هەواڵ
به‌غدا موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ده‌داته‌وه‌؟..زانیاری‌ گرنگ
لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات سه‌باره‌ت به‌دانه‌وه‌ی موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه‌ش به‌دوریده‌زانێت به‌غدا بێته‌ ژێرباری پێدانه‌وه‌ی ئه‌و موچانه‌، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ده‌بێت هه‌رێم و به‌غدا پاكتاوی حساباتی پێنج ساڵی ڕابردویان بكه‌ن".

شیروان میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "داواكاردنی پێدانه‌وه‌ی به‌شێك له‌موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌به‌غدا ناواقعیه‌و به‌دوریده‌زانم به‌غدا بێته‌ ژێرباری ئه‌و داواكارییه‌وه‌".
پێشتر حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاندبوو، له‌گه‌ڵ به‌غدا دانوستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی هه‌رێم بگرێته‌ ئه‌ستۆو بیداته‌وه‌.
ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی داراییش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌ساڵی 2014وه‌ له‌وكاته‌وه‌ی به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی ڕاگرت، حكومه‌تی هه‌رێم به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ نه‌وتی كێڵگه‌كانی هه‌رێم و كه‌ركوكی فرۆشت و داهاتی ناوخۆیشی هه‌بوو".
ئه‌وه‌شی وت:"له‌كاتێكدا به‌غدا ده‌توانێت هاوكاری هه‌رێم بكات له‌دانه‌وه‌ی موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان، كه‌ هه‌ردولا پاكتاوی حسابات بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت هه‌رێم قه‌رزی ده‌كه‌وێته‌ لای به‌غدا، ئه‌وه‌ پێده‌چێت عیراق بتوانێت هاوكاری هه‌رێم بكات، پێچه‌وانه‌كه‌شی ڕاسته‌".
به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "ئێستا حكومه‌تی عیراق كورتهێنانێكی زۆری بودجه‌ی هه‌یه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیش له‌ژێر فشاری توندی لایه‌نه‌كاندایه‌ سه‌باره‌ت به‌مامه‌ڵه‌كردنی به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی كوردستان".



SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

 هەفتە پێشتر - Aug 11 2019 12:48PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.