هەواڵ
پاره‌یه‌كی‌ زۆری‌ هاوڵاتیان ده‌چێته‌ گیرفانی‌ كۆمپانیایه‌كه‌وه‌
گله‌یی هاوڵاتیان له‌پێوه‌ری ئاو درێژه‌ی هه‌یه‌و ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیش ته‌واوی كه‌موكوڕییه‌كانی دانانی ئه‌و پێوه‌ره‌ ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "به‌شێكی زۆری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی ئاو پشتگیریی كۆمپانیای جێبه‌جێكار ده‌كه‌ن"، ده‌شڵێت:"پاره‌یه‌كی‌ خه‌یاڵی‌ ده‌چێته‌ گیرفانی‌ كۆمپانیاكه‌وه‌".

كاسترۆ مه‌عروف ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "ئامێری پێوه‌ری ئاو له‌سنوری پارێزگای سلێمانی شیاو نییه‌و كوالێتی زۆر نزمه‌، چونكه‌ چه‌ندین كه‌موكوڕی هه‌یه‌ كه‌ خراپترینیان خوێندنه‌وه‌ی هه‌وایه‌".

وتیشی:"بیانوی كۆمپانیاكه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی خوێندنه‌وه‌ی هه‌وا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت دابه‌شكردنی ئاو 24 كاتژمێر بێت، به‌و واتایه‌ی هه‌وا له‌ناو بۆرییه‌كاندا كه‌ ئه‌مه‌ مه‌حاڵه‌".

به‌وته‌ی كاسترۆ مه‌عروف، "پێوه‌ره‌كان به‌ڕونی هه‌وا ده‌خوێنێته‌وه‌و كرێ له‌سه‌ر هاوڵاتیان زیاد ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی ئامێره‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رگه‌ی كه‌شی ساردو گه‌رما ناگرێت و گره‌نتی نییه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌شێك له‌پێوه‌ره‌كان له‌كاركه‌وتون".

ئاشكراشیكرد، "هه‌ر پێوه‌رێك له‌كاربكه‌وێت، به‌بێبه‌رامبه‌ر چاكناكرێته‌وه‌، به‌ڵكو جارێكی دیكه‌ به‌شی سیانه‌ی كۆمپانیاكه‌ پاره‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئاماژه‌ به‌زانیارییه‌كی مه‌ترسیدار ده‌كات و ده‌ڵێت:"به‌شێكی زۆری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی ئاوی سنوره‌كه‌ پشتگیریی له‌كۆمپانیاكه‌ ده‌كه‌ن و كێشه‌ی هاوڵاتیان به‌هه‌ند وه‌رناگرن".

ئه‌وه‌شی‌ وت:"كۆمپانیاكه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات تائێستا له‌سلێمانی 180 هه‌زار هاوبه‌شیان هه‌یه‌، به‌ڵام ژماره‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ نزیكه‌ی 500 هه‌زار هاوبه‌شه‌، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌هۆی هه‌واوه‌ هه‌ر پێوه‌رێك 500 دینار زیاتر بخوێنێته‌وه‌، ئه‌و داهاته‌ زۆره‌ ده‌چێته‌ گیرفانی كۆمپانیاكه‌وه‌".


SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

 مانگ پێشتر - Jul 21 2019 1:15PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.