هەواڵ
واده‌ی پێدانی كاره‌بای 24 سه‌عاتی راگه‌یه‌نرا
وه‌زاره‌تی كاره‌با هێڵه‌ گشتییه‌كانی پلانی چوار ساڵی داهاتوو پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات، وته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت: پلانه‌كه‌ چوار ته‌وه‌ری له‌خۆگرتووه‌، به‌ته‌واوكردنی ئه‌و پلانه‌، ده‌توانین كاره‌بای 24 سه‌عاتی بۆ هاووڵاتیان دابین بكه‌ین.

ئومێد ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم به‌ SNNی راگه‌یاند: له‌كارنامه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با، هێڵه‌ گشتییه‌كانی پلانه‌كه‌ بۆ چوار ساڵی داهاتوو پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه‌.

وتیشی:  "لیژنه‌یه‌ك له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ سه‌ردانی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان و له‌نێویشیاندا وه‌زاره‌تی كاره‌بای كردووه‌و روونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر هێڵه‌ گشتییه‌كان دراوه‌".

ئاشكراشیكرد، هێڵه‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌با بۆ چوار ساڵی داهاتوو، چوار ته‌وه‌ری له‌خۆگرتووه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ن:

ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: ته‌واوكردنی به‌رهه‌مهێنان له‌ڕێگه‌ی غازی سروشتییه‌وه‌ به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتییه‌كان.

ته‌وه‌ری دووه‌م: رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری وزه‌و ئاشكراكردنی بنه‌بڕكردنی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر سیستم و تۆڕی كاره‌با، رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری كڕین و فرۆشتنی وزه‌و كۆكردنه‌وه‌ی داهات له‌ڕێگه‌ی پێوه‌ری زیره‌كه‌وه‌.

ته‌وه‌ری سێیه‌م: جێبه‌جێكردنی پرۆژی سكادا ( به‌كۆمپویته‌ر رایزكردنی به‌ڕێوه‌بردن و ئیشپێكردنی سیستمی كاره‌با).

ته‌وه‌ری چواره‌م: ته‌واوكردنی تۆڕه‌ی كاره‌با، كه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌وێستگه‌كانی 132 كه‌ی ڤی، 33 كه‌ی ڤی، 11 كه‌ی ڤی بۆ خواره‌وه‌، ته‌واوكردنی وێستگه‌ی 400 كه‌ی ڤی بۆ یه‌كه‌مجار له‌كوردستان،  كه‌ ئه‌مه‌ش سیستمه‌كه‌ به‌هێز ده‌كات و توانای گواستنه‌وه‌ زیاد ده‌كات و توانای به‌فیڕۆچوونی وه‌زه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌و جۆرێك له‌دڵنیایی و جێگری بۆ سیستمه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌كه‌ ده‌كات.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌با راشیگه‌یاند: به‌پێی ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستماندا ده‌بێت و به‌ته‌واوكردنی ئه‌و پلانه‌، ده‌گه‌ینه‌ كه‌ناری ئارام و ئه‌وكاته‌ ده‌توانین كاره‌بای 24 سه‌عاتی بۆ هاووڵاتیان فه‌راهه‌م بكه‌ین و چیتر پێویستیمان به‌سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ بۆ پێدانی كاره‌با نابێت.


SNN:

شاهۆ خواره‌حم

 3 هەفتە پێشتر - Aug 23 2019 9:57AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.