وەزارەتی دارایی تەنیا لەمشەودا دوو بڕیاری بۆ دابەشكردنی مووچە دەركرد

0
9589

SNN-عەلی حەمە سەعید

هەرچەندە لەكاتی دبەشكردنی مووچەی مانگی شوبات حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو كە لێبڕینی ڕێژەی لە %21ی مووچەی فەرمانبەران تەنها بۆ یەك مانگ كاری پێدەكرێت، بەڵام گەنجینەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی داوایان لە یەكە ژمێریارییەكانی سەر بە وەزارەتە جیاوازەكان كردووە لیستی مووچەیان بە لێبڕینی لە%21 هاوشێوەی مانگی پێشوو بۆ بنێرن، بەڵام هەر ئەمشەو وەزارەتی دارایی پەشیمان بووەتەوە لەو بڕیارەی دەریكردووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسێكی سەر بە وەزارەتی دارایی بە SNNدراون ئەوە خراوەتەڕوو، لەلايەن گەنجینەی 2ی سەر بە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم داوا لە بەرپرسی یەكە ژمێریارییەكان كراوە كە لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان بە لێبڕینی لە%21 بۆ فەرمانبەران و لێبڕینی لە %50 بۆ پلە تایبەتەكان بۆ بنێرن.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوابەدوای ئەو بڕیارە، هەر ئەمشەو ئاگاداركراینەوە بە ڕاگرتنی ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی 3ی 2020 بەبڕینی رێژەی  50٪ و 21٪ تاكو دەركردنی بڕیار لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و داوایان لە وەزارەت و فەرمانگەكان كردووە جارێ‌ ناردنی لیستی مووچە ڕابگرن.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوو دەستبكرێت بە دابەشكردنی مووچە و ڕیزبەندی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازاری وەزارەت و دەستەكان هاوشێوەی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات دەبێت و یەكەم وەزارەت كە مووچەی پێدەدرێت وەزارەتی تەندروستی دەبێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this