“داهاتى گومرگى هه‌رێم به‌ڕێژه‌ى 30٪ كه‌میكردووه‌”

0
619
لۆگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دراوى 10 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمەسەعید
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت: هەرچەندە داهاتی مانگانەی گومرگ جێگیر نییە، بەڵام داهاتی مانگانە نزیكەی 120 ملیار دینار دەبێت، ده‌شڵێت: “بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی دەروازە سنوورییەكانی گرته‌وه‌ مانگی رابردووە داهاتمان به‌ رێژه‌ى 30٪ كه‌میكردووه‌.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى شوبات، بە SNNی راگەیاند: “لەگەڵ ئەوەی داهاتی گومرگ ناجێگیرە و لە مانگێكەوە بۆ مانگێكی دیكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەڵام داهاتی مانگانە نزیكەی 120 ملیار دینار دەبێت به‌شێوه‌یه‌كى گشتى، به‌ڵام به‌هۆى ئەو كەشوهەوایەی كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەرێمی كوردستانی گرتەوە بە تایبەت لە دەروازە سنوورییەكان و به‌فرێكى زۆر بارى به‌ڕێژه‌ى 30٪ داهاتمان كه‌میكردووه‌”.

له‌باره‌ى دۆخى ئێستاى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان په‌یوه‌ندیدار به‌ داهاتى گومرگ ساماڵ عەبدولڕەحمان ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌، “لە ئێستادا خەریكە دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە و هیچ گرفتێك لە ئارادا نییە لە دەروازە سنوورییه‌كان”.

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى ئایا هیچ بڕیارێكیان به‌ فه‌رمى بۆ هاتووه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى داهات بۆ عێراق؟ بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: “تا ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێكمان بۆ نەهاتووە بە گەڕاندنەوەی داهاتەكانی هەرێم بۆ بەغدا، ئێمە چاوەڕێدەكەین بزانین بڕیارەكانی عێراق بەكوێدەگات، هەرچەندە پێشتریش داوای داهاتە ناوخۆییەكانی كردووە، بەڵام جێبەجێنەكراوە”.

ساماڵ عەبدولڕەحمان روونیشیكرده‌وه‌: “بەگوێرەی یاسا و رێككەوتنی هەرێم و بەغدا دەبێت 50٪ی داهاتەكانی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بەڵام تائێستا ئەمە بە كرداری جێبەجێنەكراوە، بەڵكو تەنیا بە ژمارە  50٪ی داهاتەكان دەخرێتەوە سەرحسابی حكومەتی عێراق، دواتر لە بودجەی گشتی عێراق ئەو ژمارانە لە پشكی حكومەتی هەرێم حسابیان بۆ دەكرێت مانگانەش لیژنەیەكی وردبینی حكومەتی عێراقی دێن و بەدواداچوون بۆ ئەو ژمارانە دەكەن”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this