“شاندی هەرێم تازە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەستیان بە گفتوگۆ کردووە”

0
597

SNN

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، ساندی هەرێم لە بەغدا تازە دەستیان بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، کە بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی بودجە و چارەسەرکردنی پشکی هەرێم لە بودجە و پرسی یاسای نەوت و گاز لە بەغدان.

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی کانوونی دووەم، وەفا محەمەد کەریم، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی بەغداد تودەی رایگەیاندووە، “شاندی هەرێم تازە دەستیان بە دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی پشکی هەرێم لە بودجە و پرسی یاسای نەوت و گاز”.

ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەنجومەنی وەزیران ڕەنگە لە دانیشتنی داهاتوویدا ڕەزامەندی لەسەر هەموارکردنەوەی بودجەی هەرێم بدات، ئەگەر ئەو تێبینییە تەکنیکییانەی ئاڕاستەی شاندی هەرێم کردووە یەکلایی بکرێنەوە، هەروەها کۆدەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی بودجە و یەکلاکردنەوەی پشکی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەبێت”.

وتوویەتی: “شاندی حکومەتی هەرێم رۆژی پێشتر پەیامی ئەرێنییان پێگەیشتبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام دواتر زانیمان لە دوا ساتەکاندا پاشەکشە هەبووە، هەر بۆیە هیوادارین ئەمجارەیان پابەندی ڕێککەوتنەکە بن”.

لەلایەکی ترەوە، د. نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەر ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بە SNNی راگەیاندبوو،” ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ حكومەتی فیدراڵ رەزامەندی دەرببڕێت كه‌ مانگانە بڕی 700 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكرێت بۆ دابەشكردنی مووچە تائەوكاتەی یاسای بودجە هەموار دەكرێتەوە”.

هاوکات، رۆژى شه‌ممه‌ 6ى كانونى دووه‌م، شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدایان كرد به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ده‌ستپێكردنى زنجیره‌یه‌كى نوێى كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى به‌غدا، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌یان ده‌ستپێكرد.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this