هەواڵ
پەسەندكردنی یاسایەكی گرنگ دوادەكەوێت
بەهۆی ناكۆكی نێوان كوتلەكانی پەرلەمانەوە، گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی لەئەنجومەنی نوێنەران رادەگیرێت، ئەندامێكی لیژنەی یاساییش كێشەكانی بەردەم پڕۆژەیاساكە ئاشكرادەكات و راشیدەگەیەنێت: گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەیاساكە بۆ مانگی (9 و 10)ی ئەمساڵ دواخراوە.

سەلیم شوشكەیی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە SNNی راگەیاند: لەئێستادا گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی، كە پرۆژەیەكی زۆر گرنگ و هەستیارە، راوەستاوە.

وتیشی: "كێشەكانی بەردەم تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایە، خۆی لەچەند خاڵێكدا دەبینێتەوە، یەكەمیان چۆنیەتی دانانی دادوەرەكانە، كە تائێستا یەكلایی نەبۆتەوە ئایا لەلایەن سێ سەرۆكایەتییەكەوە بێت، یاخود یاخود بەتەوافوق و پشك پشكێنەی لایەنە سیاسییەكان دابنرێن".

راشیگەیاند: خاڵی دووەمی كێشەكە بریتییە لەوەی زۆربەی لایەنە عیراقییەكان كە پاشخانێكی ئیسلامییان هەیە، دەیانەوێت چوار زانای ئاینی لەناو ئەنجومەنی دادوەریدا بن، كە پلەیان دادوەر دەبێت، بەڵام ئەوەش یەكلایی نەبۆتەوە، چونكە هەندێك پێیان وایە ئەوە زیادەیەو پێویست ناكات.

ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی دەڵێت: "سێیەمیان، وردەركای ئیمتیازاتی دادوەرەكان و چۆنیەتی خانەنشینكردنیان یەكلایی نەبۆتەوە، چونكە وەفدێكی دادگای فیدراڵی سەردانی لیژنەی یاساییان كردو داوایان كرد پەرلەمان دەستوەرنەدات ئەو بابەتە، ئەوان بەپێی یاسایەكی تایبەت بەدادگاكە موچەو خانەنشین بوونیان دیاریكراوەو دەسەڵاتێكی سەربەخۆیان هەیە، پەرلەمانیش دەیەوێت تەمەنی خانەنشین و ئیمتیازاتەكانیان دیاریبكات".

ئەوەشی رایگەیاند: رەونگە رۆژی پێنجشەممە دواین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بێت، پاشان ئەنجومەنی نوێنەران یەك مانگ دەكەوێتە پشووەوەو لەمانگی  (9 و 10)دا بابەتی گفتوگۆكردن لەسەر یاسای دادگای فیدراڵی دێتەپێشەوە.


SNN:

شاهۆ خوارەحم

 مانگ پێشتر - Jul 23 2019 11:09PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.