وەزیری نەوتی عێراق: هەوڵی باشكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەدەین

0
1548

SNN

وەزیری نەوتی عێراق  رایگەیاند: “گفتوگۆكانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەردەوامە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانمان و بە لەبەرچاوگرتنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمیش لە هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولاداین”.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی عێراقی رایگەیاند: “گفتوگۆكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆ ئەوەی لەم چوارچێوەیەدا دەستبەریەك هەبێت كە هەرێم پابەند بێت رۆژانە لە 370 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەم نەهێنێت”.

ئاماژە بەوەش دەكات: “بە لەبەرچاوگرتنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم، هەوڵی باشكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەدەین”.

ئیحسان عەبدولجەبار “لە بەرژەوەندی عێراقدایە بەردەوام بێت هاوكاریكردن و هەماهەنگی رێكخراوی ئۆپێك بکرێت بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا بەرزببێتەوە”.

وتیشی: “وەزارەتی نەوت پابەندە بە رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بەپێی وادەكان بۆ مانگەكانی داهاتووی ئەمساڵ، بۆیە لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا، بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زۆر كەمكراوەتەوە”.

هاوکات وتوشیەتی: “گفتوگۆمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆ دووبارە باشبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم، بەڕێوەبردنی كێڵگەكانی نەوت لەژێر یەك سیاسەتی نەوتیدا و بەڕێوەبردنی سامانەكان لەژیر سیاسەتی فیدرالدا”.

ئەمە لەکاتێکدایە شاندی باڵای هەرێم سەردانەکانی بۆ بەغدا لەپێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان بەردەوامە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this