حكومەتی هەرێم سێ‌ تریلۆن و 300ملیار دیناری لە حکومەتی عێراق قەرزکردووە

0
404
لۆگۆی حکومەتی هەرێم | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید

تا ئێستا حكومەتی هەرێم بڕی سێ‌ تریلیۆن و 300 ملیار دیناری بەشێوەی قەرز لە بانكەكانی عێراق وەرگرتووە و هاوكات بڕی 31ملیار دۆلاری دیكەش قەرزاری مووچەخۆران و كۆمپانیاكانی ناوخۆو دەرەوەیە، شارەزایەكی بواری ئابووری و دارایش ئاماژە بەوەدەكات حكومەتی هەرێم ناتوانێت لەوە زیاتر درێژە بە وەیرگرتنی قەرز بدات چونكە ئەو قەرزانە سودیان دەچێتەسەرو دواجار چارەنوسی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە.

د. شێركۆ جەودەت، شارەزا لە كاروباری دارایی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: ئەوەی حكومەتی هەرێم ئەنجامی دەدات لە وەرگرتنی قەرز بریتییە لە پینەو پەڕۆكردنی كێشەو گرفتی مووچەخۆرانی هەرێم و ئەم پینەو پەڕۆیەش تاسەر ناتوانێت بەردەوام بێت و دەبێت چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو قەرزانەی كە حكومەتی هەرێم لە عێراقییان وەردەگرێت سودیان دەچێتە سەر، ئەمەش وادەكات قەبارەی سەر قەرزەكانی هەرێم زۆر زیاد بكات و دواجار حكومەتی هەرێم توانای دانەوەی قەرزەكانی نەمێنێت و بەجۆرێك لە جۆرەكان بەتەواوی تەسلیم بە حكومەتی عێراقی ببێت ئەمەش وادەكات چارەنوسی حكومەتی هەرێم بكەوێتە مەترسییەوە.

وتەكانی ئەو شارەزایەی بواری دارایی و ئابوری لەكاتێكدایە كە تەنها لەمساڵدا حكومەتی عێراقی بە چوار گوژمەی جیاواز ترلیۆنێك و 200 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردوە، بەجۆرێك بڕی 400 ملیاری لە مانگی ئازار و 400 ملیاری دووەم لە مانگی ئایارو هاوكات دووجاری دیكە بەبڕی 200 ملیار دیناری ڕەوانەكردووە، بوەدوای ئەوەی نەتواندرا پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق جێبەجێبكرێت و پكی هەرێم وەك خۆی ڕەوانە بكرێت، دواجار حكومەتی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بەشێوەی قەرز بۆ مانگەكانی 9 و10و11ی ئەمساڵ ڕەوانە بكات، بەگشتی حكومەتی هەرێم بڕی سێ‌ تریلیۆن و 300 ملیار دیناری بەشێوەی قەرز لە بانكەكانی عێراق وەرگرتووە و دەبێت لەسەرەتای ساڵی نوێ‌ دەستبكاتەوە بەدانەوەی قەرزەكان، ئەوەش دوای پاكتاوی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا، هاوكات حكومەتی هەرێم بڕی 31 ملیار دۆلاری دیكەش قەرزاری مووچەخۆران و كۆمپانیاكانی ناوخۆو دەرەوەیە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this