كۆرۆنا ناردنەدەرەوەی 53 بەركەوتووی چەكی كیمیایی ڕاگرتووە

0
1377
هەڵەبجە

SNN-عەلی حەمە سەعید

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات، بارودۆخی تەندروستی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە لە دۆخێكی خراپدایە و ماوەی چوار مانگیشە بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە، ناردنەدەرەوەی 53 بەركەوتووی چەكی كیمیایی بۆ وڵاتی ئێران راگیراوە.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: لەگەڵ ئەوەی هەریەكە لە وەزارەتەكانی دارایی و تەندروستی و كاروباری شەهیدان رەزەمەندییان دەربڕیوە بە ناردنەدەرەوەی 53 بەركەوتووی چەكی كیمیایی بۆ نەخۆشخانەكانی ئێران بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و بینینەوەی پزیشكەكانیان، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تا ئێستا نەتوانراوە ئەو بەركەوتوانەی چەكی كیمیایی ڕەوانەی ئێران بكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، دۆخی تەندروستی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هەمیشە باش نەبووە، ئێستاش كە ئەم ڤایرۆسە بڵاوبوەتەوە لە هەموو كەس زیاتر مەترسی توشبوونی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دەكرێت ئەوەش بەهۆی لاوازی بەرگری لەشیان، بۆیە ماوەی چوار مانگە فەرمانی ناردنە دەرەوەی ئەو 53 بەركەوتووەی چەكی كیمیایی دەرچووە بەڵام نەمانتوانیوە بیاننیین چونكە مەترسی توشبوون بە كۆرۆنایان لێدەكرێت ئەوكات هێندەی دیكە باری تەندروستیان مەترسیدار دەبێت.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، كۆی گشتی بریندارانی چەكی كیمیایی لە هەرێمی كوردستان 972 كەسن لەو ژمارەیەش نزیكەی 500 كەسیان بەركەوتووی چەكی كیمیایی هەڵەبجەن، بۆیە لەدوای كۆتایی هاتنی ئەم بارودۆخە بیر لە شێوازێكی دیكەی چارەسەر كردنی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دەكەینەوە.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this