هەواڵ
یه‌كێتیی په‌نا ده‌باته‌به‌ر دادگای‌ فیدراڵی‌
یه‌كێتیی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان هه‌وڵی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك بڕگه‌و ماده‌ی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان ده‌دات، لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ به‌غدای‌ یه‌كێتیش ڕونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر ده‌دات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌دادگای‌ فیدراڵی‌ سكاڵا تۆمارده‌كه‌ین".

پۆڵا سیروان تاڵه‌بانی‌ لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ به‌غدای‌ یه‌كێتی‌ به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند، "له‌سه‌ر شێوازو به‌شداریكردنمان له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان به‌تایبه‌ت له‌وشارانه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌یانگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ سه‌رجه‌م مه‌ڵبه‌نده‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجامدا".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، "تێیدا گفتوگۆمان له‌سه‌ر شێوازو بیروبۆچونی‌ به‌شداریكردن و دانانی‌ به‌رنامه‌و پلانی‌ خۆمان به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و شوێنه‌ی‌ مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی‌ تێدایه‌ كردوه‌".

وتیشی‌:"یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان كه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق ده‌ركرا، ئێمه‌ تێبینیمان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك بڕگه‌ی‌ هه‌یه‌، چونكه‌ به‌زیانی‌ كورده‌، ده‌مانه‌وێت ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ دژ به‌كوردو له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد نییه‌ له‌كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌ڕێگه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵیه‌وه‌ پێداچونه‌وه‌ی‌ پێدابكرێت یان یاساكه‌ هه‌مواربكرێته‌وه‌".

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "له‌ڕێگه‌ی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌به‌غدا، له‌دادگای‌ فیدراڵی‌ تانه‌ له‌یاساكه‌ ده‌ده‌ین، كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌ین ئه‌و بڕگانه‌ی‌ دژ به‌ڕێكه‌وتن و دژ به‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورده‌، هه‌مواربكرێته‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان".

سه‌باره‌ت به‌و هاوڵاتیانه‌ش كه‌ ناویان له‌تۆماری‌ باری‌ شارستانی‌ سڕاوه‌ته‌وه‌و گوازراوه‌ته‌وه‌ له‌ده‌نگدان بێبه‌شده‌بن، ئه‌و وتی‌:"ئێمه‌ دژی‌ ئه‌و خاڵه‌ ده‌وه‌ستینه‌وه‌و هه‌وڵده‌ده‌ین له‌دادگا تانه‌ی‌ لێبده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌نگدان بێبه‌شنه‌كرێن".

لێدوانه‌كه‌ی‌ سیروان تاڵه‌بانی‌ له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ نوێنه‌ری‌ مه‌ڵبه‌نده‌كانی‌ (به‌غدا، هه‌ولێر، خانه‌قین، كه‌ركوك، شنگال، نه‌ینه‌واو خورماتوو) تایبه‌ت به‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ یه‌كێتیی كۆبونه‌وه‌و مه‌ترسیه‌كانیان خسته‌ڕوو.


SNN:

شادان حه‌سه‌ن

 مانگ پێشتر - Aug 25 2019 12:31PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.