لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 520 هەزار کرێچی بوونی هەیە

0
1405
هەولێر

SNN- بڕیار محەمەد

وتەبێژی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان رایدەگەیەنێت بەپێی دواین ئاماری كۆمەڵەكەمان زیاتر لە 520 هەزار كرێنشین لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، هەروەها كرێچیەكیش دەڵێت “ژیانی كرێچیەتی زۆر ناخۆشە، جگە لەوەی هەموو مانگێک دەبێت پارەی خانووەكە بدەی، هەر دوو مانگ جارێك خاوەن خانووەكە دێت داوای پارەی زیاتر دەكات”.

بێستوون ئەحمەد، كە زیاتر لە 10 ساڵە كرێچییە، دەڵێت: كرێچی زۆر ناخۆشە، جگە لەوەی هەموو مانگ دەبێت پارەی خانووەكە بدەی، هەر دوو مانگ جارێك خاوەن خانووەكە دێت داوای پارەی زیاتر دەكات، داوا لە حكومەت دەكەین یان یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێچییەكان دروستبكات، یاخود پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەك كرێ خانوو لە شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دیار بكات، بۆ ئەوەی هەر دوو مانگ جارێك خاوەن خانووەكان كرێ لەسەر كرێچییان گران نەكەن.

وتیشی “لەوەتەی ژیانی هاوسەرگیریم پێكهێناوە هەر لە خانووی كرێدا دەژیم، هێشتا نەمتوانیوە دوو ژوور خانوو بۆ خۆم دروست بكەم و لە كرێچی ڕزگاربم. كە ئەوە یەكێك لە ئاواتەكانی من”.

حوسێن عەلی، كرێچییەكی دیكە، شاری هەولێرەو بەSNNی راگەیاند :” ئەو خانووەی كە من تێیدا دەژیم، خانوویەكی زۆر ناخۆشە، هەر كاتێك باران ببارێت دڵۆپە دەكات، جگە لەوەی زۆر ساردە، لەگەڵ ئەوەش مانگانە دوو سەد هەزار دینار كرێیەكەی دەدەم، چەندین جار بە خاوەن خانووەكەم گوتووە یان وەرە نۆژەنی بكەوە، یان كرێیەكەی هەرزان بكە، بەڵام نە كرێیەكەی هەرزان دەكات، نە نۆژەنی دەكاتەوە، منیش لە توانامدا نییە خانوویەكی دیكە بەكرێ بگرم، بۆیە، بەو زستانە ساردە لەناو ئەو خانووەدا دەمێنمەوە، كە هەموو رۆژێك لەبەر سەرما منداڵەكانم نەخۆش دەكەون، داوا لە حكومەت دەكەین یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێچییەكان دروستبكەن، ئەگەر خانووەكان بچووكیش بن بەس لە كرێچییاتی ڕزگاربین”.

كارزان رەسوڵ، وتەبێژی كۆمەڵیی كرێنشینانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: بەشێوەیەکی گشتی لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 520 هەزار كێرنشین بوونی هەیەو لە ژمارەشدا 96 هەزار كرێنشین لە كۆمەڵەی كرێنشینان ئەندام زۆترین رێژەی كرێنشینیش بەر پارێزگای سلێمانی دەكەوێت.

وتیشی “لەو 96 هەزارەی كە لای كۆمەڵەكەمان ئەندامن 58 هەزاریان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لە هەولێر 27 هەزار كرێنیشین و لە سنووری پارێزگای دهۆكیش 11هەزارە”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this