی‌ سلێمانیش ئاشكرایده‌كات، وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی‌ وه‌زیری‌ پێشوی‌ دارایی بوه‌، ده‌شڵێت:"ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌ربگیرێت، هاوڵاتیان باجه‌كه‌ی‌ ده‌ده‌ن و نرخ گران ده‌بێت".

سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "ئه‌و كۆمپانیایه‌ی دانرابوو له‌مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ 50 دۆلار بۆ هه‌ر بارێك وه‌ربگرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نایاسایی بوو له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌ ده‌ركراون و چونه‌ته‌ سنوری‌ ئێران".

وتیشی‌:"له‌وێش ئێران ده‌ریكردون، ئێستا كێشه‌كه‌ بۆ بارهه‌ڵگره‌كان ماوه‌ته‌وه‌و گومگریان بۆ ناكرێت تاوه‌كو ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌ده‌ن و كۆمپانیاكه‌ش له‌كاتێكدا هیچ كۆمپانیایه‌ك بونی نییه‌ پاره‌ وه‌ربگرێت".

ڕونیشیكرده‌وه‌، "زیاتر له‌ 200 بارهه‌ڵگر وه‌ستاون و داخڵی هه‌رێم نابن، له‌كاتێكدا بازرگانه‌كان ئاماده‌نین ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زیاده‌یه‌ بده‌ن، چونكه‌ له‌هیچ ده‌روازه‌یه‌كی دیكه‌ی‌ عیراق وه‌رگرتنی ئه‌و پاره‌یه‌ بونی نییه‌، وه‌رگرتنی بڕی ئه‌و 50 دۆلاره‌ش به‌ڕه‌زامه‌ندی وه‌زیری دارایی هه‌رێم بوه‌".

سه‌رۆكی‌ ژوری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "پاره‌كه‌ به‌ناوی كۆمپانیای وشكانی عیراقی وه‌رده‌گیرێت، له‌كاتێكدا جگه‌ له‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌ر بارێك بڕی 30 دۆلار وه‌رده‌گیرێت".

سیروان محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی‌ وت:"ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌ربگیرێت ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر كاڵاكان و ده‌بێت هاوڵاتیان بیده‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخ له‌بازاڕه‌كانداو ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بمێنته‌وه‌ له‌داهاتودا كاریگه‌رییه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی گۆڕینی ڕێڕه‌وی بازرگانی بۆ مه‌رزه‌كانی دیكه‌ی‌ عیراق".


SNN:

هه‌ورامان هاشم

 مانگ پێشتر - Jul 20 2019 2:36PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.