هەواڵ
دووەم تۆمەتباری رووداوەكەی هەولێر دەستگیركرا
هێزەكانی ئاسایش و دژەتیرۆر، ئەنجامدەری رووداوی تەقەكردن لە جێگری كونسوڵی توركیا لەهەولێرو یەكێك لە هاوكارەكانی دەستگیر دەكەن و لە راگەیاندراوێكیشدا وردەكاریی رووداوەكەو چۆنیەتی كوشتنی بەرپرسەكەی توركیا ئاشكرا دەكرێت.

دژە تیرۆری كوردستان، لە راگەیاندراوێكدا، دەستگیركردنی (مەزلوم داغ)ی راگەیاندو بە تاوانباری سەرەكیی رووداوەكەی چێشتخانەی هۆقەباز لەشاری هەولێر وەسفدەكات، كە كوشتنی جێگری كونسوڵی توركیای لێكەوتەوە، هاوكات ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەویاندراوێكدا ئاشكرایكردووە، ئەمڕۆ 20ی 7ی 2019، یەكێك لە هاوكارانی (مەزلوم داغ)، تاوانبار لە كردەوە تیرۆریستییەكەی تەقەكردن لە ریستورانتێكی شاری هەولێر، بەناوی (محەمەد بیسكسز) كە ناسراوە بە (دژوار، مامەند، یوسف)، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و دژە تیرۆری كوردستان دەستگیر كرا.

دەقی راگەیاندراوەكەی دژە تیرۆر:

ئاگاداری هاووڵاتیان دەكەینەوە، تاوانبار مەزلوم داغ كە دوو رۆژ لەمەوبەر وێنەی وەك داواكراو لە پەیجی دژە تیرۆری كوردستان بڵاوكرایەوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و دژە تیرۆری كوردستان دەستگیر كرا.

زۆر سوپاسی هاوكاری بێ پایانی هاووڵاتیان دەكەین و وردەكاری زیاتر دواتر بڵاودەكرێتەوە.

دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە لە رووداوێكی تەقەكردندا لە یەكێك لە رێستۆرانتەكانی هەولێر هاونیشتمانییەك و دیپلۆماتكارێكی توركیا كوژران و هاونیشتمانییەكی دیكەش برینداربوو كە دواتر بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

وردەكاری رووداوەكە

ئەو ناوچەیەی كە رووداوی تەقەكردنەكەی رۆژی چوارشەممەی تێدا روویدا، یەكێك لە ناوچە جوان و بێدەنگ و ئارام و ئاستبەرزەكانی هەولێرە. ناوچەیەكە كافتریای جوان، خواردنگە و چێشتخانەی پێشكەوتوو و كوالێتی بەرزی لێیە، بۆیە دیپلۆمات، كارمەندانی كۆمپانیا بیانییەكان و خاوەنكاران ئەو ناوچەیان كردووەتە شوێنی پشوودان و بەردەوام لە چێشخانەكانی ئەوێ نان دەخۆن، بەڵام ئەوە یەكەم رووداوی تەقەكردنە لەو دەوروبەرە و یەكەم هێرشی بەوشێوەیە لە هەولێر رووبدات. بۆیە تەقەكەرەكان بە پلان شوێنی رووداوەكەیان هەڵبژاردووە، رەنگە چەند رۆژ پێشتریش ئامادەكارییان بۆ كردبێ.

كاژێر 11:30 سێ كەس بە ئۆتۆمبێلێكی تۆیۆتا یارس دێن و بەرامبەر ئەو كافتریایەی دیپلۆماتە توركەكەی لێدانیشتووە، رادەوەستن، دواتر هەندێك بەو دەوروبەرەدا دەسووڕێنەوە، شوێنەكە بەجێدێڵن و دوای نیو كاژێر دەگەڕێنەوە، ئەمجارە دەچنە ژوورەوەو یەكێكیان لە مێزی تەنیشت دیپلۆماتە توركەكە دادەنیشێ و ئەوانیدیكەش لەوبەرەوە، وا خۆیان پیشاندەدەن هەموو شت ئاساییە و وەك هەموو ئەوانەی لەوێن داوای ئاو و چا و قاوە دەكەن.

زۆر بە وردیش لە دەوروبەری خۆیان دەڕوانن و دەیانەوێ لە هەموو شت دڵنیا بن، هەندێك كات تێدەپەڕێ و دیپلۆماتە توركەكە دەیەوێ بڕوا، لەوكاتەی كە دەیەوێ پارە بدات، یەكێك لە تەقەكەرەكان هەڵدەستێ و دەمانچەیەكی بێدەنگ دەردێنێ و فیشەكێك دەنێ بە سەری دیپلۆماتە توركەكەوە، دەستبەجێ گیان لەدەستدەدا. هەموو ئەوانەی كە لەوێن خۆیان دەخەنە سەر زەوی، تەنیا دوو كەس نەبێ. ئەو دوو هاونیشتمانییە گەنجەی كە لە رووداوەكە گیانیان لەدەستدا، هەردووكیان دەیانەوێ هەستنە سەرپێ.

بەڵام دیار نییە دەیانەوێ پەلاماری تەقەكەرە بدەن، یان دەیانەوێ دووركەونەوە، لەكاتی هەستانەوەی ئەوان، یەكێكی دیكە لە تەقەكەرەكان كە وادیارە پاسەوانی تەقەكەری سەرەكی دەكات، دەمانچە بێدەنگەكەی دەردێنێ و چەند فیشەكێك بە هەردووكیانەوە دەنێ، پاش ئەوە هاوەڵی دیپلۆماتە توركەكە كە لەسەر زەوی راكشاوە، دەستدەكاتە تەقە و تەقەكەرەكانیش هەڵدێن، یەكیان لە نزیك دەرگای كافتریاكە بریندار دەبێ و بە شەلە شەل رادەكاتە دەرەوە، لە چوونە دەرەوە دەگەنە دوو كەسی دیكە، بەڵام هیچ ناكەن و سواری ئۆتۆمبێلەكەیان دەبن و زۆر بەخێرایی شوێنەكە بەجێدێڵن.

هەموو ئەوانەی لەوێن وادەزانن رووداوێكی ئاساییە، بەڵام كە ئاسایشی ناوچەكە دەچنە سەر كوژراوەكان و تەماشای ناسنامەكەنیان دەكەن، دەردەكەوێ یەكێك لە كوژراوەكان دیپلۆماتێكی كونسووڵخانەی توركیایە لە هەولێر. لە كامێراكانی چاودێری دەمووچاوی تەقەكەرەكان دیارە، بەڵام دەركەوتووە ژمارەی ئۆتۆمبێلەكە ساختەیە و راست نییە.


SNN:

بەشی هەواڵ

 مانگ پێشتر - Jul 20 2019 3:54PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.