لە هەولێر ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر زیادیکردووە؛ هۆکارەکانی ئاشکرادەکرێن

0
591

SNN- بریار محەمەد
ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە شاری هەولێر زیادیانکردووە، دەستگیرکردنی ئالوودەبوویەکیش کە ویستبووی هێرشبکاتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی لەو شارە، مەترسییەکانی بەکار‌هێنانی ماددەی هۆشبەر لەسەر تەندروستی مرۆڤ و کۆمەڵگاش دەردەخات، توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش دەڵێت: چەندین هۆکار لە پشت ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەرەوە هەیە و بێکاریش یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکانی.
بەپێی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ماوەی 10مانگی رابردووی ئەمساڵ 856كەس دەستگیركراوە، هەروەها دەست بەسەر430 كیلۆ و 394 گرام ماددەی هۆشبەر، 1846 شیت حەب گیراوە.
ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان مەترسی زۆری بۆ تەندروستی کەسی بەکارهێنەر دەبێت، جگە لەو مەترسییانەی کە لەسەر کۆمەڵگا دروستیدەکەن کە هۆکارن بۆ چەندین تاوانی دیکە.

ماددەی هۆشبەر چەندین تاوانی دیکەی لێدەکەوێتەوە

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ماددە هۆشبەرەکان، ئارام سەعید توێژەری دەروونی بە SNNی وتووە: ماددەی هۆشبەر چەندین تاوانی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، دەکرێت بەکارهێنەر تاوانی کوشتن ئەنجامبدات یان هێرش بکاتە سەر کەسانی دیکە، خێزانەکانی ئەم بەکارهێنەرانە هەندێکجار دەبنە قوربانی کەسێکی خێزانەکەیان کە بەکارهێنەرە، هۆکاری تێکدانی پەیوەندییەکانی ناو خێزانەکانە.
هاوکار کاریگەری کوشندەی لەسەر تەندروستی کەسەکان هەیە و دەبێتە هۆی سستبوونی مێشك و كۆئەندامی دەمارگەلی گشتی كە دەبێتە هۆی تێكدانی کێش و روخسار و توانای بیرکردنەوەی لاوازدەکات، لە هەندیک حاڵەتدا دەبێتەهۆی هەوکردنی دەمارەکانی چاو، هەڵاوسانی سپڵ.
ئەو توێژەرە باسی لەوەکرد
هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرە جۆراوجۆرەكانی ناو كۆمەڵگا زۆرن بەڵام دەتوانین بڵێین چەند هۆكارێكی سەرەكیمان هەیە، لە نێویشیاندا: بێكاری، کاریگەری فیلمەکان، كێشەی ڕۆژانەی ناو خێزان، هەروەها هاتنی هەندێ خەڵكی بیانی بۆ كوردستان بەمەبەستی كاركردن ماددە هۆشبەرەكان بڵاودەكەنەوە لە كۆمەڵگادا.

گەنجان و هەرزەکاران بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوە روو لە ماددەی هۆشبەر دەکەن

سەبارەت بەوەی ئایا بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان زیاتر لە چی چینێكی كۆمەڵدا دەبینرێت، ئەو توێژەرە وتی: بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر زیاتر گەنجان یان هەرزەکارن کە بەهۆی نەزانینەوە دەستدەدەنە ئەو کارە.
هاوكات لەبارەی چۆنێتی بنبڕ كردنی ئەم دیاردەیە دەڵێت: كەسانی تووشبوو بەتایبەت گەنجان ئەگەر زانیان ماددە هۆشبەرەكان زۆر بە ئاسانی دەردەكەون لە پشكنین و شیكردنەوەی نموونەی میز كە لە دوای چەند ڕۆژێك لە ناو میزەكەدا دەمێنێت ئەوا دەبێتە هۆكارێك بۆ دووركەوتنەوەیان لە بەكارهێنانی ئەو جۆرە ماددە خراپانە لە ترسی ئاشكرابوونیان لە لایەن كەسانی دەوروبەرەوە، بۆیە لەسەر باوكانە ئاگاداری هەڵسوكەوتی منداڵەكانیان بن ئەگەر نیشانەی ماددە هۆشبەرەكانیان بۆ دەركەوت دەبێت پشكنینێك ئەنجام بدەن لەسەر نموونەی میز لە بنكەی تەندروستی.

چارەسەری ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر بە چەند قۆناغێکە

لەبارەی چارەسەری كەسی تووشبووو ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەكانیشەوە رایگەیاند :كەسی تووشبوو بە چەند جۆرێك چارەسەر دەكرێت لەوانە:
یەكەم: لەناوبردنی ماددە ژەهراویەكانی ناو لەش و كەمكردنی ئازار و پێدانی شلەمەنی.
دووەم: چارەسەركردنی دەروونی و كۆمەڵایەتی بە زانینی كێشەی ناو خێزان و هۆكاری بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
سێیەم: فێركردنی كەسی تووشبوو کە بەشێوەیەکی تەندروست رووبەڕووی کێشە و گرفتەکانی ژیانی ببێتەوە.
چوارەم: باشكردنی پەیوەندی كەسی تووشبوو لەگەڵ خێزان و دەوروبەری.
پێنجەم: بەدواداچوونی بەردەوام لەسەر كەسی تووشبووی چارەسەركراو بۆ ماوەی 6 مانگ تا 2 ساڵ لە سەرەتای دەستپێكردن بە چارەسەركردنی.
ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەكان بە یەكێك لە مەترسیدارترین كێشە سەردەمییەكان هەژمار دەكرێت چ لەسەر ئاستی تاكەكەسی یا لەسەر ئاستێكی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، لە رووی زانستی و تەندروستییەوە بە نەخۆشییەكی وێرانكەر و كوشندە دادەنرێت لە باوترین ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێن كۆكاین و هیرۆین-ە .

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this