هەواڵ
كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاردەدات
كۆمەڵی ئیسلامی بڕیار لەبارەی وادەی كۆنگرەی حزبەكەی دەدات و ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵیش ڕایدەگەیەنێت، "لەسەر بابەتی ناوو پاشگرو پێشگری ئیسلامی گرفتی بۆ دروستنابێت".

فاروق عەلی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی بەSNNی ڕاگەیاند، "كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریداوە، پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت و پەیڕەوو بەرنامە بۆ چوار ساڵی ئایندەی حزبەكەی دابنێت".

ئاشكراشیكرد، "بۆ ئەو مەبەستە، ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی، لیژنەیەكی بۆ نوسینەوەی پەیڕەوی حزب و لیژنەیەكیش بۆ پلانی ستراتیژی بۆ چوار ساڵی ئایندەی حزبەكەو لیژنەیەكیش بۆ زەمینەسازی بەستنی كۆنگرەو ئەم سێ لیژنەیە، ماوەی ٢٠ ڕۆژیشە دەستبەكاربون و لەدوای تەواوكردنی كارەكانیشیان، لەسەركردایەتی حزبەكەوە بڕیار لەڕۆژی كۆنگرەكە دەدرێت".

ئەندامەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی جەختیكردەوە، "كۆنگرەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەو دەسەڵاتە باڵایەیە كە دەتوانێت گۆڕانكاری بكات یان گۆڕانكاری پەسەند بكات".

سەبارەت بەپێشنیازی لابردنی پاشگری ئیسلامی لەناوی حزبەكەو ڕەخنەگرتن لەو پێشنیازە لەلایەن بەشێك لەئەندامان و كادیری حزبەكە، فاروق عەلی ئاماژەی بەوەكرد، "كۆمەڵی ئیسلامی حزبێكی تۆكمەیەو لەسەر بابەتی ناوو پاشگرو پێشگر، گرفتی بۆ دروستنابێت".

ئەوەشی وت:"كۆمەڵی ئیسلامی هەلومەرجەكان بەباشی هەڵدەسەنگێنێت و گەورەترین دەسەڵاتیش بۆ گۆڕانكاریەكان كۆنگرەیە، هیچ هەنگاوێك بێ زەمینەسازی پێشوەخت نانێت".


SNN:

خێڵان ڕەئوف

 مانگ پێشتر - Jul 21 2019 3:09PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.