هەواڵ
یەكێتیی لەسەر بەشدارینەكردنی پارتی هاتەدەنگ.."چاوەڕوانەكراو بوو"
فراكسیۆنی یەكێتیی لەبارەی پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و دیاریكردنی ئەو وادەیەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە دیاریكراوە هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت، سەرۆكی فراكسیۆنەكەش ڕایدەگەیەنێت، "چونە دەرەوەی پارتیش چاوەڕواننەكراو بوو"، دەشڵێت:"ئەوە كاریگەری لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی دروستناكات".

د.جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەئەنجومەنی نوینەرانی عیراق بەSNNی ڕاگەیاند، "هەڵوێستەكەی فراكسیۆنی پارتی هەڵوێستێكی چاوەڕواننەكراو بوو، چونكە چەند مانگێكە پێكهاتەكان لەسەر پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دانوستانی تەواویان كردوەو گەیشتونەتە چەند بڕیارێك، پارتیش تێیدا بەشداربوەو وەك یەكێك لەگەورەترین كوتلەكانی ناو پەرلەمان ڕازیبون لەسەر هەموو بڕگەكان تا گەیشتە كاتی دەنگدان".

وتیشی:"بەڵگەش بۆ ئەوە سەرۆكی لیژنەی یاسایی كە ئەندامی فراكسیۆنی پارتیە، هاتە ناو پەرلەمانەوەو لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەی كە دران لەنێوان پێكهاتەكان، گەیشتنە جۆرێك لەڕێكەوتن لەسەر مادەی 35ی یاساكە".

ڕونیشیكردەوە، "لەدوا ساتەكاندا فراكسیۆنی پارتی پاشگەزبونەوە بەبێئەوەی لەگەڵ ئێمە دانوستان بكەن یان ڕونكردنەوە بدەن، بەشێوەیەكی گشتیش هەر یاسایەك كە دەردەچێت ڕەخنەی لەسەرەو بەدڵی هەموان نییە، بەڵام سەرجەم پێكهاتەكان لەسەر ئەو دەقەی تایبەت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ڕازیبون و هیچ فراكسیۆنێكیش نەچۆتە دەرەوە، جگە لەبەشێك لەئەندامانی فراكسیۆنی پارتی".

ئەوەشی وت:"بەو شێوازەی ئێستا هەیە توانای فراكسیۆنە كوردیەكان خراوەتەكار كە بەو شێوەیە یاساكە پەسەندبكرێت، لەم قۆناغەشدا لەمە باشتر نەدەكراو بەدەستنەدەهات، ئەگەر هێزە كوردیەكانیش مەبەستیانەو بەرژەوەندی خۆیانیان وەكو حزب ناوێت دەبێت ڕیزەكانی خۆیان یەكبخەنەوەو خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكە ئامادەبكەن لەو وادەی دیاریكراوە".

سەبارەت بەچونە دەرەوەی ژمارەیەك لەپەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتیش لەكاتی دەنگدان بەیاساكە وتی:"یەك دوو پەرلەمانتارمان تێبینیان لەسەر هەبوە، لەدڵسۆزی خۆیان، لەدواساتەكاندا ئەو تەشویشەی دروستبوو وایكرد ڕیزەكان تێكبدات، بەڵام ئەوە كاریگەری لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی دروستناكات، ئەوانەش كە چونەتە دەرەوە ئاساییە".


SNN:

شادان حەسەن

 مانگ پێشتر - Jul 23 2019 4:07PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.