هەواڵ
حكومەت بڕە پارەیەك بۆ هاووڵاتیان دەگەڕێنێتەوە
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، جیاوازی نرخی پێوەری ئاو بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێنێتەوە، بریكاری وەزارەتەكەش رایدەگەیەنێت: دانانی پێوەری ئاو لەبەرژەوەندی خەڵكدایەو هەقوایە ئەوانەی رەخنە دەگرن، باسی نادادپەروەرییەكانی دابەشكردنی ئاو بكەن، كە لەڕێگەی ئەم پێوەرەوە نامێنێت.

خەسرەو كەمال، بریكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم بە SNNی راگەیاند: هەرلەسەرەتای دانانی پێوەری ئاو، بڕیارەكە وابووە سەرەتا هاووڵاتیان خۆیان پێوەری ئاو دابنێن، دواتر بەشێوەی قیست لەو پارەیە دەبڕێت بۆ هاووڵاتیان دێتەوە.

وتیشی: "سێ جۆر پێوەری ئاو هەیە (توركی، ئیتاڵی، ئەڵمانی)، جیاوازی نێوان نرخی هەرسێ پێوەرەكە 10 هەزار دینارە، حكومەت تەنیا پارەی پێوەرەكە دەگەڕێنێتەوە، نەك خەرجییەكانی دیكە".

راشیگەیاند: هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوو ئاوەڕۆ زانیاری تەواویان لەسەر جۆرو نرخی پێوەرەكان و شێوازی وەرگرتنی پارەی ئاو خستۆتەڕوو، بەڵام ئەم بابەتە ماوەیەك بۆتە جێگەی رەخنەی پەرلەمانتارو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و باسی ئەوە دەكەن گوایە پێوەرەكە هەوا دەخوێنێتەوە.

بریكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت: "چەند هەوا دەڕواتە ناو پێوەرەكەوە لەكاتی هاتنەوەی ئاودا، بەپێچەوانەشەوە لەكاتی بڕانی ئاودا ئەوەندە هەوا دەچێتە دەرەوە، ئەوانەی رەخنە دەگرن بۆچی باسی ئەوە ناكەن".

ئەوەشی راگەیاند: كە دانانی پێوەر بۆ بەرژەوەندی خەڵكە، چونكە پێشتر نادادپەروەری لەدابەشكردنی ئاودا هەبووە، بەپێی ئەم سیستمە پێویستە هەموو ماڵێك پێوەری ئاوی هەبێت، پێشتر لەهەولێر 50%ی خەڵك ئاوی بەكارهێناوەو بەشداربووش نەبووەو پارەی نەداوە بەحكومەت، لەدەوروبەری سلێمانیش 40%ی خەڵك بەشداربوو نەبووەو پارەی ئاوی نەداوە، ئەمەش نادادپەروەرییە لەدابەشكردنی ئاودا، بۆیە حەقوایە ئەوانەی رەخنە لەدانانی پێوەری ئاو دەكەن، باسی ئەو نادادپەروەرییەش بگرن.


SNN:

شاهۆ خوارەحم

 مانگ پێشتر - Jul 21 2019 9:28PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.