هەواڵ
موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ زیاد ده‌كات..هاوتای موچه‌ی ئه‌م هێزه‌ ده‌كرێت
لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ له‌په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامێك ئاراسته‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات، په‌رله‌مانتارێكی لیژنه‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "موچه‌كانیان هاوتای سه‌ربازیی عیراق یان هێزه‌كانی ناوخۆی هه‌رێم ده‌كه‌ین"، ئاشكراشیده‌كات، "ڕێگه‌ناده‌ین موچه‌كانیان به‌و شێوه‌یه‌ كه‌م بێت".

شاخه‌وان ڕه‌ئوف بڕیارده‌ری لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "بڕیاره‌ له‌دوای كۆتاییهاتنی پشوی په‌رله‌مان، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ین و پرسی هاوتاكردنی موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ربازیی عیراق تاووتوێبكه‌ین".

وتیشی:"ئه‌گه‌ر ته‌واوی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕێكنه‌خرێن، ئه‌وه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌غداش بتوانێت بێته‌ ژێرباری ئه‌وه‌ی موچه‌كانیان هاوتای عیراق بكات".

به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "بۆ هاوتاكردنی موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربازیی عیراق، كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی كورد له‌لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری نوێنه‌ران كردوه‌و له‌ئێستادا ئه‌وانیش كاری له‌سه‌رده‌كه‌ن".

ئه‌وه‌شی وت:"موچه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ك ته‌نها 500 هه‌زار دیناره‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاوتای موچه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق بكرێت، ئه‌وه‌ بۆ سه‌روی ملیۆنێك دینار زیاد ده‌بێت".

ئاشكراشیكرد، "ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵه‌ش سه‌رنه‌گرێت، ئه‌وه‌ هه‌وڵی جدی ده‌ده‌ین بۆئه‌وه‌ی موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ هاوتای موچه‌ی هێزه‌كانی ناوخۆی هه‌رێم بكرێت، چونكه‌ موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ زۆر كه‌مه‌و نامانه‌وێت موچه‌كانیان به‌و شێوه‌ كه‌مه‌ به‌رده‌وامبێت".

باسی له‌وه‌شكرد، "ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتنی نوێی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وكات دۆخی دارایی هه‌رێم باشتر ده‌بێت و حكومه‌ت ده‌توانێت موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هاوتای هێزه‌كانی ناوخۆی بكات".


SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

 مانگ پێشتر - Aug 18 2019 9:02AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.