حكومهتى ههرێم لهبارهى دانوستانهكانى ههرێم و بهغدا راگهیهنراوێكى بڵاوكردهوه

لۆگۆى حكومهتى ههرێمى كوردستان | فۆتۆ: SNN
SNN
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی کرد کە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە بەغدا بوون و چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵی ئەنجامدا . سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی بۆ حکومەتی فیدراڵی نەهێشتووەتەوە و لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە لە پێناو چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات. جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین. گوتیشی بەداخەوە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکان، کراوەتە کارتێکی فشاری سیاسیی لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان .
سەرۆک وەزیران داوای کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک لایەنی سێیەم لەمەودوا بەشدار بێت لە دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی ماف و ئەرکەکانی هەر لایەک دیاربێت.
ئینجا شاندی دانوستانكاری هەرێمی کوردستان ، دەرئەنجامی سەردانەكەیان بۆ بەغدا خستەڕوو و ڕایانگەیاند؛ ھۆكاری سەردانەكەیان لەپێناو بەدەستھێنانی شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆران بوو. ھەروەھا باسیان لەچۆنییەتی ڕێككەوتن لەسەر پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 كرد كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دواتر پەسەندی كرد. ئاماژەیان بە ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیان كرد لەسەر جێبەجێكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتھێنانی دارایی. شاندەكە ئەوەیان دووپاتكردەووە كە سەردانیان بۆ بەغدا بەمەبەستی جێبەجێكردنی یاساكە بوو نەك دانوستاندن لەسەر یاساكە، ئەو مەرجانەی لەسەر ھەرێمی كوردستان بوون لەلایەن ھەرێمەوە جێبەجێ كراون و ھیچ ھۆكارێك نەماوە بۆ تەمویل نەكردنی ھەرێمی كوردستان. بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی كردەوە كە پێویستە حكومەتی فیدراڵ، بەزووترین كات پشكی ھەرێم بەپێی یاساكە بنێرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران ، هەروەها بڕیاریدا وردەکارییەکانی دانوستان و دوا هەڵوێستی بەرپرسانی بەغدا بەرامبەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم، بخاتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و ڕای گشتی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ، پێشبینی و بەرچاوڕوونیی پێویستیان سەبارەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2021 و ئامادەکارییەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی پێویست بۆ ڕێکخستنەوەی خەرجی و باج و داهاتەکانی هەرێمی کوردستان خرانەڕوو.
لە بارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی ، ئەنجوومەنی وەزیران ، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بەوردی چاودێری بازاڕەکان بکەن و سنوورێک بۆ گرانکردنی نرخەکان دابنرێت کە هەندێک کەس دەیانەوێ ئەم دۆخە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و زیادکردنی بارگرانیی لە سەر هاووڵاتییان بقۆزنەوە .
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، ئەنجوومەنی وەزیران دۆخی پەتای کۆرۆنا و جۆری نوێی ڤایرۆسەکەی لە هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرد و وەزیری تەندروستی سامان بەرزنجی، ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەمبارەیەوە خستەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان لە شوێنە گشتییەکان و کەرتی تایبەت و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تووندتر بکرێن .
ئەنجوومەنی وەزیران بەبۆنەی جەژنەکانی لە دایکبوون ( کریسمس) و سەری ساڵیی نوێ ، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی خوشک و برا کریستیانەکان دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاریدا ، ڕۆژانی 12/27 تا 2021/1/2 پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
More News
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
5 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
5 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
5 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
5 hours لهمهوپێش


