هەواڵ
قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هاوڵاتیان زانیاری‌ گرنگ ئاشكراده‌كرێت
قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌به‌رنامه‌یدایه‌ به‌مزوانه‌ له‌بری ئاردی سپی ئاردی بۆر بۆ دروستكردنی نان به‌كاربهێندرێت، ئه‌ندازیارێكی‌ خۆراكیش سوده‌ ته‌ندروستیه‌كانی‌ ئه‌و ئارده‌ ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "كرداری‌ هه‌رس ئاسان ده‌كات، كێشه‌ی‌ كۆڵۆنیش ناهێڵێت"، پێشنیازێكیش ئاشكراده‌كات بۆ پێدانی‌ ئارد له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌سه‌مونخانه‌و نانه‌واخانه‌كان.

له‌شكر حه‌مید  ئه‌ندازیاری خۆراك و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌به‌شی پشكنین و به‌دواداچونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "مه‌به‌ستمان له‌به‌كارهێنانی‌ ئاردی‌ بۆر له‌جیاتی‌ ئاردی‌ سپی‌، ئه‌و ئارده‌یه‌ كه‌ ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌په‌كی‌ تێدایه‌و سودێكی‌ زۆری‌ بۆ ته‌ندروستی‌ مرۆڤ هه‌یه‌، واته‌ كه‌ ده‌وترێت ئاردی‌ بۆر مه‌رج نییه‌ ئاردی‌ جۆ بێت".
وتیشی‌:"ئه‌گه‌ر ئارده‌كه‌ بۆر بێت و ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌په‌كی‌ تێدابێت، سودێكی‌ زۆر به‌ته‌ندروستی‌ مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هه‌مانشێوه‌ی‌ ئاردی‌ جۆ سودی‌ لێوه‌رده‌گیرێت و كاریگه‌ری‌ باشی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر شێرپه‌نجه‌ی‌ گه‌ده‌و ڕیخۆڵه‌".
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، "تائێستا به‌كارهێنانی‌ ئاردی‌ بۆر نه‌بۆته‌ نه‌ریت، ئێستا ئه‌و گه‌نمه‌ش كه‌ له‌ئاشه‌كانی‌ كوردستان ده‌كرێت به‌ئارد، به‌ڕێژه‌ی‌ له‌10% كه‌په‌كه‌كه‌ی‌ لێده‌كرێته‌وه‌ ئه‌و كه‌په‌كه‌ش ئه‌گه‌ر بۆ دوو هێنده‌ به‌رزبكرێته‌وه‌، واته‌ له‌100 كیلۆ ئارد 20 كیلۆی‌ كه‌په‌ك بێت، سودێكی‌ زۆری‌ بۆ ته‌ندروستی‌ مرۆڤ ده‌بێت".
سه‌باره‌ت به‌سوده‌كانی‌ ئاردی‌ بۆریش بۆ ته‌ندروستی‌ مرۆڤ وتی‌:"ڕیشاڵێكی‌ زۆری‌ تێدایه‌، كرداری‌ هه‌رس ئاسان ده‌كات و كێشه‌ی‌ كۆڵۆن ناهێڵێت، مرۆڤ ڕۆژانه‌ پێویستی‌ به‌30 گرام ڕیشاڵ هه‌یه‌ بیخوات، ئه‌و ڕیشاڵانه‌ش ده‌توانرێت له‌ڕێگه‌ی‌ نانه‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنرێت، تا ڕیشاڵیش زیاتربێت ڕێژه‌ی‌ كاربۆهیدرات كه‌مده‌كاته‌وه‌".
ئه‌و پسپۆڕه‌ی‌ بواری‌ خۆراك ئه‌وه‌شی‌ وت:"ئه‌و ئارده‌ی‌ له‌سه‌مونخانه‌و نانه‌واخانه‌كان به‌كارده‌هێنرێت به‌داخه‌وه‌ ئاردێكی‌ توركیه‌، جۆی‌ ئه‌سڵ نییه‌و ڕه‌نگی‌ بۆره‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاردێك بۆربێت و بته‌وێ جیای‌ بكه‌یته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ئاردی‌ سروشتیه‌و جۆیه‌، ئه‌وا ڕیشاڵ له‌ناویدا هه‌یه‌و ڕه‌نگ نییه‌".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش ئاخۆ كه‌ی‌ له‌نانه‌واخانه‌و سه‌مونخانه‌كان ده‌خرێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌ وتی‌:"كۆبونه‌وه‌ به‌سه‌رجه‌م فڕن و نانه‌واخانه‌كان و ئاشه‌كان كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ نانی‌ بۆر بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان ڕایانگه‌یاندوه‌، ئه‌گه‌ر نانی‌ بۆر بكه‌ن، هاوڵاتیان داوای‌ نانی‌ سپی‌ ده‌كه‌ن".
له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ پێیوایه‌، "ئێمه‌  له‌ئێستادا كاری‌ له‌سه‌رده‌كه‌ین هاوڵاتیان هۆشیارده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌وه‌ی‌ نانی‌ بۆر بخۆن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ ناتوانین نانی‌ سپی‌ قه‌ده‌غه‌ بكه‌ین، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت بكرێت به‌ڕێنمایی‌ نانی‌ بۆریش بكه‌ن".
ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه‌، "پێشنیازێك كراوه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ئاشه‌كانه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ عیراق تاوه‌كو ئارد بدرێت به‌نانه‌واخانه‌و فڕن و سه‌مونخانه‌كان، ئه‌وكاته‌ش  ئه‌گه‌ر حكومه‌ت خۆی‌ ئارده‌كه‌ بدات، ده‌توانێت ئه‌و مه‌رجانه‌ جێبه‌جێبكات كه‌ بۆ ئاردی‌ بۆر پێویسته‌".


SNN:

شادان حه‌سه‌ن

 هەفتە پێشتر - Aug 13 2019 4:57PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.