هەواڵ
ڕێگە نەدرا بریندارەكان ببرێنە هەولێر..پارتی ژمارەیەك ژن و كچ دەستگیردەكات
دوای هێرشكردنەسەر كارمەندانی كونسوڵخانەی توركیا لەهەولێرو كوژرانی بەرپرسێكی تورك، ئاسایشی پارتی ژمارەیەك ژن و كچی كەمپی پەنابەرانی مەخمور دەستگیردەكات، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەمپەكەش زانیاری زیاتر ئاشكرادەكات و مەترسی ئەو حاڵەتەش بۆ سەر ناوچەكانی دیكەی هەرێم دەخاتەڕوو.

پۆڵات بۆزان بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەمپی پەنابەرانی (شەهید ڕۆستەم جودی) لەمەخمور بەSNNی ڕاگەیاند، "دوای ئەو بۆردومانەی لەسنوری كەمپەكە كرا، لەهەمانكاتدا ڕێگەی هاتوچۆمان لەهەرێم لێ قەدەغە كراوەو ڕێگەش بەبریندارەكانمان نەدرا بنێردرێنە نەخۆشخانەكان".

وتیشی:"هەرچەندە هەموو ژیانی ئێمە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام تائێستا ڕێگەی هاتوچۆمان لێ قەدەغە كراوەو چوار كچ و ژنی ئێمەش كە لەسۆپەرماركێتێك لەهەولێر كاریان دەكرد لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە دەستگیركراون و هیچ زانیاریەكیشمان پێنادەن، بەڵام دەزانین كە لەلایەن ئاسایشەوە براون".

ڕونیشیكردەوە، "بارودۆخی كەمپەكە ئێستا ئاساییەو لەئەنجامی بۆردومانەكەش تەنها دوو هاوڵاتی بریندار بون و هیچ شەهیدێك نەبوە، باری تەندروستی بریندارەكانیش جێگیرە، بەئاسمانی كەمپەكەشدا فڕۆكە بەبەردەوامی دەسوڕێتەوەو بەبەردەوامی چاودێریی دەكرێین".

بۆزان داوای  لەحكومەتی عیراقیش كرد، ئیدانەی ئەو بۆردومانەی توركیا  بكات، چونكە وەكو ئەو وتی:"ئەوە پێشێلكردنی سەروەری خاك و ئاسمانی عیراقەو كەمپەكە لەبەرپرسارێتی ئەواندایە، داوادەكەین بێدەنگنەبن و هەڵوێستیان هەبێت".

مەترسیەكی لەسەر ناوچەكانی دیكەی هەرێمیش خستەڕوو وتی:"داوا لەنەتەوەیەكگرتوەكان دەكەین هەوڵبدەن ئەو حاڵەتە دوبارە نەبێتەوەو پێش لەو سیاسەتەی توركیا بگرن، داواش لەخەڵكی هەرێم دەكەین بێدەنگ نەبن، چونكە ئەو حاڵەتە دوبارە دەبێتەوەو مەترسی لەسەر ناوچەكانی دیكەی هەرێمیش دروستدەبێت".


SNN:

شادان حەسەن

 مانگ پێشتر - Jul 20 2019 6:03PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.