هاووڵاتییانى هەولێر پێنج مانگە چاوەڕێى ئەو نەخۆشخانەیەن کە بڕیاربوو لە 45 رۆژدا تەواوبکرێت

پرۆژەى نەخۆشخانەى تایبەت بە کۆرۆنا لە هەولێر | فۆتۆ: SNN
SNN – مەودا مستەفا
هەرچەندە بڕیاربوو لە ماوەى 45 رۆژدا نەخۆشخانەى کۆرۆنا لە شارى هەولێر تەواوبکرێت، بەڵام ماوەى پێنج مانگە ئەو نەخۆشخانەیە تەواونەکراوە، تەواونەبوونیشى کێشەى بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە و هاووڵاتییەک دەڵێت: “نەخۆشخانە گشتییەکان تایبەت کراون بە کۆرۆنا، لەبەر ئەوە ناچارین لە حاڵەتى کتوپڕدا پەنا بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان بەرین”.
نەخۆشخانەى تایبەت بە کۆرۆنا لە شارى هەولێر لە 16ى ئازارى ئەمساڵ لە لایەن فرسەت سۆفى، پارێزگارى هەولێر و دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى تەندروستى هەولێرەوە بەردى بناغەى دانرا، نەخۆشخانەکە لە 72 قەرەوێڵە پێکهاتووە و تێچووەکەى کە لەلایەن خێرخوازانەوە دابینکراوە کە ملیارێک و 200 ملیۆن دینارە، هاوکات بڕى ملیارێک و 300 ملیۆن دیناریش بۆ ئامێر و پێداویستییەکانى دابینکراوە.
ئەم پرۆژەیە بە وتەى پارێزگار و بەڕێوەبەرى تەندروستیی هەولێر “بڕیاربوو لە ماوەى 45 رۆژدا تەواوبکرێت”، بەڵام پاش تێپەڕینى پێنج مانگ و 14 رۆژ هێشتا نەخۆشخانەکە تەواونەکراوە، بەهۆى تەواونەبوونیشییەوە پێنج نەخۆشخانەى گەورەى هەولێر تایبەت کراون بە کۆرۆنا، ئەمەش نیگەرانى لاى هاووڵاتییان دروستکردووە، بە وتەى ئەوان “تەواونەبوونى نەخۆشخانەکە بووەتە هۆکارى ئەوەى هاووڵاتییان روو لە نەخۆشخانە و کلینیکە تایبەتەکان بکەن بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەر”.
عومەر ئیسماعیل، هاووڵاتییەکى دانیشتووى شارى هەولێرە لەو بارەیەوە بە SNN ى راگەیاند: “راستە بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا نەخۆشێکى زۆرى ئەو ڤایرۆسە لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەر وەردەگرن، بەڵام ناکرێت لەبیرمان بچێت نەخۆشى تریش هەیە و رۆژانە هاووڵاتییان تووشى نەخۆشى تریش دەبن، ئێستا لە هەولێر بەهۆى ئەوەى بەشێکى زۆرى نەخۆشخانەکان کراون بە نەخۆشخانەى کۆرۆنا کێشە بۆ هاووڵاتییان دروستبووە”.
وتیشى: “زۆرینەى هاووڵاتییان بەهۆى ئەوەى نەخۆشخانە گشتییەکان کراون بە نەخۆشخانەى کۆرۆنا روو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان و کلینیکە تایبەتەکان دەکەن، ئەمەش لەم دۆخە داراییەى ئێستادا لەسەر هاووڵاتییان زۆر دەکەوێت”.
لە بارەى کەیسى ئەو نەخۆشخانەیەوە دلۆڤان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستیی هەولێر بە SNNی راگەیاند: ” لە ئێستادا پەیکەرى بیناى نەخۆشخانەکە وەک قۆناغێکى سەرەتایی تەواوبووە، بەڵام کاتى تری پێویستە بۆ ئەوەی تەواو بکرێت”.
بەڕێوەبەرى گشتى هەولێر ئاماژە بە تەواونەبوونى نەخۆشخانەکە لەکاتى خۆیدا دەکات و روونیدەکاتەوە: “راستە لە وادەی خۆیدا تەواونەکراوە، بەڵام بڕیارمانداوە نەخۆشخانەکە بە تەنیا بۆ کۆرۆنا نەبێت، بەڵکو بۆ نەخۆشییە گوزاروەکانیش بێت لەو سنوورە”.
لە ئێستادا شارى هەولێر لە پلەى یەکەمدا دێت لەڕووى تووشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە سەر ئاستى هەرێمى کوردستان، لە سەرەتاى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکەوە تاوەکو ئێستا 11 هەزار و 298 کەس تووشى ڤایرۆسەکە بوون، تەنیا لە 24 کاتژمێرى رابردوودا 208 حاڵەتى نوێى تووشبوون تۆمارکراون و نۆ تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
More News
-
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
2 hours لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
3 hours لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
3 hours لهمهوپێش -
مارکۆ ڕۆبیۆ: “مۆندیال بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران قەدەغەیە”
4 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
2 hours لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
3 hours لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
3 hours لهمهوپێش



