پەرلەمانی كوردستان نووسینگەكانی خۆی لە شار و شارۆچكەكان داخست

0
1585

SNN-عەلی حەمە سەعید
بە بیانووی قەیرانی دارایی و خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە بڕیارێكی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، سەرجەم نووسینگەكانی پەرلەمان لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان داخران، ئەندامیكی پەرلەمانی كوردستانیش بڕیارەكە بە نادروست دەزانێت.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بە SNNی ڕاگەیاند: بە بیانووی قەیانی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویست بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوكارەكانی تایبەت بە نووسینگەكانی پەرلەمان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لە ئێستادا نووسینگەكانی پەرلەمان داخراون و لەو نووسینگانە پەرلەمانتاران دانانیشین و ئیشوكاری هاووڵاتییان بەڕێناكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، بیانویەكی دیكەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەداخستنی ئەو نووسینگانە ئەوەیە كە گوایە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە ئەو نووسینگانە داخراون، بەڵام ئەم بریارە كارێكی زۆر نادروستە، چونكە پەرلەمانتاران لە پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە زۆر پێویستییان بەو نووسینگانە هەبوو كە تیایدا دابنیشن و لەگەڵ هاووڵاتییان گفتوگۆ بكەن لەبارەی كێشە و گرفتەكانەوە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هەر ئەندام پەرلەمانێك لە ماڵەكەی خۆی یان لە شەقام چاوی بە هاووڵاتییان دەكەوێت و باس لە كێشە و گرفتەكان دەكەین، ناشزانین كەی بڕیاری كردنەوەی ئەو نووسینگانەی پەرلەمان دەردەچێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this